دواین هەواڵ

دیاردەی جنێودان

‌محەمەد ئەحمەد شەمێرانی

25/08/2022

یەکێک لەو دیاردە دزێو ناشیرینانەی کە ئەمڕۆ لە کۆمەڵگای کوردیدا بەشێوەێکی بەربڵاو پەرەی سەندوەو بوەتە بابەتێکی ئاسایی لای بەشێک لە هاووڵاتیان و لە سۆشیاڵ میدیاش بەردەوام تەرویجی پێ ئەدرێت، دیاردەی جنێودانە، ئەم دیاردە قیزەونە خەڵکانی دەروون نەخۆش و هیچ لە بارانەبوو کە فەیسبوک هەلێکی فراوانی بۆ ڕەخساندون، پەنای بۆ دەبەن و زۆرجار لە وەڵامی ئەو نوسین و قسانەی کە بەدڵیان نیە و دژە لەگەڵ بۆچوون و بیرو باوەڕی ئەوان، وەک تۆڵە کردنەوە پەنا بۆ ئەم زمانە بازاڕیەدەبەن.

هەندێکی تر له خەڵکی بۆ بەرگری لە ئاین و باقی پیرۆزیەکانی تر پەنای بۆ دەبەن و پێیان وایە بەم وەسیلە نا ئەخلاقیە ئەتوانن ئاین و ئەخلاقی کۆمەڵگا بپارێزن و نەیارەکانیشیان دەمکوت بکەن، ئەمە لە کاتێکدا هەر خودی ئاین دژە بەم کلتورە ناشیرینەو هانی خەڵکیش ئەدات کە بە هەموو شێوەیەک لێی دوور بکەونەوە.

ئەوەتا خوای گەورە لەقورئانی پیرۆزدا بەڕاشکاوی ئەفەرموێ :(ولا تسبوا الذین یدعون من دون الله.......). تەنانەت خوای گەورە کاتێکیش موسا ئەنێرێ بۆ لای سەرسەخترین مرۆڤ کە فیرعەونە پێی ئەفەرموێ:(فقولا لە قولا لینا لعلە یتذكر ٲو یخشی).

خراپترین دۆخی ئەخلاقی ئەوەیە کە شتێک بکرێتە بەدیلی ئەخلاق کەلە بنچینەدا خودی خۆی نا ئەخلاقی بێت، لە نمونەی ئەوانەی کە پەنا ئەبەنە بەرجنێودان و سوکایەتی کردن بە بەرامبەرەکانیان کاتێک پێچەوانەی ئەو یان مەزهەبەکەی ئەو هەڵسوکەوت ئەکەن و کەچی بەلوتکەی ئەخلاق و دینداریشی دەزانن، بەبێ ئەوەی بیرێک لە دیالۆک و گفتوگۆی هێمنانە بکەنەوەو لە بەرامبەر ووشە، ووشە بەکاربهێنن، ئەمە لە کاتێکدا کە ئەم ڕەفتارە ناشارستانیە هیچ شتێک چاک ناکات و هیچ خزمەتێکیش بە کۆمەڵگا ناکات، بۆیە لەو کاتانەی حاڵەتێکی نەخوازراو یەتە پێش و بەدڵت نیەو پێشت چاک نابێت، باشتر وایە بێ دەنگی هەڵبژێریت، (فلیقل خیرا او لیصمت) بکەیت، نەک پەنا بۆ جنێودان ببەیت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP