دواین هەواڵ

بەهاری ڤیاگرا

‌كارزان گلی

09/08/2023

رەنگە زۆربەتان ئەم ناونیشانەی سەرەوەتان پێ نامۆ بێت، حەقی خۆتانە وا بیر بكەنەوە، ئاخر منیش سەرەتا وامزانی ڤیاگرا و دیموكراسی زۆر لە یەكەوە دوورن، بەڵام دوای خوێندنەوەی وتارێك گەیشتمە ئەو بڕوایەی بۆ ئەوەی دیموكراسی بەرهەم بێت، زۆرجار ڤیاگرا دەتوانێت شۆڕشێكی گەورە بەرپا بكات، بەبێ ئەوەی میللەت راپەرێت.

یاڵچن دۆغان نووسەری دیاری توركیا، لە وتارێكدا باس لە پەیوەندی نێوان دیموكراسی و ڤیاگرا دەكات. ئەو نووسەرە نموونە بە وڵاتی نێجیریا دەهێنێتەوە، كە ڤیاگرا توانیویەتی لە رژێمێكی دكتاتۆر رزگاریان بكات و دیموكراتی بەرهەم بێت.

نێجیریا ژمارەی دانیشتوانەكەی ٢٠٦ ملیۆن كەسە، هاووڵاتیانیان تا ئاستێك ژیانیان خۆشترە لە وڵاتانی تری ئەفریقی، ئەویش بە هۆی لەناوچوونی دكتاتۆرێك.

جەنەڕال (سانی ئاپاچە)، وەكو سەرۆكێكی دكتاتۆری نێجیریا ناوی دەركردبوو و، تا بۆی كرا خەڵكی چەوساندەوە، بەڵام ڤیاگراش ئەوی چەوساندەوە.

دۆغان لە وتارەكەیدا، باس لە ساڵی ١٩٩٨ دەكات، كاتێك سانی ئاپاچە ویستویەتی لەگەڵ ٢ ئافرەتی هیندی سێكس بكات، پەنای بۆ بەكارهێنانی حەبی ڤیاگرا بردووە و بەشێوەیەكی بەرچاو حەبی ڤیاگرای خواردووە تا فریای هەردوو ئافرەت بكەوێت، بەڵام بە هۆی خواردنی حەبەوە دەمودەست گیان لەدەست دەدات.

ئەم گیان لەدەستدانە ناوی لێ دەنرێت (بەهاری ڤیاگرا)، ئاخر ڤیاگرا بووە هۆكاری ئەوەی نێجیریا دوای سانی بچێتە ناو هەڵبژاردنێكی دیموكراتی و داهاتی تاكیش بۆ ٣٧٠ دۆلار بەرز بووەوە. راستە ئێستا هاووڵاتیانی نێجیریا لەوپەڕی خۆشگوزەرانی نین، بەڵام دوای سانی هەناسەی ژیانیان هەڵمژی و تا ئاستێكی باش دیموكراتی بەرهەم هات و رێژەی بێكاریش كەمبووەوە.

ئەم نەخۆشی سێكسییە لە لای سیاسییەكاندا مێژوویەكی درێژی هەیە، هەر بۆ نموونە سەرۆكی گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیا بە هۆی ئەوەی لە گرتەیەكدا لەگەڵ ئافرەتێكدا بە رووتی دەركەوت كە سكرتێری خۆی بوو، لە توركیا دەنگی دایەوە و ناچار بە دەستلەكاركێشانەوە كرا، ئەو كەسەش دەنیز بایكال سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) بوو.

زۆرجار سیاسییەك نەیتوانیوە كۆنتڕۆڵی لایەنی سێكسی خۆی بكات، بۆیە كاتێك لێی ئاشكرا بووە، كۆتایی بە ژیانی سیاسی هاتووە.

بڕوام بەو بۆچوونە نییە، كە دەڵێت ئاساییە سیاسییەك سێكس لەگەڵ سكرتێرەكەی یان هەر كەسێكی تردا بكات و پاشان لێی بڵاوبكرێتەوە چونكە (بابەتی كەسییە)، ئەمە بۆ كەسێكی ئاسایی دەچێتە چوارچێوەی (بابەتی كەسی)، بەڵام سیاسییەكی گەورە نەتوانێت كۆنتڕۆڵی لایەنی سێكسی خۆی بكات و بە هاوسەرەكەی خۆی تێر نەبێت، شایەنی ئەوە نییە هیچ بەرپرسیارەتییەكی هەبێت.

ئەوانەی خۆشمان، بەشێكیان كاتێك لە شاخ هاتنەوە، لەبری ئەوەی دەست بەشۆڕشەوە بگرن و پلان دابنێن كە دوای شۆرش چۆن خۆشگوزەرانی بۆ گەل بەرپا بكەن، كەچی كردیانە دوو هاوسەر و سێ هاوسەر، هەیە هاوسەرەكەی بە كچی دەشێت، بەڵام بەشانازییەوە سەرجێیی لەگەڵدا دەكات، ئی خۆ ئێمە نازانین و لەگەڵیان نین، رەنگە ئەوانیش هەر وەكوو سانی ڤیاگرایان بەكارهێنابێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP