دواین هەواڵ

ناکۆکی و شەڕی ناوخۆی باشور و شێواندنی ئەزموونی دیموكراسی هەرێم

‌ئەبوبەكر كاروانی

29/11/2023

ناکۆکی و شەڕی ناوخۆی باشور سرووشت و وێرانکاری

ناكۆكی‌ و شەڕی ناوخۆی نێوان هێزەکانی باشور، بەتایبەتیش لەدوای راپەڕین‌ و هاتنە كایەی ئەزموونی حوكمڕانی خۆماڵی لە باشوری كوردستاندا ، زەبری گورچكبڕی لە دیموكراسی تازە سەرپێكەوتووی هەرێم دا. نەیهێشت ئاڵوگۆڕی دیموكراسی وەك ئەوەی پێویستە بێتەدی‌ و دابڕان لەگەڵ رابردووی بە زەبر‌وزەنگ قانگدراودا ئەنجام بدەین!

ئەزموونی دیموكراسی هەرێمیش هاوشێوەی كایە‌و پرۆسەكانی تر، دووچاری شێوان‌ و لەڕێلادانی جۆراوجۆر و ترسناك هات. بەڵگەی ناوێت لە وڵاتێكدا ، پرۆسەی نیشتمانی‌ و گەلسازی‌ و خەمڵاندنی نێوەرۆكی چەمكی هاوڵاتێتی ئازاد‌ و یەكسان دووچاری كێشە‌و شێواندن ببێت، دیموكراس دووچاری شێوان و بەشکڵیبوون دەبێت، بە حوكمی ئەوەی، لەسەر ئاست و ئەندازەی، گەشەكردن‌ و دروستی‌ و بەهێزی ئەوان وەستاوە، بەحوکمی ئەوەی ئەو ژێرخان و چوارچێوە بەهایی و دامەزراوەیی و سیاسی و قانونیە پێکدەهێن، دیموکراسی بۆ مانەوەو هێنانەدی مەرجەکانی گەشەکردنی خۆی پێویستی پێیەتی، لەو سۆنگەوە کە دیموکراسی چەندین پێشمەرجی پێویستە بۆ سەركەوتن ‌و كامڵبوون ‌و بە بەهاییبوون، لەوانەش:

1- بەهێزی دام ‌و دەزگاكانی دەوڵەت‌ و توانای بەردەوام بوونیان‌ و پاراستنی كارایی‌ و بەهێزیان لەبەردەم دۆخە جۆراوجۆرەكاندا. هەروەها پایە‌و دەستکەوت و مافەكان تیایدا، واتە لە دەوڵەتدا، لەسەر بناغەی بەرژەوەندی كەسی ‌و گروپی‌ و ناوچەیی دابەش نەکرێن بەڵکو هەموو ئەو شتانە بەگوێرەی یاسا‌و پێوەری یەكسان بن و شایستەگی و دادپەروەری و لێهاتوویی و پێویستی پێوەر بن.

2- بوونی ئەو دام‌ و دەزگایانە ‌و كەش‌ و هەوایەی، بەشداریكردنی سیاسی هاوڵاتیان ‌و چاودێریكردنیان بەسەر پرۆسەی سیاسی ‌و جوان بەڕێوەچوونی، دێنێتە دی. ئەوەش، بەپێی خۆی هەڵبژاردنی پاك ‌و بێگەرد، دژایەتی گەندەڵی ‌و بوونی فرەیی ڕاستەقینە‌ و ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات دەگرێتەخۆ‌و دەخوازێت، بێ‌ ئەوەی، بەهۆی ئەوەشەوە، دام‌و دەزگاكان دووچاری شڵەژان ‌و هەرەسهێنان‌ و ئامانج پێگۆڕین ببنەوە.

3- سەروەری یاسا: بەو واتایەی كەس بە حوكمڕان ‌و هاوڵاتیانەوە لەسەرو یاساوە نەبێت. یاسا مۆركی گشتی هەبێت‌ و وەك یەك بەسەر هەموواندا جێبەجێبكرێت. سەروەری یاساش جگە لەوەی سەقامگیری سیستم دەپارێزێت، دەستەبەری ماف ‌و ئازادی هاوڵاتیانیش دەكات.

4- زاڵبوونی كلتوری پێكەوە هەڵكردن ‌و لێبوردەیی ‌و رێزگرتن لە مافی جیاوازبوون ‌و دەستەبەرکردنی ئازادی تەواوی هاوڵاتیان، بۆ هەڵبژاردنی هەر هێز‌ و تێز‌ و بەرنامەیەك، دڵخوازی خۆیان بێت، بێئەوەی لەکاتێکدا سوود لەم مافە سرووشتیەی خۆیان دەبینن، لە دەرهاویشتەی ئەم بڕیارە بۆ سەر ماف ‌و ئازادەكانیان بپرسن و بترسن. كە ئەوەش بێ‌لایەنی دام‌ و دەزگا گشتیەكان‌ و هێزی چەكدار دەخوازێت.

بە سەیركردنی ئەو پێشمەرجانەی سەرەوە، بە ئاسانی لەوە تێدەگەین، كە پرۆسەی دیموكراسی هەرێم، بەدەست كۆسپ‌ و كێشەی كوشندەوە دەناڵێنێت. پێشمەرجەكانی سەركەوتنی ئاڵوگۆڕی دیموكراسی بە كاڵ‌ و كرچی ‌و سنوورداری ئامادەن و دۆخەکە لە بازنەیەکی داخراودا دێت و دەچێت و هەندێ جاریش بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە! هەر بۆیە زۆرینەی هاوڵاتیانی هەرێمەكە‌ نائومێدن لەوەی هەڵبژاردن و پرۆسەی سیاسی ‌و ئەزموونە دیموكراسیەكە توانای دەستكاریكردنی دۆخە نەخوازراوەكەیان هەبێت.

ناكۆكی ‌و شەڕەكان كە لە پشت دابەشكردنی هەرێم‌ و بە حیزبی مانەوەی هێزەكان ‌و نەبوونی سەروەری یاسا‌و دام‌ و دەزگای لاوازی قەڵەمڕەوییەوەن، كارێكیان كردووە، ئەزموونە دیموكراسیەكە ئەگەر بۆ دواوە نەگەڕێتەوە، بۆ پێشەوە نەچێت.

دۆخی هەرێم زۆر كەم نەبێت، رێگە بە هەڵبژاردنی پاك‌ و بێگەرد، بێ‌ لایەنی هێزەكان ‌و دام‌ و دەزگاكانی حكومەت‌ و ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات نادات. چونكە لە سایەی بوونی هێزی چەكداری حیزبیدا ، كێبركێی دیموكراسی سنوردار ‌و مەرجدار دەبێت، لە بازنەیەكی داخراودا دەسوڕێتەوە، رێگە بە بەدیهاتنی ئاڵوگۆڕ‌ و چاكسازی‌ و دووبارە بیناكردنەوەی سیستم‌ و بەشداریەكی سیاسی ڕاستەقینەی هاوڵاتی نادات.

لەبەرئەوەی ئەو قسە ڕاستە، سەرەنجام ئەو پێوەر‌ و هۆكارانەی پێگە‌و ڕێگەی هێزێك دیاریدەكات، بە پلەی یەكەم ڕێژەی دەنگ ‌و ژمارەی كورسی ‌و قورسایی جەماوەری نیە، بەڵكو هێزی چەكدار ‌و پارە‌و پەیوەندیەكانە!

هەر بۆیە، لە سایەی نەبوونی دەسەڵاتێكی یەكگرتوو بەهێز لە هەرێمدا، دامەزراوەی نیشتمانی بەهێز ‌و دەستوور ‌و كۆمەڵگەیەكی سیاسی ڕوون‌ و رێكخراو بە شێوەیەكی سەردەمیانە، هەڵبژاردن، ڕۆڵی میكانیزمێكی دیموكراسی نابینێت‌ و ئەو بەرەنجامەی لێناكەوێتەوە كە پێویستە لە هەڵبژاردنی دیموكراسی بكەوێتەوە. چونكە لە جەوهەردا ئەوەی هەیە دیموكراسی نیە، بەڵكو پەراوێزێكە لە دیموكراسی، لە ئەزموونێكی دیموكراسی لەم جۆرەشدا، هەڵبژاردنەكان ناكۆكیە تەقلیدیەكانی كۆمەڵگە فراوانتر دەكەن. یەكێتی ناوەكی كۆمەڵگە زۆرتر دەكەوێتە بەر مەترسیەوە، هەرێمی كردۆتە مەڵبەندێ‌ بۆ ئێكسپایەربوونی هێز ‌و دروشم ‌و پرۆژە‌و كەسێتی سیاسی ریفۆرم‌ و گۆڕانخواز، زۆرینەی كۆمەڵگەش نائومێد بووە لەوەی لە رێگەی بەشداری سیاسی‌ و هەڵبژاردنەوە بتوانێت كۆتایی بەم دۆخەی ئێستا بێنێ‌، چونکە باسکردن لە بەدیهاتنی دۆخ و چاوەڕوانییەکی لەو جۆرە، لەسایەی نەبوونی دەسەڵاتێکی ناوەندی، هەرێمێکی یەکگرتوو، ناسنامەیەکی هاوبەشی نیشتیمانی کۆکەرەوەو خەمڵینی چەمکەکانی گەل و هاووڵاتی، بوونی دەستوور، بەنیشتیمانیبوونی چەك و هێزە چەکدارەکان، لەڕووی زانستیەوە لەجێی خۆیدا نییە.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP