دواین هەواڵ

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ

‌فەرەیدوون پەروازە

28/04/2023

درووستبوونی کیشوەرەکانی ئاسیا، ئەفریقا، ئەمریکا و،،، لەڕابردودا و دواتر ناوی ناوچە هەرێمییەکانی وەک ڕۆژهەڵاتی دوور، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باندەشتی تەبەت، پامیر، ناوچەی قەفقاز ،هەرێمی زاگرۆس، ناوچەی باڵکان و،،،هتد هەر هەمووی پێوەندی بە لایەنی کەشوهەوا و جوغڕافیای سروشتییەوە هەبووە و دواتر درووستبوونی سنوورە سیاسییەکان ڕۆڵی ئەوتۆیان لە دابەشکردنی ئەو هەرێمه بەربڵاو و بەرینانەدا نەبووە.

ناودێرکرنی ئەو ناوچانە لە لایەن ئوروپییەکانەوە بە مەزەنە بووە و پاشان بە هەستکردن بە هندێک ناوچەی بچووکتر و گرنگتر لە نێو ئەو کیشوەرانەدا، شوێنە پڕبایەخ و ستراتیژیکەکانیان پێش لە دانیشتووانی ئەو ناوچانە دەستنیشان کردووە. دابەشبوونی سیاسی و بچووکبوونەوەی ئەو ناوچە مەزنانە لەسەدەی ڕابردودا بە تایبەتی لە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی، کاریگەری لە سەر یەکپارچەیی و بایەخی ژیئۆپۆلیتیکی ئەو هەرێمانە هەبووە و پێشتر ئەگەر وەک یەک ناوچە پێناسەی بۆ کراوە لە ئیستەدا سنوورە سیاسییەکان کێشەی هەمیشەیی و نەبڕاوەی بۆ خودی ئەو ناوچە گرنگانە و دانیشتوانی درووستکردوە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەر لە کۆنەوە هەتا ئیستە کاریگەری لە سەر 
هەموو ڕەهەندەکانی ئابووری، سیاسەت، ئاین، فەرهەنگ و ،،،هتد دەوروبەر و تەنانەت جیهاندا هەبووە و لە ئیستەشدا سەرەڕای دابەشبوونە سیاسییەکان، دیسانەوە یەکێ لە دەوڵەمەندترین، کێشەسازترین، شوێندانەرترین ناوچەکانە لە سەر جیهان.

لەو لێکۆڵینەوەوتارەدا هەوڵ ئەدرێ گرنگی و بایەخی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە ئێستەدا و گۆڕانکاری و مەترسییەکانی سەر ئەو ناوچەیە لە داهاتوودا و زۆر بابەت و باسی گرنگ بێتە ئاراوە.
زاراوە سەرچەشنەکان:

ڕۆژهەڵاتی ناوین، ڕۆژهەڵاتی ناوینی ئیسلامی، ڕۆژهەڵاتی ناوینی گەورە، کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوین 

سەرەتا

ڕۆژهەڵاتی ناوین هەر وەک بە ناوەکەیدا دیارە لە ڕوانگە و بەرجەوەنی ڕۆژئاواییەکان و بە تایبەت کۆلۆنیالیزمی بریتانیاوە لە سەر نەخشە سیاسییەکان دیاریکراوە و شرۆڤەکراوە. درووستکردنی دەستەواژەی ڕۆژهەڵاتی ناوین زیاتر لە سەدەیەکە هاتۆتە نێو ئەدەبیاتی سیاسی جیهانەوە و ئەگەر لە سەرەتادا واتاکەی، مەبەستی هەڵکەوت و جوغڕافیایی هەبووبێ دواتر خوێندنەوە و مەبەستەکان گۆڕاوە بۆ باسی دیکە و تەنانەت کەوشەن(قلمرو) و ڕووبەری ئەو ناوچەیە زیادی کردووە و لە خوێندنەوە سیاسییەکاندا هندێک وڵاتی دیکەی لە باکووری ئەفریقادا پێ زیاد بووە.

"سەرەتا ناوی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە لایەن Alfrd Tayer Mahan مێژوونووس و دەریاسالار لە ساڵی 1902ی ز هاتە ئاراوە و مەبەستی ناوچەکانی نێوان عەرەبستان هەتا هیندوستان بووە و پێوەری سەرەکی بۆ دیاریکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوین، ئوروپا بووە"[۱]

کاتێک ناوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبرێ زۆربەی خەڵک و تەنانەت دانیشتوانی ئەو ناوچەیە بە خێرایی دیمەن و بیری وڵاتانێکی جیهانی سێهەمی و دواکەوتوو، تیرۆر، شەڕی مەزهەبی، نەوت، بیابان و هتد،،، بە مێشکییدا تێدەپەڕێ. چەمکی ڕۆژهەڵاتی نزیک(تورکیا، قوبرس بەشێک لە قەفقاز و باڵکان ) لە سەرەتادا زیاتر بەکار دەبرا بەڵام گەشەکردنی چەمکی ڕۆژهەڵاتی ناوین  زاراوەی ڕۆژهەڵاتی نزیکی لە لای بیروڕای گشتییدا سڕییەوە و تەنانەت ئەو وڵاتانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا توانەوە. چەمکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئیستەدا لە گەل پرسی ئایندا(ئیسلام) پێکەوە گرێ دراوون و "ئەنجومەن ڕۆژهەڵاتی ناوینی واشینگتۆن ،ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دنیای ئیسلام بە یەکێ دەزانێ"[۲] لە سەر ئەو بنەمایە لەباری جوغڕافیاییەوە قەوارەکەی بەربڵاو و بەرینتر بۆتەوە.

"لە دەییەی هەشتای زاینی بەدواوە بانکی جیهانی و سنووقی نێونەتەوەیی دراو، نەخشەیەکی نوێی ئابووری بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تۆمار کرد کە ناوچەیەکی بەربڵاوتر، لە شرۆڤە کۆنەکان دەگرێتە بەر، ئەو نەخشەیە بیروڕای گشتی سەبارەت بەو ناوچە ستراتیژیکە گۆڕی"[۳]

چەمکی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە هۆی گرنگی باری ئابووری، سیاسی، فەرهەنگی، دینی و بەردەوامی ڕوداوە گەورەکانەوە بەرەبەرە و قۆناخ بە قۆناخ لە زاراوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە گۆڕا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەراستی نوێ، ڕۆژهەڵاتی ناوەراستی گەورە و لە ئاکامدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئیسلامی. گۆینی ئەو زاراوانە پێوەندی بە بەرژەوەندی ئەو لایەنانەوە هەیە کە خوێندنەوەی جیاوازییان لەو ناوچەیە کردووە و بە تەمان بە ئاقاری تایبەتدا بیبەن. لە دەق و نووسراوە سیاسیەکاندا زاراوەی ڕۆژهەڵاتی ناوین زیاتر لە هەموو زاراوەکانی دیکە سەقامگیرتر و جێی باسە. ڕۆژهەڵاتی ناوین لە باری هەڵکەوتی جوغڕافیاییەوە  ژیئۆپۆلیتیکترین و ژیئۆئیکۆنۆمیترین ناوچەیە بۆ هەموو جیهان، چوونکا لە ناوەڕاستی  سێ کیشوەری ئەفریقا، ئوروپا و ئاسیادا هەڵکەوتووە و هەروەها دەریاکانی ئەو ناوچەیە بە تایبەت کەنداو و دەریای عەممان دەورێکی سەرەکی، ئاسان و خێراییان بۆ هەناردەی کاڵا و شتوومەکی ئەو ناوچەیە بە تایبەت نەوت بۆ دەرەوە  هەیە. سەبارەت بە پێناسەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێشتا شرۆڤەیەکی یەکدەست و گشت پەسەند لە ئارادا نیە" هەتا ئیستە سنوورە باشووری و ڕۆژهەڵاتییەکانی،ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ڕوونی دیاری نەکراوە.هیندوستان خۆی لە بەستراوەیی بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەرباز کرد، زۆرێک لە توێژەران  قوبرس بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نازانن، کەسانێکی دیکە تاجیکستان و قەرقیزستان بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەزانن و ،،،"[٤]. بە گشتی و بە کورتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئیستەدا لە باری فەرهەنگی و سیاسییەوە دو بەشە، کە بریتییە لە:

"یەکەم: پشتوێنەی باکووری،بریتییە لە وڵاتانی غەیرە عەرەبی، وەک تورکیا، ئێران، ئەفغانستان و،،،

دوهەم: ناوچەی عەرەبی کە ئەویش بۆ خۆی دو بەشە. ناوچەی سەرسەوز و بە پیت(لوانت) کە دەکەوێتە نێوان دەریای مەدیتەرانە و کەنداو و وڵاتانی عێراق، سوریا، لوبنان، ئیسرایل و ،، دەگرێتە بەر. ناوچەی دەریای سوور کە عەرەبستان، ئۆردۆن، کویەت، یەمەن، وڵاتانی شێخ نشینی کەنداو و میسر دەگرێتە بەر. نەوت بەرهەمی سەرەکی ئەو وڵاتانەیە و ناوچەی لوانت لە باری فەرهەنگی و زمانییەوە بەستراوەی ئەو بەشەیە"[٥]. دیاریکردنی بست بە بست سنووری ڕۆژهەڵاتی ناوین گرنگ نیە بەڵکوو کاریگەرییەکانی ئەو ناوچەیە لە سەر هەموو جیهان و هەروەها کێبەرکێی زلهێزەکان لەو هەرێمەدا جێی باس و توێژینەوەیە. 

‌‌‌‌‌‌* ‌‌‌‌‌باری فەرهەنگی و مێژوویی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 

مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوین گرێدراوە بە شارستانییەتەکانی عیلام، سۆمر، بابل، ئاشوور و ،،،هتد و هەروەها ئاینەکانی جوو، مەسێحی،زەردەشتی و ئیسلام کە کاریگەری و دەوری سێ ئاینی جوو، مەسیحیەت و ئیسلام هەنووکە بەردەوامە. ئاینی مەسیحییەت زۆربەی وڵاتانی جیهانی لە ئیستەدا تەنیوەتەوە، عیبرانی و جوولەکە لە باری ڕەگەزییەوە سەر بە بنەماڵەی سامین و هەرچەن کەمینەیەکی کەمن بەڵام دەور و ڕۆڵی ئەو ئاینە بە شێوەی نەهێنی و شاراوە لە هەموو بوارەکانی سیاسی، ئابووری، فەرهەنگی و ،،، وڵاتانی ناوچەکە و جیهاندا بەدی ئەکرێ. ئیسڵام، ئاینی سەرەکی خەڵکانی ڕۆژهەڵاتی ناوینە و تەنانەت چارەنووسی هەندێک وڵاتی ئیسلامیی دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست تاڕادەیەک بەستراوەی ئەو هەرێمەیە. ئەدیانی ئیبراهیمی(تاک خودایی) بە زۆری پێوەندی بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەیە و بە درێژایی مێژوو شارستانییەت و ئاینەکانی ئەو ناوچەیە لە گەل  ئاین و ئیمپراتۆرییەکانی ئوروپا، هیند، چین و فەراعنەی میسردا لە ململانێی سیاسی و هزری و بیروباوەڕییدا بوون. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا باندەشتی(فلات) ئێران لە ژێر کاریگەری ئەدیانی ئیبراهیمی و ئەدیانی چەن خودایی ڕۆژهەڵاتی دووردا بوون و ئەو بابەتە هەمیشە دەردیسەری و ململانێیی ناوخۆی و ناوچەیی بۆ کۆمەڵگای ئیسلامی خولقاندوە.

دەسەڵاتە سیاسییەکانی ئێران چەندە لە گەل ئیمپراتورییەکانی دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا(ڕۆمیەکان ) وەشەڕ هاتوون ،چەن بەرامبەر لە گەل دەسەڵاتەکانی ناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جەنگاون. دژایەتی و ناکۆکی دو ئاینی مەسیحیەت و ئیسلام هەر لە یەکەم نامەی پێغەمبەری ئیسلام(ص) بۆ مەسیحییەکانی نجران و قەیسەری ڕۆم دەستی پێکرد. خاوەنڕایان پێیانوایە کە ناکۆکی ئیسلام و مەسیحیەت کە خاوەنی کتێبی پیرۆز بوون بە"سێ هۆکاری، پێشڕەویی و گەشەی ئیسلام لە کورت ماوەدا، گوشاری سیاسی بۆ سەر ئیمپراتۆری ڕۆم و شەڕی خاچپەرەستی،  "[٦] دەستیپێکردوە.

ئاینی جوو هەزار و پێنسەد ساڵ بەر لە ئیسلام سەریهەڵدا بەڵام نەیتوانی وەکوو ئیسلام زۆربەی وڵاتانی دەورووبەر بتەنێتەوە. ئیسلام بە چەکی شمشێر و بانگەواز(ارشاد) توانی بگاتە سنوورەکانی چین و ئەورووپا. ئێرانییەکان(کورد و پارس ) هەرچەن بە ڕەگەز و زمان سەر بە ئارییەکانن بەڵام بە هۆی قەبووڵکردنی ئاینی ئیسلامەوە، گەورەترین خزمەتیان بە ئاین و شارستانییەتی ئیسلامی کرد. ئەگەر ئاسەوار و خزمەتەکانی غەزاڵی، حافز، شێخ سەعدی، خەیام، فارابی، ڕازی، ئیبنەسینا، شێخ عەبدولقادر گەیلانی، مەولانا و هتد،،،لە نێو فارسەکان و لە کوردستانیشدا هەر وەک غەزاڵی دەفەرمێ  خزمەتی شارەزووری، دینەوەری و ئامێدی لە شارستانێتی ئیسلام جیابکرێتەوە بۆشایی و کەلێنێکی گەورە درووست دەبێ. "ڕینسانسی ئیسلامی کە پێوەندی بە سەدەی چوارەمی کۆچییەوە هەیە"[۷] بە ڕاستی هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ خزمەتی موسڵمانانی غەیرە عەرەب بە شارستانییەتی ئیسلام . 

ئیسلام و جوولەکە هەرچەن دو ئاینی یەکتاپەرەست و لێک نزیکن بەڵام بە درێژایی مێژووی ئیسلام دژایەتی و ناکۆکییان هەبووە، بە پێی فەرموودەی قورئانی پیرۆز دوژمنی یەکەم و سەرەکی ئیسلام جوولەکەیە و پێشبینی کرداوە کە لە ئەنجامی ئەو دژایەتیکردنەدا ئیسرایل لە لایەن ئیسلامەوە لە نێو دەچێ. ئەگەر بگوترێ ڕیشەی هەموو کێشە و ململانییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئیستەدا لەو خاڵەوە سەریهەڵداوە، زیادەڕەوی نەکراوە.

ئاینی ئیسلام بە پێچەوانەی جوولەکە بە ناوچەیەک و   ڕەگەزێکەوە قەتیس نەکراوە، بەڵکوو لە دوای خولەفای ڕاشدین گەشەونەشەی ئیسلام کە بە مەزهەبەکانەوە دەستیپێکرد لە دەرەوەی خاکی عەرەبستاندا بە ئەنجام گەیشت. ئیمام ئەحمەدی حەنبەل خەڵکی بەغداد، ئیمام ئەبووحەنیفە خەڵکی کوفە ،ئیمام شافیعی خەڵکی فلستین بوون.  شرۆڤەکارانی (مفسر ) شەریعەت و سەرمەزهەبەکان و سەردەستەی تەریقەتەکان هەریەک پێوەندییان بە نەتەوە و جوغڕافیاییەکی ئیسلامییەوە هەبوو و دڵخوازانە خزمەتییان بە دینی ئیسلام کردووە .

سەرەڕای هەبوونی هەموو جۆرە ئاستەنگ، کێشە و دەنگوهەرایەکی ناوخۆیی، دیسانەوە یەکدەنگی و یەکگرتووییەکی قایم لە جیهانی ئیسلامدا هەبووە و هەیە کە هەر موسڵمانێک شەو و ڕۆژێک پێنج فەرز ڕوو بە قیبلە نوێژ دەکەن و ڕۆژانە و ساڵانە لە تەوافی کەعبەی پیرۆزدا پێکەوە کۆ دەبنەوە. مەزاهبی ئیسلامی سەرەڕای ئەوەیکە هیچ کێشەیەکی ئەحکام و شەرعییان پێکەوە نەبووە و نیە، تەنانەت هندێک جار تەقلید و پێرەوی کردن لە دەستووراتی یەکترییان تێدا بەد ئەکرێ. هەتا سەردەمێک وێژمانی چوار مەزهەبی ئەهلی سونەت و تەسەوف و عیرفانی ئیسلامی وێژمانی زاڵ بوو، ئیسلام بەردەوام لە چوار دەورەوە لە گەشە و پەرەسەندا بوو. شارستانییەت و عیرفانی ئیسلامی دەوڵەمەندترین شارستانییەتە بە کتێب و نووسراوە و دەقی جۆراوجۆر لە جیهاندا. 

دو ڕوداوی گرنگ، ئیسلام و مێژووی ئیسلامی بە بارێکی دیکە لە ڕەوتی ئاساییدا گۆڕی و تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەاست بەو ڕوداوە گرنگانەوە بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ تێوەگلا و داهاتووشی ڕوون نیە بەرەو کوێ دەچێ.

یەکەم: درووستبوونی مەزهەبی پێنجەم(تەشەیوع) هەر لە سەرەتاوە بە دژایەتیکردن لە گەل هەر چوار مەزهەبەکەی ئەهلی سونەت لە جوغڕافیاییەکی بەربڵاوی جیهاندا گەشەونەشەی کرد. ئەهلی تەشەیوع چەندین فیرقەی هەیە و لە هەموو وڵاتێکدا بە ڕێژەییەکی کەم تا زۆر جەماوەری خۆیان هەیە. ئێران و عێراق زۆرترین ڕێژەی پێڕەوانی ئەو مەزهەبەی تێدایە و تەنانەت لە وڵاتی عەرەبستانیشدا ڕێژەیەکی بەرچاو هەیە. دەسەڵاتی سەفەوی و تاڕادەیەک قەجەرەکان هۆکاری گەشەونەشە و بەسیاسیکردنی ئەو مەزهەبە بوون. "مەزهەبی تەشەیوع لە سەردەمی سەفەوییەکاندا لە گۆشەگیری، پەرت و پژاوی و خەفەقانی مێژوویی ڕزگاری بوو و دواتر بوو بە ئایدۆلۆژیای دەسەڵات لە سەر عەقڵانییەتێکی جیاواز (لە ئەهلی سونەت) لە سەر بنەمای مەدەنییەتی عەلەوی. گرنگتر لە هەموو شتێک ئەوە بوو کە پێڕەوانی ئەو مەزهەبە بوونە خاوەنی خاک و جوغڕافیای سیاسی لە ناوەڕاستی جیهانی ئیسلامدا."[۸] . هەرچەن بەر لە سەفەوییەکان لە باکووری ئەفریقادا " فاتمییەکان ماوەی چەن سەدە(۹۰۹- ۱۱۷۱ز) دەسەڵاتدارییان کردووە"[۹] بەڵام وەکوو سەفەوییەکان کاریگەرییان لە سەرجیهانی ئیسلام نەبووە.

زانایانی ئاینی و پێڕەوانی ئەهلی تەشەیووع، پیرۆزی و موقەدەساتی نوێی دیکەیان بێجگە لە پێرۆزییەکانی ئیسلام، بۆ خۆیان هەڵبژارد و هاوتەریبی(موازی) مەناسکی حەج لە وڵاتی حیجاز، ئەوانیش وەک جێگرەوەیەک، لە وڵاتی عێراقدا لە شارەکانی کەربەلا و نەجەف، زیارەت و مەناسکی خۆیان جیاکردەوە. درووستبوونی مەزهەبی شێعە چەندە باری ئاینی هەبووە ئەوەندەش کاردانەوەی ناسیۆناڵیستی هەبووە و فارسەکان دوای مێژوویەک سونە بوون جوغڕافیای ئێرانیان لە ژێر دەستی عەرەب و عوسمانییەکاندا دەرهێنا. ناکۆکی و بۆشایی نێوان دو مەزهەبی شێعە و سونە بەرەبەرە زیادی کردووە و لە ئیستەدا ئەو دژایەتییانە ئەوەندە قوڵ بۆتەوە کە کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەو ناکۆکییانەوە سەرچاوەی گرتووە. سونە و شێعە دو باڵی ڕاست و چەپن کە لە مێژە شەڕی ساردییان تێپەڕاندوە و باڵی چەپ وەک کەمینەیەک بە پشتیوانی دژبەرانی دین شەڕی یەکلایی کەرەوەی لە دژی زۆرینە دەستپێکردوە. لە مەزهەبی تەشەیوعدا هیچ ڕیفۆرم و چاکسازییەکی دینی هەتا ئیستا ڕووی نەداوە و قەت ڕوونادات. شێعەکان بە هۆی ئەوە کە لە لایەن حەنەفییەکان ، حەنبەلییەکان و هەروەها لە لایەن سەلەفیەتەوە بە ڕافزی ناسراون و شەڕیان لە گەل کراوە، ئەو دیاردە بووە بە هۆی ئەوە کە یەکدەنگی و یەکڕیزییەکی سیستماتیک لە ناو هەموو ڕەوت و فیرقە شێعەکاندا بە ناوەندێتی سیاسی لە ئێران و مەعنەویەت لە عێراقدا درووست ببێ. 

دوهەم :بیدعە و نوێخوازی لە نێو چوارچێوەی ئەهلی سونەتدا گەورەترین ڕوداوی هزری و ئیعتقادی بوو کە بە بیرۆکە چاکسازیخوازانەکانی محمد عبدالوهاب(۱۷۹۲-۱۷۰۳ ) دەستیپێکرد. ڕیفۆرماسیۆنی دینی درگای فتوای بەڕووی هەمواندا کردەوە و هەموو تابۆکانی دینێکی نەگۆڕی شکاند. ڕیفۆرمی ئیسلامی  پێوەندی بە ڕیفۆرمی مەسیحیەتەوە هەیە" ڕەوتی پروتستانیزم لە گەل جوڵانەوەی سەلەفیگەری لێکچوون و هاوبەشییان زۆرە و هەر دو جەخت لە سەر دو گۆڕانکاری لە دیندا دەکەن کە بریتییە لە گەڕانەوە بۆ سەرچاوە و سەرەتاکانی دین و هەروەها سڕینەوەی ئەو زیادەڕەویانەی دین کە بەدرێژایی زەمەن پێی زیاد بووە"[۱۰]. سەلەفیەت تەنیا لایەنی تەشریعی دینی قەبووڵە و سیاسەت بە بنەمای دینداری دەزانێ.

"محمدبن عبدالوهاب لە ژێر کایگەری ئەندیشەکانی ئیبنوتەیمیە و ئیبنوقەیومدا بووە. سەردانی شارەکانی شیراز، قوم، ئیسفەهان، هەمەدان، کوردستان و ئیستانبوڵی تورکیای کردووە و چەندین ساڵ لەو وڵاتانە ماوەتەوە و زمانی فارسی بە باشی زانیوە. لە گەل شێعەکانی بەسرە و مستەر هامفری ئینگلیزییدا پێوەندی گەرمی هەبوە. "[۱۱]. چاکسازی دینی کە بە بێداری ئیسلامی و،،، ناوبانگی دەرکردووە، چەندین تایبەتمەندی هەیە کە لە ڕەوتە جیاوازەکانی دوای وەهابیەتدا دیسانەوە دەبینرێ.

"دژایەتیکردن و سڕینەوەی هەر چوار مەزهەبەکەی ئەهلی سونەت، دژایەتییکردنی تەسەوف و عیرفانی ئیسلامی و بە جادو زانینی ئەو چالاکییانە، سڕینەوەی پێرۆزییەکانی دین، وەک بە حەرام زانینی گۆڕە پیرۆزەکان و ئەهلی بەیت، لابردنی تەڵقینی مردوو، داواکاری شەفاعەت، سڵاوات ناردن و ،،،"[۱۲]. ئەهلی  بیدعە یا ئیسلامی سیاسی جەخت دەکەن لە سەر گەڕانەوە بۆ سەرەتای ئیسلام و پشت بەستن بە قورئان و بەشێک لە ئەحادیس. ئیسلامی سیاسی و سیاسەتی ئیسلامی دو چەمکی لێک جیاوازن. هەرچەن ئیسلام یانێ ئەحکام و ئەحکامیش یانێ سیاسەت بەڵام خوێندنەوەی ئیسلامی سیاسی و ئیسلامی سونەتی لە سیاسەت جیاوازە. ئیسلامی سیاسی سیاسەت بە ئەسڵ و دین بە فەرع دەزانێ بەڵام ئیسلامی سونەتی دین بە ئەسڵ و سیاسەت بە فەرع دەزانێ.

سەلەفیەت تەواوی مێژووی ئیسلام بە هەموو خزمەتەکانیانەوە بە چەواشەکراو دەزانێ و بە هۆی بە  موشریک زانینی غەیرە خودییەکان، حوکمی تەکفیر بە سەریاندا دەسەپێنێ. هەموو ئەو ڕەوتە ئیسلامییانەی کە لە ژێر چەتری وەهابێتدا سەریان هەڵداوە و جیابوونەتەوە لە ڕاستییدا لە باری هزری و ئیعتقادییەوە هابەشن بەڵام لە تاکتیک و کردەوەی سیاسییدا لێک جیاوازن. بیرۆکەی وەهابیەتخواز بە هەموو پەلوپۆکانییەوە بە خێرایی لە کۆمەڵگای ئیسلامییدا گەشەی کرد و لە هەر سوچێکی ئەو هەرێمەدا بە ناوێکی تازەوە هاتە گۆڕەپان. ئیخوانیزم لە میسر و تورکیا، وەهابییەت و سەلەفیگەری لە عەرەبستان و تاڕادەیەک پاکستان ، تاڵیبان و ئەلقاعیدە لە ئەفغانستان و پاکستان و لەو چەن ساڵەی دواییەشدا داعش لە سوریا و عێراقدا ئەزموونی سیاسی خۆیان نیشاندا.

ڕەوتە ئیسلامییەکان لە سەر هێڵ و مەسیری دینی و سیاسی خۆیان لایانداوە و لە کونتڕۆڵ دەرچوون. میلشیاگەری، شەڕی ناوخۆیی و بریکاری(نیابتی) تایبەتمەندی سەرەکی ئەو ڕەوتانەیە و بە کورتی  هەموو هێز و وزەی خۆیان لە هەمبەر خۆیان و وڵاتی خۆیاندا بە فیڕۆ ئەدەن. ئەوەی لە سەرەوە باسیکرا بەشێکە لە ڕاستی و واقعیەتی جیهانی ئیسلام و هەروەها لە ئاکامی شەڕی مەزهەبییدا هەتا ئیستە ژێرخانە دینی، فەرهەنگی و مێژووییەکانی چەندین وڵاتی وەک ئەفغانستان، یەمەن، سوودان، لیبیا، عێراق، سوریا و لوبنان بۆ هەمیشە لە نێو چوو و وادیارە نۆرە بە نۆرە وڵاتانی دیکەش لە لایەن دەستی دەرەکییەوە ئەندازیاری وێرانکارییان کرابێ. ڕیفۆرماسیۆنی دینی لە ڕاستییدا ڕادیکاڵیزم ،ترس و تۆقاندن و تیرۆری درووستکرد و بێجگە لە سەرهەڵدانی شەڕی شێعە و سونە ،شەڕی ناوخۆی سونەش ماڵوێرانییەکی دیکەی بۆ خەڵکی ناوەتەوە و هیچ کەس و وڵاتێک ناتوانێ لێی دەرباز ببێ. 

* وزە و ئینرژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین:

نەوتەمەنییەکان لە سەنعەتی پیترۆکیمایی و کیمیاییدا هەزاران جۆر مادەی خاو و سەرەتایی لێ بەرهەم دێت .نەوت وەک مادەیەکی خاو و گرنگ گۆڕانکارییەکی بەرینی لە ژیانی مرۆڤایەتییدا پێکهێنا و لە داهاتووشدا هەر ئەو گرنگایەتییەی دەمێنێ. هانری بوانژە لە ساڵی 1919دا دەنووسێ"وڵاتێک کە نەوتی هەیە ئیمپراتۆرە، ئیمپراتۆرێتی دەریاکان بە مەوادی قورسی نەوت، ئاسمانەکان بە هۆی مەوادی سووکی نەوت ، ئیمپراتۆری وشکانییەکان بە هۆی بەنزین و نەوت و هەروەها ئیمپراتۆرێتی دنیا پێوەندی بە باری ماڵییەوە هەیە "[۱۳]. 

داهاتی نەوتی بۆ دەوڵەتان داهاتێکی ئاسانە وخەزێنەی دەوڵەت لە پارەدا کورتی ناهێنێ. بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین خاوەن ئەو نێعمەتە ئیلاهییەن و وەکوو داهاتی سەرەکی پشتیان پێ بەستووە. "٦۰٪ نەوتی جیهان و ۳۰تا٤۰٪ گازی جیهان پێوەندی بە ڕۆژهەڵاتی ناوینەوە هەیە و هەتا ساڵی 2050 سەرچاوە هایدرۆکەربونییەکان وەکوو گرنگترین و سەرەکیترین دابینکەری ئینرژی و وزەی جیهان دەمێننەوە "[۱٤]

سەرچاوەی وزە و ئینرژی لەو ناوچەیەدا بێسنوورە و هەروەها هیچ مادەییەکی دیکەش نابێتە جێگرەوەی. لە دنیای ئیستادا نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هۆکاری ڕاگرتنی باڵانس و هاوکێشییە سیاسییەکانە لە جیهاندا و هەروەها ئاسایشی وزە پێوەندی ڕاستەوخۆی بەو مەڵبەندەوە هەیە. 

خواستی جیهانی بۆ نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مانگ بە مانگ لە زیاد بوون دایە. ئەمریکا، چین، وڵاتانی ئەوروپایی و ،،، بە ڕیز کڕیارانی هەمیشەیی نەوتن .هۆگری بۆ سەندنی نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکەم بە هۆی هەرزانی و دوهەم گواستنەوەی ئاسانە لە ڕێگای دەریاوە. بێجگە لە نەوت و گاز، سەرچاوە و کانزاکانی وەک ئاسن، مس، ئالومنیۆم، زێڕ و،،، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدی ئەکرێ و بەشێکە لە داهاتی دەوڵەتانی ناوچەکە.

ئابووری تاک داهاتی نەوت بۆ هندێک وڵاتی وەک ئەمارات،کوەیت،عەرەبستان و ،،، بووە بە هۆی خێر و بەرەکەت و خۆش بژێوی و بۆ هندێک وڵاتی دیکە هۆکاری شەڕ و ماڵوێرانی و تۆقاندنە.
بە گشتی لە" ساڵی 1908 بەدواوە بەرهەمهێنانی نەوت لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا دەستیپێکردووە و هەتا ئیستەش سەرچاوەی سەرەکی داهاتە، بەشێک لەوڵاتانی خاوەن نەوت،گیرۆدە و بارمتەی سەرچاوە نەوتییەکانن"[۱٥]

یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییە بەرچاوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵکەوتی فرە ستراتیژیک و ژیئۆپۆلیتیکی ئەو ناوچەیە لە جیهاندا. باشووری ڕۆژئاوای ئاسیا و باکووری ئەفریقا لە باری هەڵکەوتەوە 
بەردەوام بەر بیرۆکەی هارتلەند دەکەوێ . پێنج دەریاچەی گرنگ وەکوو مەدیتەرانە، خەزەر، سوور، ڕەش، کەنداو، عەدن و چوار دەروگەی وەک سوئیز، هورمز، بسفور و بابولمندەبی تێدا هەڵکەوتووە. 

زنجیرە چیاکانی ڕۆژئاوای لوبنان، ڕۆژهەڵاتی لوبنان تورۆس، کاچکار، قەفقاز، زاگرۆس، ئەلبورز، هیندوکوش و ،،،  هەروەها دەیان ڕووباری گەورە و بچووک، سەرچاوە و دابینکەری ئاویی شیرین و خواردنەوەی حەشیمەتی ئەو ناوچەیەن. 

*ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ:

دین و نەوت دو هۆکاری سەرەکین سەبارەت بە قەرەباڵغی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

دینی ئیسلام بە پێچەوانەی هەموو دینەکانی جیهان دینێکی زیندووە و ڕۆحیاتی جیهاد کردن و شەهیدبوون لە ئاستێکی بەرز دایە. ئەو بەشەی کە لە چوارچێوەی مەزاهب دەرچوون بە ئیسلامی سیاسی و جەهادی ناسراون " خەونیان ئەوەیە کە ئیسلامی سەلەفی بە سەر جیهاندا زاڵ بکەن"[۱٦]. ئینترناسیوناڵیزمی ئیسلامی و سڕینەوەی دیاردەی ناسیۆناڵیزم و سنوورە سیاسییەکان خەونی گەورەی سەلەفیەتە. "لە ڕۆژهەڵاتی ناوین سێ جەمسەری ئیخوانیزم، وەهابیەت و شێعەگەری بەدی ئەکرێ "[۱۷] کە ناوەندی هەرکامیان و خوێندنەوەیان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین جیاوازە. ڕۆژهەڵاتی ناوینی ئیسلامی ستراتیژی سەرەکی هەر سێ باڵەکەیە و هەروەها دژی ڕۆژهەڵاتی نوێ یا گەورەیە کە ئەمریکا داڕێژەرێتی. ئەو سێ جەمسەرە هەر یەک بۆ خۆی سیاسەت و نەخشەڕێگای جیاوازی هەیە. ئیخوانیزم لە ڕەفتاردا سیاسەتێکی نەرم ڕەچاو دەکات و سەرەتا لە میسر و ئیستاش لە تورکیاوە بەرنامە بۆ داهاتوو دادەڕێژێ. ئیخوانیزمی تورکیا ئەندامی ناتۆیە و لە گەل ئیسرایل و ئەمریکا لە پێوەندی دایە و هەروەها لەو دوایانەدا تێکەڵ بە ناسیۆناڵیزمی تورکی بووە. 

سەلەفیەت ناوەندەکەی عەرەبستانە و لە هەموو وڵاتاندا ڕێخستنی بەهێزیان هەیە و لەو دواییانەدا لە گەل وڵاتانی دەوروبەری کەنداو پێوەندییەکانیان لە گەل ئیسرایل ئاسایی کردەوە و هەروەها بە چڕی دژی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامین لە ناوچەکەدا. شێعەگەری بە ناوەندێتی ئێران وادیارە ستراتیژییەکی بەربڵاوتری هەیە شێعەگەری هەرچەن لە تاکتیکدا زۆرجار هاوکاری ڕەوتە سونییەکانە بەڵام وەک ناوەرۆک دژی سەلەفیەت و ئیخوانیزمە.

"ئەمریکا تەرێزی،ئیسرایل سڕینەوە و ڕێخستن و یارمەتی  هەموو گروپە جەهادییەکان "[۱۸] بەشی سەرەکی سیاسەتە ناوچەییەکانی کۆماری ئیسلامییە. سیاسەتی زلهێزەکان بە ڕێبەرایەتی ئەمریکا سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جیاوازترە و بەرژوەندییەکانی ئیسرایل لە گەڵاڵەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا تەوەری سەرەکییە. " گەشەی سیاسی و سەقامگیرکردنی دیموکراسی و ئازادی،گەشەی ئابووری ،لە نێو بردنی گەندەڵی و درووستکرودنی هەلی کار، سەقامگیرکردنی کۆمەڵگای مەدەنی و چاکسازی، پرسی ژنان و،،،"[ ۱۹] سەرچەشنی گەڵاڵەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ئیسرایل و زۆرێک لە دەوڵەتانی ناوچەکە لە دژی ڕادیکاڵیزمی ئیسلامی و بە تایبەتی کۆماری ئیسلامین کە ئەکتەری سەرەکی و جێبەجێکاری گەڵاڵەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئیسلامییە. هەرچەن گەڵاڵەی ڕۆژهەڵاتی ناوینی نوێ بە نۆژەنکردنەوە و دیموکراتیزاسیۆن کردنی ئەو ناوچەوە دەستپێدەکا بەڵام ئاستەنگ و کۆسپەکانی بەردەم ئەو پرۆژەیە وەکوو (ڕادیکاڵیزمی ئیسلامی، دەوڵەتانی پاوانخواز، نەریتی بوونی کۆمەڵگا و ،،، ) لە نێوان دو بیرۆکەی بگۆڕ و نەگۆڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ناکۆکی و پێکدادان درێژ مەودای درووست دەکا و لە ئاکامدا دابەشبوون و بچووک کردنەوەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوینی لێ دەکەوێتەوە.

  ئاکامی ئەو پرۆژە و گەڵاڵە گەورانە سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سایکس پیکۆییەکی دیکەیە لە داهاتوودا. وادیارە پرۆژەی ڕۆژهەڵاتی نوێ یا گەورە بە پێشەنگایەتی ئەمریکا لە سێ جەمسەرەکەی دیکە لە پێشترەوە بێت و هەروەها بەشێک لە جەماوەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی ئوروپایی و ڕوسیای لە گەل بێت. یەکێ لە ئاستەنگ و لاوازییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێوەندی بە ڕێژەی نەتەوە و ئاینە جیاوازەکانی  ئەو ناوچەوە هەیە." ٥۷٪ حەشیمەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست عەرەب زمانە و ۹۳٪ موسڵمان و ۳٪ مەسیحی و کەمتر لە ۲٪ جولەکەیە "[۲۰]. 

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چوار وڵاتی تورکیا، ئێران ، ئەفغانستان و پاکستان، تورک ، فارس، کورد و ،،،هتدزمانن.  بێجگە لە کورد و بەلووچ هەموویان (تورک و فارس )خاوەن وڵاتی سەربەخۆی خۆیانن. لە نێو "عەرەبەکاندا کێشەی نەتەوەیی بوونی نیە و ئەگەریش کێشەیەک ببێ پێوەندی بە کێشە مەزهەبی و فیرقەگەرییەوە هەیە. بۆ نموونە ئەگەر لە سوریا و عێراق دابەشکاری سیاسی درووست ببێ، ئەوا لە نێو عەرەبەکاندا دابەشکارییەکان لە سەر بنەمای دو مەزهەبی شێعە و سونە دەبێ"[۲۱] و ئەو دیاردە خزمەت بە دیموکراتیزاسیۆنی ئەو دو وڵاتە ناکات. بەشێک لە دەوڵەتانی ناوچەکە وەک میسر، تورکیا، ئەمارات و ،،، هندێک چاکسازی سیاسی و کۆمەڵایەتییان ئەنجام داوە بەڵام دیسانەوە لە بەردەم ئاڵوگۆڕی ناوچەییدا دەبن. " گەڵاڵەی ڕۆژهەڵاتی نوێ لە ساڵی 2002 لە لایەن کالین پاوڵەوە بە پشت بەستن بە ڕاپۆرتی ڕێخراوی نەتەوەکان سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی عەرەبەکان هاتە ئاراوە و دواتر لە دوای ڕوداوی یازدەی سیپتامبر پرسەکە چڕوپڕتر بویەوە و بەشێک لە خاوەڕایان پێیانوایە کە هێرشکردنە سەر عێراق و ئەفغانستان لە سەر هێڵی ئەو بیرۆکەیە دایە.چەندین ناوەند و توێژینگە سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ لە ئەمریکادا پێکهاتووە"[۲۲]. گەڵاڵەی ڕۆژهەڵاتی نوێ ترس و هەراسێکی گەورەی خستۆتە نێو دەوڵەتانی ناوچەکە و پێیانوایە کە ئەو گەڵاڵەیە چوارچێوەی ئەرزییان دەخاتە بەر مەترسی پارچەپارچە بوون. چوار وڵاتی ئێران، تورکیا،

دەخاتە بەر مەترسی پارچەپارچە بوون. چوار وڵاتی ئێران، تورکیا، عەرەبستان و پاکستان وەکوو وڵاتانی تایبەتمەند و بەربڵاو، سەبارەت بە گەڵاڵەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاتی نوێ مەترسییان زۆرترە و لە ئەگەری بە ئاکام گەیشتنی ئەو گەڵاڵەیەدا خەسارمەندتر دەبن؛ ئەڵبەت پێویستە ئەوەش بگوترێ کە بەر لە هاتنە ئارای گەڵاڵەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ، وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەموو بوارەکانی ئیتنیکی، سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ،،، کێشەی گەورەیان هەبووە و هەیە، هەر بۆیە مەترسییەکە لە پێشدا هەبووە و پێوەندی بە ‌ئیستاوە نیە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر لە هەموو ناوچەیەک کێشەی هەیە، هەر لە کێشەی تاکەکەسییەوە بگرە هەتا کێشەی کۆمەڵایەتی، سیاسی، فەرهەنگی،کێشەی سنوورە وشکانی و ئاوییەکان و ،،،هتد بە جارێک کۆبۆتەوە. بەو هۆییەوە لە ڕابردودا هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەری هەڵنەگیراوە لە دنیای ئیستەدا هەمووی بە جارێک زەق بۆتەوە. دەوڵەتانی لەرزۆک و نادیموکراتیکی ناوچەکە بە هۆی نەبوونی پرۆژەی چارەسەری کێشەکان و گوومبوون لە نێو گەندەڵییدا لە لایەن خەڵکەوە وەک دێوەزمە سەیریان دەکرێت و بۆشاییەکی بەرین لە نێوان جەماوەری خەڵک و دەسەڵاتە سیاسییەکانیاندا هەیە. 

پرسی ئیسلام لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا تا ئاستێکی زۆر چارەنووسی خەڵکی ئەو ناوچەییەی وەکوو تانوپۆی قاڵی پێکەوە گرێداوە، هەر بۆیە هەر جۆرە ئاڵوگۆڕێک لە هەر ناوچەیەکدا، کاریگەری و ڕۆڵی دەورووبەری لە سەرە. کاتێک لە سوریا ڕاپەڕین لە دژی ئەسەد سەریهەڵدا هەم تورکیا و هەم عەرەبستان سەبارەت بە پشتیوانی سونە مەزهەبەکان دەستێوەرانیان کرد، کۆماری ئیسلامی و ڕوسیا پشتی ئەسەد و دەسەڵاتەکەیان گرت و لە دواین کاتەکانی ڕووخانیدا بە تێچوویەکی زۆرەوە بەریان بە تێکەوەپێچانی دەسەڵاتەکەی گرت. ئەمریکا و تاڕادەیەک ڕوسیا پشتی دەسەڵاتی خۆسەری کوردیی ڕۆژئاوایان گرت. لەو نێوەدا بەرژەوەندی هەرکام لەو دەوڵەتانەی کە دەستێوەردانیان کردوە، جیاوازە و زۆرترین خەسارەکان ڕووبەڕووی خەڵکی سونە مەزهەب بۆتەوە کە ۸٥٪ی حەشیمەتی ئەو وڵاتە پێک دێنن.

ئەگەر پرۆسەی دیموکراتیزاسیۆن کردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەو جۆرە بچێتە پێشەوە دەبێ هەموو وڵاتانی ئەو ناوچەیە وەکوو سوریا کاول بکرێ و پاش شەڕێکی درێژمەودا و قەرزداری و ماندوبوونی خەڵکەکەی، بەرەبەرە هەنگاو بۆ نۆژەنکردنەوە و ئارامی هەڵبگیرێتەوە. هێشتا ئیسلام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئینرژی و وزەی خۆی دەرحەق بە دوژمنانی ناوخۆ و دەوروبەر خاڵی نەکردۆتەوە. ئەگەر لە سوریا و لە نێو ڕیزەکانی داعشدا بە هەزاران شەڕوانی چچنی ، ئەفغانی، تورک، کورد و ،،،هتد بەدی ئەکرێ، ئەوە نیشانەی هۆگری، هاوپێوەندی، هاوخەمی و هاودڵی ئەو خەڵکەیە سەبارەت بە دین و بە یەکتر. دەییەکانی ۹٥۰ ،۹٦۰ و ۹۷۰ لە وڵاتانی ناوچەکەدا وێژمانی علمانییەت و سیکۆلاریزم لە تەشقی خۆیدا بوو بەڵام لە دوای شۆڕشی گەڵانی ئێران و شەڕی ئەفغانستان و یەکێتی سۆڤیەت ، بەرەبەرە ڕادیکاڵیزم لە هەموو لایەکەوە سەریهەڵدا و شەپۆلەکەی هەموو لایەکی گرتەوە و هەموو دەسکەوتەکانی چەپ و سیکۆلاریزم بوونە بڵقی سەرئاو. بزاوی سیکولاری و چەپ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پاش نزیک بە سەد ساڵ چالاکی و تێکۆشان، نەیتوانی کاریگەری هەتاهەتایی لە سەر خەڵکی هەبێ و گۆڕانکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی درووست بکات .

مودیڕنیزاسیۆن و بە دیموکراتیک کردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە حوکمی ژیئۆپۆلیتیک و دراوسێتی لە گەل یەکێتی سۆڤییەت، هەر لە سەردەمی ئەتاتورک لە تورکیا و مەشروتەخوازی و چەپ لە ئێران و شیوعییەت و بەعسیزم لە نێو عەرەبەکاندا، ئاکامەکەی سەرهەڵدان و درووستبوونی ڕادیکاڵیزمی ئیسلامی و تیرۆر بوو لەو وڵاتانەدا.

ئیسلامی سیاسی لە دو سەرچاوەی گرنگەوە هێزە و وزە وەردەگرێ؛ 
ــ یەکەم: خەڵکی ئیماندار و پەروەردەکراو
ــ دوهەم: سەرچاوەی نەوت

هەتا ئەو دو سەرچاوە بمێنێ بێگوومان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگای ڕمبازێن و مانۆڕی میلیشیا و گروپە ئیرهابییەکان دەبێ. تێچووی ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بەراورد لە گەل وڵاتانی دیکە بە هۆی ئەگەری مەترسییەکان زیاتر لە ڕادەی ئاساییە و هەر هەمووی دەرحەق بە توندوتیژی مەزهەبی سەرف دەبێ 

* کورد و ڕۆژهەڵاتی ناوین:

لە دوای عەرەب، تورک و فارسەکان، نەتەوەی کورد چوارەمین نەتەوەی گەورەی بێ دەوڵەتە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە دوای ڕێکەوتننامەی سایکس پیکۆ، بە سەر چوار دەوڵەتی ناوچەکەدا دابەش بووە. کێشەی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەنیا لەو وڵاتانەدا هەیە کە کوردی تێدا ئەژی، ئەگینا هەموو کێشەکان بە زۆری مەزهەبین. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا  تەنیا پرسی
کورد، نەتەوەیی و دیموکراتیکە و هەروەها هۆکارە بۆ دیموکراتیزەکردنی ئەو ناوچەیە.

لە ڕابردودا پرسی کورد و ژیئۆپۆلیتیکی کوردستان بۆ ئەمریکا بایەخی نەبوو  بەڵام لە "دوای یازدەی سیپتامبەر و ڕووخانی سەدام بەرەبەرە گرنگی پەیدا کرد.سەرهەڵدانی دو ڕەوتی توند و ڕادیکاڵی شێعە و سونە سەرنجی ئەمریکای بۆ لای ڕەوتی میانەڕەو و سیکۆلار کە کوردەکان بوو، ڕاکێشا و لە کورت ماوەدا کوردەکان بوونە  ئەکتەری سەرەکی لە ناوچەکەدا "[۲۳]. سەرهەڵدانی داعش جێگاوپێگەی ئەمریکای لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت عێراق ، سوریا و کوردستاندا زیاد کرد. هەرێمی کوردستان و کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا بە هۆی دەوری گرنگییان لە گەل یارمەتی هاوپەیمانان و دەرکردنی داعش، بوو بە هۆی ئەوە ئەمریکا دەست لە هاوپەیمانی دێرین و ئەندامی ناتۆ ( تورکیا) هەڵبگرێ و دەسەڵاتی کوردستانی ڕۆژئاوا بکاتە جێگرەوەی. لە عێراق و سوریەدا تەنیا دو هەرێمی کوردنشین سەرەڕای هێرشی داعش لە شەڕی مەزهەبی و ناوخۆیی پارێزراو بوون. لە دو بەشی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی چوونە سەری ئاستی زانیاری خەڵک و هاوپێوەندی و مامەڵەی تەندرووستی سیاسی ئەحزاب و خەڵک و ،،،، جوڵەی ئیسلامی سیاسی و جیهادی لاوازتر و پژاوترە و ئینرژییە مەزهەبییەکان بە شێوازەکانی مەدەنییانە ئازاد دەبن هەتا بە شێوازی توندوتیژانە.

"لە باشووری کوردستان ئەحزابی ئیسلامی بەستراوەی ئەحزابی ئیسلامی بەغدا و دەرەوە بوون و مێژوویان پڕە لە هەڵکشان و داکشان، دابڕان، هندێکجار یەکگرتن،شەڕ، جیهاد و هندێکجار خەباتی مەدەنی و پارلەمانی"[۲٤] هەر بۆیە هیچکات نەیانتوانیوە  سەرنجی جەماوەر بۆ لای خۆیان ڕاکێشن و لە پارلەماندا ببنە دەنگی زاڵ. پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هۆکارێکی سیاسی، فەرهەنگی و جوغڕافیاییە بۆ هەڵوەشانەوەی جوغرافیای سیاسی سەرجەم ناوچەکە. ژیئۆپۆلیتیکی کوردستان  سنووردار و داخراوە و دەستی بە دەریای ئازاد ڕاناگات بەڵام چارەسەر بوونی پرسی کورد لەو ناوچەیە شیرازەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێک دەدات و هەڵیدەوەشێنێتەوە. ئەمریکا و دەوڵەتانی ڕۆژئاوا شایەد لە ئیستەدا سەبارەت بە درووستبوونی دەوڵەتی کوردی لە عێراق و سوریادا کەمتەرخەم و بێ هەڵوێست بن بەڵام ستراتیژی و بەرژەوەندی درێژمەودای ئەمریکا، ئوروپا و ئیسرایل لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە سەر درووستبوونی دەوڵەتی کورد چەق دەبەستێ.

"دەسەڵاتی خۆسەری ڕۆژئاوا کە ناوەرۆکێکی غەیرە دینی و سیکۆلاری هەیە لە بەرژەوەندی ئیسرایل دایە چونکا سنووری عەرەبی سوونە و ڕادیکاڵ لە ئیسرایل دوور دەخاتەوە و ئاسایشێکی ڕێژەیی بۆ دابین دەکا. گەورە کردنەوەی ڕۆژبەڕۆژی جوغڕافیای کوردستانی ڕۆژئاوا لە ژێر سێبەری چالاکییەکانی هەسەدەدا دڵخۆشی ئیسرایلی پێوەیە"[۲٥] . 

هەڵکەوتی ژیئۆپۆلیتیکی ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان بە هۆی هاوسنووری لە گەل عەرەبە سوونە و شێعەکان لێک نزیکە و فاکتە فەرهەنگی، ئابووری و سیاسییەکانیان وەک یەکە، هەر بۆیە پێدەچێ لە داهاتوودا لە چوارچیوەی فیدراسیۆنێکدا یەک بگرن و ببنە دەوڵەتێکی یەکگرتوو. وڵاتانی عەرەبی دژی درووستبوونی دەوڵەتی کوردی نین، بەڵام  بۆ ئێران و تورکیا قەبووڵکراو نابێ. یەکێ لە  تەوەرەکانی گەڵاڵەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە چارەسەری پرسی ژنە کە لە حاڵی حازردا لە شەقامەکان کوردستان و ئێراندا(ژن ـ ژینا ـ ئازادی) بۆتە وێژمان و دیسکۆرسی زاڵ. ئۆتۆمیزەبوونی وڵاتانی ناوچەکە کاریگەری لە سەر گەڵاڵەی ڕۆژهەڵاتی ناوینی گەورە نابێ چونکا بەشێکی زۆر لە بەرنامەکانی ئەو گەڵاڵەیە پێوەندی بە پرسە ناوخۆییەکانی ئەو ناوچەوە هەیە و خەڵکی و ئەحزابی سیکۆلار جێبەجێکارین. جیهانیبوون یەکێکی دیکە لە هۆکارە جیهانییەکانە بۆ کاڵ و کەمڕەنگ کردنەوەی سنوورە سیاسی و فەرهەنگییەکان و زاڵکردنی لیبراڵیزمی ئابووری. کوردستان زیاتر لە هەموو وڵاتانی ناوچەکە پوتانسێڵی بۆ ڕوبەڕووبوونەوەی داهاتوو هەیە. ڕادیکاڵیزمی ئیسلامی پێگەی لە کوردستاندا لاوازە، بەڵام لە باکووری کوردستاندا بە هۆی کاڵبوونەوەی پرسی نەتەوەیی و زاڵبوونی وێژمانی ئیخوانیزم ، ئاقارەکان خەریکە بە لای ڕەوتی جەمسەری ئیخوانخوازییدا دەڕوات. 

سەرئەنجام:

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هۆی ژیئۆپۆلیتکی هایدرۆکەربوناتەوە لە لایەن وڵاتانی پیشەسازییەوە سەرنجی لە سەرە و لە هەموو قۆڵێکەوە دەستێوەردانی تێدا دەکرێ. دەستێک بۆ یارمەتی و دابینکردنی ئاشتی و دەستێک بۆ تاڵان.

بەهەر حاڵ گۆڕانکاری بەرین لە ناوچەکەدا بەڕێوەییە و پرسی ئیسلام ئەگەر جاران پێوەندی بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بوو ئیستە وەک مەترسییەک جیهانی بۆتەوە و پێتەختە گەورەکانی جیهان وەک واشینگتۆن، لەندەن، مسکۆ، پاریس و ،،، کاریگەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان لە سەرە و هەرە جۆرە هەڵوێستێکی ناتەندرووستی زلهێزەکان لە ناوچەکەدا، کاردانەوەی لە سەر موسڵمانانی کۆچبەر لە پێتەختەکانیاندا دەبێ. ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەری لە سەر ئاسایشی جیهانی بە تایبەت ئەمریکادا هەیە.مێژووی ئابووری ئەمریکا دەییەی 1970ی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لە بیر ناچێ کە بە هۆی بایکوتە نەوتییەکانەوە تووشی گەورەترین خەسار بوونەوە،یا پرسی ئەتۆمی ئێران گەورە ئاستەنگی بۆ ئەمریکا و ئورووپا لە ئیستەدا درووست کردووە، یا ئەوەیکە تورکیا لە دژی ئەمریکا پێوەندییەکانی لە گەل ڕووسیا چڕوپڕتر کردۆتەوە و،،، .لێرەدایە کە ئەمریکا هەوڵی بەربڵاوی بۆ جێبەجێ کردنی گەڵاڵەی ڕۆژهەڵاتی نوێ خستۆتە گەڕ و بە تەمایە بە بچووکردنەوەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆسپ و تەگەرەکانی بەردەم ئاسایشی وڵاتەکەی نەهێڵێ. 

لە کۆتاییدا پێویستە هەموو لایەک لە لایەن خۆییەوە بە شێوازی فرەڕەهەند هەنگاو بۆ سەقامگیری ئاشتی و ئاسایشی هەمیشەیی هەڵبگرێ. شەپۆلی جیهانیبوون و ئاشتیخوازی هەموو ئایدۆلۆژیا و لایەنەکانی تێکدەری ئاسایش و ئارامی فڕێ ئەداتە لێوارەکانەوە . کوردیش وەک نەتەوەیەکی بەردەم پرۆسەی ئاڵوگۆڕەکان دەبێ بە تێگەیشتن لە ڕاستییەکانی ڕۆژ بزانێ لە نێو ململانییە جیهانی و ناوچەیەکاندا یاری خۆی بکا، هەتا نموونەی کارەساتە دڵتەزێنەکانی وەک هەڵەبجە، شەنگاڵ، کۆبانی، کەرکوک وعەفرین کە بەشێکی هەڵەکاری خۆمانی تێدا بووە،لە داهاتوو دوپات نەبێتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP