هاتنی تاتڵیساس بۆ هەولێر، قسە و باسی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، هەست دەكەم، ئەو هەراو هۆریایەش لەوەوە سەرچاوەی گرت، كاتێك بەندە چوار رۆژ بەر لە هاتنی تاتڵیساس، لە وتارێكدا باسم لە كەسایەتی ئەو گۆرانیبێژە كردبوو و خوێنەران كەسایەتی ئەو گۆرانیبێژەیان بۆ دەركەوت، بۆیە كاتێك لە هەولێر ئەو پێشوازییەی لێكرا، بەرەیەك دژی هاتنی تاتڵیساس بوون و بەرەكەی تریش بەشتێكی ئاساییان وەرگرت.
لەڕاستیدا هاتنی تاتڵیساس بۆ هەولێر، بەلای منەوە ئاساییە، پێشوازیلێكردنیشی هەر ئاساییە، چونكە ئەو گۆرانیبێژێكی بەناوبانگە و هاووڵاتیان هۆگری دەنگین و هەر لەبەر ئەوەشە كە حەز دەكەن وێنەی لەتەكدا بگرن، بەڵام لای ئەو كەسانەی بەلایانەوە گرنگە هونەرمەد خاوەن كەسایەتییەكی بەرز بێت، تاتڵیساس پولێك ناهێنێت، كە من یەكێكم لەوان.
ئەوەی نائاساییە، تێكەڵكردنی بابەتەكانە، بەوەی بارزانی دەهێننە ناو بابەتەكەوە و دەڵێن بۆچی شڤانی بردە ئامەد و لەگەڵ تاتڵیساسدا گۆرانییان بۆ پشتگیری لە ئەردۆغان چڕی؟
دەبێت ئەوە بزانین، ئەو سەردەمەی سەرۆك بارزانی، دەستی شڤانی گرت و بردییە ئامەد، 2013 بوو، لە توركیا هەڵبژاردن لە گۆڕی نەبوو، پرسی چارەسەریش لە تڕۆپك بوو.
ئەوكات توركیا عەفرینی داگیر نەكردبوو، تاتڵیساسیش گۆرانی بۆ داگیركردنی عەفرین نەچڕیبوو، دڵنیام ئەگەر ئەوكات ئیبۆ گۆرانی بۆ داگیركردنی هەر شارێكی كوردی بچڕیبوایە، بارزانی تەوقەی لەگەڵدا نەدەكرد.
باشە ئێوە لە خۆتان پرسیوە، بۆچی پێشتر ئیبۆ كە دەهاتە هەولێر، بارزانی دەبینی، بەڵام ئەمجارەیان بارزانی پشتی تێكرد؟ هۆكارەكەی روونە، بەلای سەركردەیەكی نەتەوەیی وەكوو بارزانی، ئێستا ئیبۆ پولێك ناهێنێت، چونكە گۆرانی بۆ داگیركردنی عەفرین چڕیوە، بەڵام پێشتر قورسایی هەبووە، چونكە گۆرانی بۆ ئاشتی و تەبایی و چارەسەركردنی پرسی كورد لە توركیا چڕیوە.
باشە با وای دابنێین، بارزانی هەڵەی كرد شڤانی بردە ئامەد و لەگەڵ تاتڵیساسدا بەرامبەر بە ئەردۆغان گۆرانی ئاشتییان چری، هەندێك ئەمەیان پێ خیانەتە و دەڵێن پروپاگندەی بۆ ئەردۆغان كردووە، باشە ئەی دەبێت چی ناوێك لەوە بنێن، كە لەو سەردەمەدا، دەرگای ئیمیڕڵی كرایەوە و هەدەپەییەكان سەردانی ئۆجەلانیان دەكرد و گوتەی ئۆجەلانیان بۆ ئەردۆغان دەهێنا و هی ئەردۆغانیش بۆ ئۆجەلان. ئەی دەبێت ئەوكاتیش هەدەپە خیانەتی كردبێت، كە دەیان كۆبوونەوەی لەگەڵ دەزگای میت و ئەردۆغان و دارودەستەكەی دەكرد بۆ پرسی چارەسەری كورد؟
بۆ بابەتی پرسی چارەسەری، چەندین جار دەسەڵاتداری ئاكەپە گوتوویەتی، بارزانی كەسایەتییەكی كاریگەرە و دەكرێت لە پرسی چارەسەری پرسی پێ بكرێت، هەر لەبەر ئەوەش بوو كە بەپێشوازییەكی گەرم و بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان لەناو جەرگەی ئامەد، بارزانی لەلایەن ئەردۆغانەوە پێشوازی لێكرا.
با زیاتر روونی بكەینەوە، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ئیستانبۆڵ لە 2019، ئۆجەلان نامەیەكی لە ئیمیڕاڵییەوە بە محەمەدی برای نارد و داوای لە دەنگدەری كورد كرد لە ئیستانبۆڵ، دەنگ بە بەربژێری ئاكەپە بدەن، كە بیناڵی یڵدرمە و نامەكەش لە كەناڵی فەرمی دەوڵەت (TRT) خوێنرایەوە، ئایە ئەوە بە خیانەت دادەنێیت، یان ستراتیژییەتی ئۆجەلانە، تا بتوانێت ئەردۆغان لە دەسەڵات بهێڵێتەوە و لەرێگەی ئەوەوە پرسی چارەسەری بەرەوپێش ببەن؟
خوێندنەوە و شڕۆڤە بۆ رووداوەكان، دەبێت لەسەر بنەمای زانستیی و شارەزایی بوارەكە بێت، نەك بە رق و كینە و لێدان لە كەسایەتییەكان. بەداخەوە، لەوەتەی تاتڵیساس هاتووەتە هەولێر، وتارێكم نەخوێندەوە كاریگەریی بەسەرم هەبێت، زۆربەی وتارەكان بە نەشارەزایی نووسراون و باكگراوندێكی نەبووە خوێنەر هەست بكات، نووسەرەكەی پاشخانێكی باشی لە سیاسەتی توركیا هەیە، هەمووی عاتیفی و زانیاری هەڵە بووە.