دەنگدەری توركمانی كەركووك، لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگار و پەرلەمانی عێڕاق، زۆر گرنگە، وەكوو چۆن كورد لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ئیستانبۆڵ، كلیلی سەركەوتنی هەر بەربژێرێكە، توركمانیش بەهەمان شێوەیە. وەكوو چۆن كورد قورساییەكی زۆری لە ئیستانبۆڵ هەیە، بەڵام زۆرینە نین، توركمانیش قورساییەكی زۆری هەیە و زۆرینەی كەركووك نییە، وەلێ دەنگی ئەوان بۆ كورد تا ئەوپەڕی گرنگە.
ئاكەپە، پارتێكی توركییە، بەڵام توانیویەتی جێگەی خۆی لەناو دڵی كوردانی باكووردا بكاتەوە، بۆیە تاوەكوو ئێستاش 50% ی باكوورییەكان دەنگ بەو پارتە دەدەن، جا ئەگەر ئاكەپە ئەوەی پێ بكرێت، ئەی بۆچی پارتی پێی ناكرێت؟
پێموایە پارتی دەتوانێت موخاتەبەیەكی باشی توركمانەكانی كەركووك بكات، چونكە وەكوو ئەوەی شارەزاییم هەیە و بۆ خۆم خەڵكی كەركووكم و لەوێ لەدایك بووم و ئێستا خزمانم لەوێ زۆر هەن، توركمانەكان مەیلیان بەلای پارتیدا هەیە، چونكە دەبینن لە هەولێر توركمانەكان رێزی زۆریان دەگیرێت و هیچ جیاوازییەكیان لەگەڵ كورددا نییە، بۆیە ئەمە ئەوانی هان داوە تا لەو پارتە نزیك ببنەوە.
بەڵام پارتی وەكوو پێویست نییە بۆ موخاتەبەی توركمانی كەركووك، بەڵكوو زیاتر رووی لە دەنگدەری كوردە، راستە دەنگدەری كورد گرنگە و كۆڵەكەی سەركەوتنە، بەڵام ناكرێت دەنگی توركمانیش بەهەند وەرنەگیرێت.
بۆیە ناڵێم یەكێتیش دەبێت لە توركمان نزیك ببێتەوە، چونكە توركمانەكان زیاتر لە هەولێر دەژین و نموونەی رێز و مامەڵەی پارتیان بینیوە، ئەگەر لە سلێمانی توركمان هەبایە، بەدڵنیاییەوە داوام لە یەكێتیش دەكرد لە توركمان نزیك ببێتەوە.
نزیكبوونەوەی كورد لە توركمانەكانی كەركووك واجیبە، چونكە بتوانیت دڵی توركمان رابگریت و بۆ لای خۆتی رابكێشیت، ئەمە هەنگاوێكی گرنگە تا بتوانیت كەركووك بخەیتە سەر هەرێمی كوردستان. بۆ خۆم لەوبڕوایەدام، تا كورد لە كەركووكدا توركمانەكان لە خۆی نزیك نەكاتەوە، ئەو شارە ئەستەمە بگەڕێتەوە سەر هەرێم.
دەبێت بە توركمانەكان بگوترێت، ئەگەر كەركووك بگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان، ئێوە دەبن بە دووەم نەتەوە لە هەرێم و مافی زیاترتان دەبێت و لەناو دام و دەزگاكانی حكوومەتیشدا رۆڵی گەورەترتان دەبێت. وەكوو چۆن كورد دووەم نەتەوەی عێڕاقە و سەركۆمار لە كوردە، ئەگەر ئێوەش بگەڕێنەوە سەر هەرێم، رەنگە سەرۆكی پەرلەمان بۆ ئێوە بێت، یان هەر پۆستێكی تری سیادی گەورەی هەرێم.
پارتی، لە هەولێر سەركەوتوو بوە لەوەی توركمانەكان لەخۆی رازی بكات، بەڵام بۆ كەركووك كەمتەرخەمە، رەنگە وەكوو پێویست راپرسییان نەكردبێت ئاخۆ دەنگدەری توركمان تا چەند مەیلی بەلای پارتیدا هەیە؟ ئەگەر بتوانن لەم هەڵبژاردنەدا 10%ی دەنگی توركمان بەدەست بهێنن، ئەمە خۆی لە خۆیدا سەركەوتنە، رێگە خۆش دەكات تا لە هەڵبژاردنەكانی تردا رێژەكە زیاتر بەرز بكەنەوە.
بۆ ئاكەپە بۆی بكرێت 50%ی دەنگی كوردانی تەواوی توركیا بۆ خۆی مسۆگەر بكات، بۆچی پارتی و كورد بۆیان نەكرێت دەنگی توركمانەكان بۆ لای خۆیان رابكێشن.
بڕۆ دەمی هەر توركمانێك دەكەیتەوە، لە بەرەی توركمانی ناڕازییە و گلەیی لێدەكەن، تەنانەت لە هەڵبژاردنی پێشووتری پەرلەمانی عێڕاقدا، هەزاران دەنگدەری توركمان نەچوونە سەر سندوقی دەنگدان، بۆ ئەم هەڵبژاردنەش هەزاران توركمان ناچنە سەر سندوقی دەنگدان و دەنگ بە بەرەی توركمانی نادەن، بۆیە گرنگە ئەو دەنگانە لەبەرژەوەندی كورد بقۆزرێتەوە.
هەموومان دڵمان لەسەر دەستمانە تا ئەنجامی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی كورد كۆتایی پێ بێت و پارتە كوردییەكان بتوانن 9 كورسی بەدەست بهێنن و ئیدی پارێزگارێكی كورد شارەكە بەڕێوە ببات و ئەمجارەیان حیسابی تایبەت بۆ توركمان بكرێت و هەست بكەن لە كورد زیاتر هیچ لایەنێك پشت و پەنایان نییە، كە لەڕاستیشدا هەروایە.