دواین هەواڵ

تەنیا کارت بۆ پاراستنی ڕادەی نزمی پشکی هەرێم لە بودجەی دەوڵەتی عێڕاقدا، یەک هەڵوێستیی کوردستانییە!

‌كاوە محمود

30/05/2023

ماراتۆنی ململانێ سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی دەوڵەتی عێڕاقدا، بەشێکە لە ناکۆکی سیاسی سەبارەت بە شوناسی پرۆسەی سیاسیی، کە بیست ساڵ بەسەریدا تێپەڕیوە و دەقەکانی دەستوری ساڵی 2005ی دەوڵەتی عێڕاق، نەک بەڕوونی توانای یەکلاکردنەوەی کێشەکانی نەبووە، بەڵکو بەشێکی تەواوی ماددەکانی خودی ئەو دەستوورە لەلایەن دەسەڵاتدارانی بەغدا جێبەجێنەکراوە.

سیناریۆی باسکردنی ماف و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لە سایەی حوکمی دەوڵەتی فیدڕاڵیدا، لەسەرەتاوە بە زنجیرەی ناڕەزاییەکان دژ بە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتی ناوەندەوە دەستپێدەکات و، دواتر دوای هەر دانوستانێکی نێوان حکومەتی عێڕاق و حکومەتی هەرێم، کە کار بگاتە ڕێکەوتنی سیاسی، ئەوا مارتۆنی ونکە درووستکردن لە جێبەجێکردندا و هەڵوەشاندنی ڕێکەوتننامەکان سەرهەڵدەدا، هەروەک بابەتی ناردنی پشکی دوو سەد ملیارەکەی ساڵانی پێشتر، کە لە ساڵێکدا دوو یان سێ جار دەنێردرا و، کاتێکیش سەرۆک وەزیران قایل دەبوو، وەزیری دارایی لەمپەری دادەنا و، مەسەلەکەش دەگەیشتە کۆسپدانانی بەرێوبەرێکی گشتی و بەرپرسی بانک و، دەرەئەنجام ئەندامێکی پەرلەمانی نەتەوە و تایفەی زۆربە لە دادگای ئیتحادی سکاڵای دەکرد و، بڕیاڕەکانی دادگای ئیتحادیش وەک چەکوشی ئامادەکراو بەسەر هەرێمی کوردستاندا بەرزدەکرایەوە.

سیناریۆی ئەم جارەی پشکی هەرێم لە بودجەی عێڕاقدا دوای بڕیاڕی دادگای پاریس، ڕێکەوتنی هەردوو حکومەتی عێڕاق و حکومەتی کوردستانی لێهاتەکایەوە و، هەرچەندە حکومەتی هەرێم دانبەوەدانانێت، کە بڕیاری دادگای پاریس و ڕێکەوتنی نوێ بۆ فڕۆشتنی نەوت کە تا ئێستا نەفرۆشراوە و، پشکی هەرێم پاشەکشەیە و، کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستانە، بەڵام دەسەڵاتدارانی بەغدا لەوەدەچێ بەو پاشەکشەیەش قایل نەبن و، لەسەر ڕێبازی کارکردن بۆ سەپاندنی خولیای ناوەندیتی ڕەها لە حوکمی دەوڵەتی عێڕاق بەردەوامن و، ئەمجارەش حکومەتی ناوەند هەروەک ڕەفتاری جارانیان، لەسەرەتاوە بەو پەڕی پشەدرێژی دانوستان دەکات و لە چوارچێوەی هاوسەنگی هێزەکان و بە ڕچاوکردنی فشاری جۆراجۆریش ڕێکەوتن دەکات، بەڵام کاتێک کار دەگاتە جێبەجێکردن، مانۆرەکان لە لێژنە تایبەتمەندییەکان و لە دانیشتنەکانی پەرلەمان دەستپێدەکات و، کار بۆ پڕگە لادان و پڕگە زیادکردن دەکرێت، هەروەک لە قانوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان سەبارەت بە هەڵبژاردن لە کەرکوک کردیان.

ئەم لۆجیکەی دەسەڵاتدارانی بەغدا لە بابەتی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی دەوڵەتی عێڕاقدا دووبارە کرایەوە و، هەرچەندە ڕێکەوتن لە نێوان هەردوو ئەنجومەنی وەزیرانی عێڕاق و هەریمی کوردستان کرا، کە ئەمەش تەواوکەری بابەتی پێکهاتنی حکومەتی نوێی عێڕاق و بەشداری لایەنە سیاسییەکانی کوردستانە تیایدا، بەڵام خودی پەرلەمانتارانی حوکمران لە لێژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق، کۆمەڵێک خاڵ و مەرج و لەمپەریان لەبەردەم دەسەڵاتی حکومەتی هەرێَمی کوردستان لە بەکارهێنانی پشکی هەرێم لەو بودجەیە داناوە، کە کرۆکی ئەو خاڵانە بریتییە لە وشککردن و کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوەی ئابووری و، مامەڵەکردن لە گەڵ هەرێمی کوردستان وەک پارێزگایەک و، چەمکی فیدڕالیش لە دەوڵەتدا دەکا بە حوکمە زاتییە کارتۆنییەکەی سەردەمی بەعس.

بەو مەبەستەی تەواوی تابلۆی سیاسیمان بۆ دەرکەوێت ئەم هەنگاوەی لێژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ناکرێت لە کۆمەڵێک بابەتی دیکە جیابکرێتەوە لەوانە: بەردەوامبوونی تەعریب و شاڵاوی عەرەبی هاوردە لە تۆپزاوە و داواکردنی قەرەبووکردنەوەی بیست ساڵ و هێنانی بڕیاری دادگای عێڕاق بۆ ئەم مەبەستە، لە کاتێکدا تاپۆی ئەو زەوی کشتوکاڵیانە بە ناوی جوتیارە کوردە ڕەسەنەکانی ئەو ناوچەیەن و، بابەتی وەرنەگرتنی سەرجەم داهاتی گەنم و جۆی جوتیارانی کوردستان لە کاتێکدا تەواوی داهاتی جوتیارانی ناوەڕاست و باشوری عێڕاق لە لایەن حکومەتی عێڕاقەوە وەردەگیری و، جگە لە بریاری ڕاگرتنی تێپەڕاندنی هێڵی ئاسنینی نێوان بەندەری فاو بۆ تورکیابە خاکی کوردستانی باشورەوە.

هەرچەندە هەموو ئەزموونەکانی بنیاتنانی فیدڕاڵی ئەوەمان پێدەڵێت، کە پەیڕەوکردنی فیدراڵیزم بێ دیموکراسی و شەراکەت و بابەتی هاووڵاتیبوون نایەتەدێ و، ئەم سێ فاکترە لە ڕەوشی عێڕاقدا ونە و، لە هیچ کاتێکدا سازدانی هەڵبژاردن بە دیموکراسی یەکسان نییە، بەڵام ئەوەی هاوبەشە لە سەرجەم پاشەکشەکانی هەرێمی کوردستان لە دانوستانەکان و دوواتر لە جێبەجێکردنیاندا، بریتییە لە کۆمەڵێک فاکتر، لەوانە:

ــ نەبوونی یەک هەڵوێستی و یەک ڕیزی لایەنەکانی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان سەبارەت بەو بابەتانە و، کارکردن بە سیاسەت (کار و کاردانەوە) نێوان خۆیان لە چوارچێوەی ململانێ و بەرژەوەندی بەرتەسکی حزبایەتی لە هەرێمی کوردستاندا.

ـ گواستنەوەی گۆڕەپانی ناکۆکی و ململانییەکانیان لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەغدا، لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی کوردستان پێشتر دەیانووت: ئەگەر لە کوردستاندا ناکۆکیش بین، لە بەغدا سەبارەت بە مافەکانی گەلی کوردستان یەک هەڵوێست دەبین. بەڵام هەڵوێست و کارەکانی حوکمرانانی کوردستان گواستنەوەی ململانییەکان بۆ بەغدا بوو.

ـ بەردەوام شاندی هەرێمی کوردستان لە دانوستاندا لە گەڵ بەغدا بە عەقلیەت و مۆرکی شاندێکی فەرمانبەرانی حکومی لەگەڵ شاندێکی دەستەیەکی حکومی سەروتری خۆی بابەتی پشک و مافەکانی هەرێمی کوردستانی خستۆتە ڕوو، چاوەڕیی قایلبوونی بەرامبەر بووە و، ئەمەش بە پێچەوانەی چەمکی توافق و شەراکەت و هاوسەنگییە، کە پرۆسەی سیاسیی پێکهێنانی عێڕاقی نوێی لەسەر بنیات نراوە و، جێبەجێکردنی ئەم ئاراستەیەش وا دەخوازێ، کە شوناسی هەر شاندێکی هەرێمی کوردستان شوناسی بزوتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی گەلی کوردستان و ئەرکەکانی ئەم بزوتنەوەیەی لەخۆ بگرێت و، بابتەکان لە بواری ئیداری و دارایی فراوانترە.

لە ڕەوشی ئەمڕۆی کوردستان و دوای لاوازی کارتێکردنمان لەسەر دۆستانی گەلەکەمان و، بە هۆی لاوازی متمانەی خەڵک بە توانای دەسەڵاتدارانی هەرێمەکەمان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە ناوخۆییەکان و، بە هۆی ئەو پاشەکشەیەی کە لە ئاکامی بڕیاڕی دادگای پاریس و، هەڵوێستی نەیاری هەریمایەتی لە ئارادایە و، لە ئاکامی لەبەرچاوگرتنی گۆڕانکاری لە هەڵوێستی دۆستان و، دوای سوتانی چەندین کارت لە ململانێ لەگەڵ بەغدا بۆ وەدیهێنان و پاراستنی ڕادەی نزمی مافەکانمان، لەوانەش کارتی وازهێنان لە بەشداریکردنی پرۆسەی سیاسی عێڕاق، تەنیا کارت بۆ زەمینەی کاراکردنی بەرەنگاربوونەوە و متمانەوەرگرتنەوەی تەواوی خەڵکی کوردستان و، بەردەوامبوونی ململانآ بە شێوەیکی گشتگیر و، بۆ پاراستنی ڕادەی نزمی پشکی هەرێم لە بودجەی دەوڵەتی عێڕاقدا لەم هەلومەرجەدا یەک هەڵوێستی کوردستانی پێویستە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP