سبەی ڕۆژی هەشتی مارسە ، ڕۆژێکە بۆ ژن!!!! ئێستا تۆ لەمە ناگەیت ،کە دەینووسم ، بەڵام ڕۆژێک دێت دەبیتە نەونەمامێک ، گوڵێکی خەمڵیو و ئافرەتێکی کامڵ ، ئەمەی دەیڵێم ئامۆژگاری نییە تەنها ئەزموونی ئافرەتێکی ترە ، کە کەشتی ژیانی بە زۆر وێستگەدا تێپەڕیوە زۆر حکایەتی بیستوە و هەندێکیشیان بۆی خاڵیوەرچەرخان بووە و هەندێکیشیان چیرۆکی بەردەم ئاگردان بوون بیریشت نەچێت ، گەر تەمەن بوار بدات هێشتا شتگەلێک ماون لە گەشتەکەمدا بیبینم ، بەڵام ئەمجارە تەنیا نابم پێکەوە ئەزموونی مێینەبوون دەکەین
گوڵئەندامەکەم
ڕۆژێک نییە تایبەت بێت بە ژن ، چونکە ژن یادێک نییە بیربکەوێتەوە و ئاهەنگی بۆ بگێڕێت ، ژن تەلیسمێکە هەزارەها خوێندنەوەی بۆ دەکرێت هەریەک لە گۆشەنیگایەکەوە لێیدەڕوانێت بەڵام ئەمانە هیچی ژن نین ، ماهیەتی ژن زۆر گەورەترە لەوەی بە ڕۆژەکان بپێورێت یان بە زۆر مافەکانی لە ڕۆژێک بئاخنرێت ، چییەتی ژن لە مرۆڤبوونیدایە ، لە چاکەی بوونیدایە لەوەدایە بتوانێت خۆی بێت بێئەوەی بچێتە قاڵبی ئەوانی ترەوە .
ڕۆژ دڵەکەم
ئافرەتی ئەم وڵاتە بە هەموو جۆرێک لە زیندانە کەمن ئەوانەی دەتوانن وەک ئەوەی، کە دەیانەوێت، بژین بتوانن بە پێوە بمێننەوە و نەچەمێنەوە ، لێرە دۆزەخی کلتور و سیاسەت و ناهوشیاری تاک ژنی سیخناخ کردوە جا یەکێک خۆی دەکات بە قوربانی یاسا و ڕێسا کۆمەڵایەتی و.....هەتادواییەکان و یەکێک بەناوی ئازادی شۆڕشێکی موزەیەف بەرپادەکات و یەکێکی تر جەستەی خۆی دەکات بە قەقنەس و هەرگیز لەخۆڵەمێشەکەی هەڵناستێتەوە ..
نارگوڵەکەم
هەموو یادەکان ناتوانن شتێک لە ئازاری ژنەکان کەمبکەنەوە یاخود ناتوانن خۆشییەک بخەنە سەر ماندووبوونەکانی تەنها کاتێک دەتوانیت بەر ئافرەتێتی خۆت بکەویت ، کە ئەقڵت تەجەلای کردبێت ، کە ڕۆحت لەگەڵ خۆت لە ئاشتیدا بێت ، ئەزانم ئەمە گرانە و لێناگەرێن بە سانای لەدایکببێت ، بەڵام دەبێت تۆ لە بارودۆخەکان بەهێزتربیت ڕۆژەکان بخەیتە ژێر دەسەڵاتی خۆت ئازارێک و دوان کۆڵتپێنەدەن ، چونکە تۆ ئافرەتیت و تۆ هەیت بۆی خۆتبیت.
چەمانەکەم
ژیان ئەزموونێکی گرانە جوانی بکە بە بوونی چاکت ، خۆش بژی و چرکەکان لە دەستمەدە ، هیچ شتێک مەحاڵ نییە و تەنها بڕیاربدە ئەوانیش ملکەچت دەبن ، ڕێگاکان بگۆڕە کە ناتگەیەننە ئەنجام، هەموو ڕۆژێک بدرەوشێرەوە وەک ئەوەی کۆتا جار بێت ، ئەگەر ژیان ئەسپێکی سەرکێش بوو بە خۆشی و ناخۆشییەکانییەوە تێیبگەیەنە دەستە نەرمەکانت و هزرە پڕ هۆشەکەت دەتوانێت ڕامیبکات ، چونکە تۆ ئافرەتیت .