دواین هەواڵ

بانگدان بەزمانی توركی كەی كۆتایی پێهات؟ ئەتاتورك بانگدانی بەزمانی عەرەبی قەدەغە كرد

‌كارزان گلی

26/09/2023

لە توركیا تا ساڵی 1950، بانگدان بە زمانی توركی بوو، لە هیچ مزگەوتێكی توركیادا هیچ مامۆستایەكی ئایینی بۆی نەبوو بە زمانی عەرەبی بانگ بدات، ئەمەش نیگەرانیی لەلای بەشێكی زۆری ئایندارەكانی توركیا دروست كردبوو.

موستەفا كەمال ئەتاتورك، یەكەم سەركۆماری توركیا، لە ساڵی 1932، بڕیاریدا بەهیچ شێوەیەك بانگدان بەزمانی عەرەبی نەبێت، بەڵكوو دەبێت بەزمانی توركیا بانگ بدرێت، بڕیارەكەش چووە بواری جبەجێكردن، بەڵام ئاییندارەكانی توركیا، بەردەوام رەخنەیان دەگرت و پێیانوابوو، ئەمە سووكایەتییە بە ئیسلام، چونكە لە ئایینی ئیسلامدا، بانگدان تەنیا دەبێت بەزمانی عەرەبی بێت، بەڵام ئەتاتورك، لەبەر ئەوەی هەستی توركیایەتی بەسەریدا زاڵ بوو و هەروەها نەتەوەی تورك و زمانی توركی پێ لە عەرەب لەپێشتر بوو، بۆیە گوتی، دەبێت بانگدان بەزمانی توركی بێت، چونكە ئیسلام تەنیا بۆ عەرەب نییە و بۆ توركیشە.

لەدوای مردنی ئەتاتورك و لەساڵی 1945، پارتە سیاسییەكانی توركیا بەردەوام لە كاتی پروپاگندەی هەڵبژاردندا، دووچاری رەخنەی خەڵك دەبوونەوە، بەوەی چۆن دەبێت بانگدان بەزمانی توركی بێت، جەلال بەیار، دامەزرێنەری پارتی دیموكرات، لەناو جەماوەر بێدەنگی هەڵدەبژارد و لەوڕووەوە قسەی نەدەكرد، بەڵام عەدنان مەندەریس، بەپێچەوانەوە بە خەڵكی دەگوت ئەمە چارەسەر دەكەین.
لە 1950، بانگدان بەزمانی توركی هەڵگیراو گوتیان دەبێت بكرێتەوە بەعەرەبی، بەڵام بڕیارەكە نەچووە بواری جێبەجێ كردن.

لەناو پەرلەمانی توركیا پڕۆژەیاساكە تێپەڕی، بەڵام هەموو ئەو رۆشنبیر و نووسەرانەی سەر بە پارتی دیموكرات بوون، بەهۆی گێڕانەوەی بانگدان بەزمانی عەرەبی، وازیان لە پارتی دیموكرات هێنا، بەڵام دەكرێت بڵێین ئەمە خاڵێكی وەرچەرخان بوو بۆ پارتی دیموكرات، چونكە ئاییندارەكانی لەخۆی نزیك كردەوە و بووە هۆی ئەوەی لە هەڵبژارندا بیبەنەوە و زۆرینەی پەرلەمان بەدەست بهێنن و حكوومەت پێكبهێنن.

مەندەریس زۆر بەپەلە بوو تا لە مانگی رەمەزانی 1950، ئیدی بانگدان ببێتەوە بە عەرەبی، بەڵام جەلال بەیار، كە ئەوكات سەركۆمار بوو و دەبوایە یاسایەكە واژووی ئەوی بەسەر بێت و بچێتە واری جێبەجێ كردن، واژووی نەكرد و پڕۆسەكەی راگرت، ئەمەش ساردییەكی زۆری لە نێوان مەندەریس و بەیاردا دروست كرد.

مەندەریس، وەكوو هەڕەشەیەك لە بەیار، نامەی دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەش كرد، ئەمەش بەو مانایە دەهات، كە دەسەڵات لەدەستی منە و كاتێك رێگریم لێ بكەیت، دەستلەكاردەكێشمەوە و ئیدی پارتێكی تر دادەمەزرێنم.

بەیار بەو نامەیە زۆر پەشۆكا و ترسی لێنیشت، كە توركیا بشڵەژێ و خۆپیشاندان دەست پێبكات، بۆیە بەپەلە ناردی بەشوێن بەیاردا و گوتی دەبێت بێیتە كۆشك لە ئەنكەرا، ئەوكات مەندەریس لە مێرسین بوو. كاتێك مەندەریس گەیشتە ئەنكەرا، لە فڕۆكەخانە، بەیار بۆ خۆی و تیمێكی گەورە پێشوازیان لێ كرد و مەندەریس دەستی بەیاری ماچ كرد و ئیدی گرژی نێوانیان كۆتایی پێهات و بەیار واژووی لەسەر بانگدان بەزمانی عەرەبی كرد، بۆیە ئیدی بانگدان بەزمانی توركی لە تەواوی مزگەوتەكانی توركیا هەڵگیرا و بووەوە بە عەرەبی.

وەكوو ئەوەی باس دەكرێت، نێوانی سوپا و پارتی دیموكرات، لەوكاتەوە تێكچوو و ناكۆكی كەوتە نێوانیان، كە بڕیاری ئەتاتوركیان هەڵوەشاندەوە و بانگدانیان كردەوە بەعەرەبی، رەنگە هەر ئەوەش یەكێك بێت لەو هۆكارانەی كە لە 1960، كودەتا بەسەر حكوومەتی عەدنان مەندەریس كرا و بۆ خۆی و دوو وەزیر لە سێدارە دران.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP