دواین هەواڵ

سەرنجێک لەسەر ئاڵۆزیەکانی ئێران

‌محەمەد ئەحمەد شەمێرانی

02/10/2022

دوای ئەوەی کچە کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژینا ئەمینی (مەهسا)بە ناڕەواو بە دەستی پۆلیسی ئەخلاقی کۆماری ئیسلامی ئێران شەهید کرا، دەنگی ناڕەزایەتی بەشێک لە شارە ئێرانیەکانی گرتەوە، بەتایبەت شارە کوردیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ڕواڵەتدا ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیانە وەک کاردانەوەو هاوسۆزێک بۆ مەرگی ئەو کچە کوردە دروست بوو، بەڵام لە ناوەڕۆکدا هەڵگری ڕقی پەنگخواردوی دەیان ساڵەی ناخی هاووڵاتیانی ئێرانی بوو، وەڵامگۆی خەڵک بوو بۆ هەموو ئەو زوڵم و زۆر و ناعەدالەتیەی کە ساڵەهای ساڵە کۆماری ئیسلامی ئێران دەرهەق بە خەڵکی سڤیلی ئەو ووڵاتە ئەنجامی دەدات.

دەوڵەتی ئێران، وەک دەوڵەتێکی تۆتالیتار سەرەڕای ئەوەی دەستەملانی چەندین کێشەو قەیرانی نێو دەوڵەتیەو کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش وەک جەستەێکی دابڕاو نامۆ سەیری دەکات و مامەڵەی لەگەڵ دەکات، کەچی دەستەو یەخەش بوەتەوە لەگەڵ چەندین قەیران و کێشەی ناوخۆیی، لەجیاتی ئەوەی هەوڵی چارەسەر کردنیان بدات و ڕێکاری گونجاویان بۆ ببینێتەوە کەچی هەوڵی شاردنەوەو پەردە پۆشکردنیان دەدات، وەک پیشەی هەمیشەیی خۆی و هەموو دەوڵەتە دیکتاتۆر و خۆ سەپێنەکانی تر.

کۆماری ئیسلامی ئێران ئەگەر چەندین ساڵە لە ڕێگای دەست و پێوەندەکانیەوە توانیبێتی شۆڕش هەناردەی دەرەوەی سنورەکان بکات، وەک ئەوەی کە لە هەریەکە لە ( لوبنان، سوریا، عێراق، یەمەن) کردی و هەر لەوێشەوە ململانێی نەیارەکانی خۆی کرد، بەڵام ڕەنگە لەمەودوا نە ئەو توانایەی هەبێ نە ئەوەی بۆ بچێتە سەر.

ڕەنگە پێشهاتە سیاسیەکان لە بەرژەوەندی ئەو نەبن و پێدراوە سیاسیەکانیش وامان پێ دەڵێن کە لەئێستادا هەنگاوەکانی بەرەو دواوەن و ئەگەر لە ڕابوردودا خەریکی خەونی گەورەی دروستکردنی هیلالی شیعی بوبێت و توانیبێتی سەرکەوتوانە شۆڕشەکانی بگوازێتەوە دەرەوەی سنورەکانی خۆی ئێستا وا کێشە ناوخۆیەکان چنگیان لە یەخەی گیر کردوەو خەریکە ئەی خنکێنن،

ئەویش بۆ پەردە پۆشکردنیان دەستی داوەتە تۆپبارانکردن و شەڕی درۆنی دژ بەهەرێمی کوردستان، وەک ئەوەی کە لەچەند ڕۆژی ڕابوردودا ڕویداو هێرشی کردە سەر بنکەو بارەگاکانی حیزبە کوردیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نێو خاکی هەرێمی کوردستان، ویستی بەو هێرشانە پەردەپۆشی واقعی ناڕەزایەتیەکان بکات و بە جیهان بڵێت ئەوەی کە هەیە ناڕەزایەتی خۆڕسکی شەقامی ئێرانی و هەڵقوڵاوی ناوخۆی ئێران نیە، بەڵکو دەستی ئاژاوەگێڕی ئەوانە بۆ تێکدانی ئارامی شارەکان و لە دەرەوەی سنورەوە هاوردە کراوە، ئەمە لە کاتێکدا کە پێچەوانەکەی ڕاستەو واقعی ژیان و گوزەرانی خەڵک وامان پێ ناڵێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP