بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی 14ی ئایار، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، ویستی هەبوو ئەو بڕگەیەی دەستوور لابدات، كە دەڵێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، پێویستە بەربژێر 50+1 بەدەست بهێنێت، بەڵام ئەوكات مەهەپەی هاوپەیمانیی دژایەتی ئەو هەوڵەی ئەردۆغانی كرد، بۆیە بەشێوەیەكی كاتی دەستكاری ئەو بڕگەیەی نەكرد، ئێستا دووبارە ئەردۆغان، دەیەوێت دەست بۆ ئەو بڕگەیە ببات و 50+1 بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی نەهێڵێت.
یەكێك لەو بەربەستانەی هاتووتە پێش ئەردۆغان، 50+1 ە، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، چونكە دەزانێت هەرگیز ناتوانێت لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردندا ئەو رێژە دەنگە بەدەست بهێنێت. بینیمان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی 14 ی ئایار، ئەردۆغان نەیتوانی ئەو رێژە دەنگە بهێنێت، بۆیە هەڵبژاردن كەوتە گەڕی دووەم.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كەوتووەتە دەست چەند میدیایەكی توركیا، ئەردۆغان و پارتەكەی، دەیانەوێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، 50+1 نەهێڵن و لە بری ئەو رێژەیە 40+1 بێت، یانیش هەر بەربژێرێك زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا، بتوانێت ببێتە سەرۆكی توركیا.
بەڵام بۆ گۆڕینی ئەو بڕگەیە، ئەردۆغان پێویستی بەدەنگی هاوپەیمانەكەی مەهەپەیە، كە لە ئێستادا دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەیە، لەگەڵ ئەوەدا نییە دەستكاری ئەو بڕگەیە بكرێت، بەڵام كاتێك ئەردۆغان، لە ئەڵمانیا گەڕایەوە، لەناو فڕۆكە قسەی بۆ رۆژنامەنووسان كرد و لەوێدا بەئاشكرا رەخنەی لە 50+1 گرت و گوتی، ئەمە زیانی زۆری لە توركیا داوە دەبێت بیگۆڕێن بەو شێوەیەی لەگەڵ توركیادا بگونجێت.
توركیا لە سەروبەندی نووسینەوەی دەستوورێكی تازەیە، چونكە پێیانوایە ئەو دەستوورە لەژێر سێبەری كودەتادا نووسراوە، واتە كودەتای 1980، بۆیە دەبێت گۆڕانی بەسەردا بێت، بەڵام لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنی توركیا، بەتوندی دژی گۆڕینی دەستوورن، كە ئاكەپە و مەهەپە بینووسنەوە، ئەوان پێیانوایە دەبێت لە دەستووری تازەدا هەموو پارتەكان رۆڵیان هەبێت.
هەدەپ، كە خاوەنی 62 كورسی پەرلەمانە، بەئاشكرا دەڵێن دەستوورێكمان ناوێت تاكڕەوی لە توركیا دروست بكات، بەڵكوو دەبێت دەستوورێك بێت مافی هەموو پێكهاتە و نەتەوەكانی توركیای تێدا مسۆگەر بێت.
ئەردۆغان، بۆ گۆڕینی دەستووری توركیا، پێویستی بەدەنگی مەهەپەیە تا بتوانێت بە زۆرینە لەناو پەرلەمان تێپەڕێت و بخرێتە ریفڕاندۆمەوە، بەڵام بۆ ئەوەی دەستووری تازە نەخاتە ریفڕاندۆمەوە، دەبێت لە كۆی 600 كورسی 400 كورسی هەبێت، بۆ ئەمەشیان دەبێت روو لە پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان بكات، بەتایبەت هەدەپ و پارتی خاس، ئەمەش بۆ ئەردۆغان قورسە.
بەگوێرەی زانیارییەكان، رەنگە ئەردۆغان بۆ رازیكردنی ئۆپۆزسیۆنی توركیا، سیستەمی سیاسی توركیا بكاتە نیمچە سەرۆكایەتی، وەكوو سیستەمی سیاسی فەڕەنسا، كە سەركۆمار و سەرۆك وەزیران، دوو دەسەڵاتی جیایان هەیە و دەسەڵاتەكانیش دابەش كراون،
بەو مانایەی، سەركۆمار هەموو دەسەڵاتێكی لەدەست نەبێت، بەڵكوو سەرۆك وەزیرانیش رۆڵی هەبێت و بتوانێت دەسەڵاتی خۆی بەكاربهێنێت، بەڵام نەك رێك وەكوو سیستەمی فەڕەنسا، بەڵكوو سیستەمی نیمچە سەرۆكایەتی توركی بێت و لە هیچ وڵاتێك نەچێت.