دواین هەواڵ

ترەمپ بۆ وایکرد؟

‌ئەردەڵان عەبدوڵڵا

21/01/2021


ئەردەڵان عەبدوڵڵا
کاتێک کۆمەڵێک کەسی ئاژاوەگێڕ پەلاماری باڵەخانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکایان دا، نەک لە ئەمریکا بەڵکو تەواوی جیهانی تووشی شۆک بوون، چونکە ئەمە یەکەمجارە لە ئەمریکادا دیمەنی وا قێزەون و ناشارستانی ببینرێت. لەکاتێکدا ئەمریکا خۆی بە مامۆستای دیموکراسی و مەدەنیەت دادەنێت، بەڵام ئەو دیمەنانەی کە شاشەکانی جیهان لە واشنتۆنی پایتەختەوە گواستیانەوە، هیچ گوزارشتی لە دیموکراسی و مەدەنییەت نەدەکرد، بەڵکە ئەوپەڕی نادیموکراسیی و نامەدەنی بوون. هەر ئەمەش وایکرد کە نەیارانی ئەمریکا سوودیان لەم رووداوە وەرگرت و هێندەی تر هێرشی توندیان کردە سەریی. گەرچی دۆستەکانی ئەمریکاش تەواو نیگەران بوون. هەموو خەڵکی ئەمریکا و جیهانیش پەنچەی تاوانیان بۆ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا راکێشا، چونکە ئەو رێکخەری ئەم خۆپیشاندانە بوو.
بەڵام پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە، ترەمپ بۆ وایکرد؟ هۆکاری چی بوو ؟ چ مەبەستێکی بوو؟
دیارە پێش هەموو شتێک نابێت ئەوەمان لەبیربچێت کە دۆناڵد ترەمپ هەڵگری ناسنامەیەکی پۆپۆلیستی و نیمچە فاشیستییە، سیمای سەرەکی بزووتنەوە پۆپۆلیستەکانیش ئەوەیە باوەڕیان بە دیموکراسی نییە، گەر بە رووکەشیش بڵێن باوەڕمان پێیەتی، ئەوا لەناخدا دژی بنەماکانی دیموکراسین. یەکێکیش لە بنەما سەرەکییەکانی دیموکراسی، هەڵبژاردن و باوەڕبوونە بە بردنەوەو و دۆڕاندنی هەڵبژاردن. پۆپۆلیستەکان تەنها کاتێک باوەڕیان بە دیموکراسی هەیە، کە بگەنە دەسەڵات، دەنا لە ناخدا هیچ باوەڕیان پێ نییە. پۆپۆلیستی هەموو جیهان یەکن، جا لە رۆژئاوا بن یان لە رۆژهەڵات، ئەوەی کە جیاوازییان دەکات، بوونی سیستەمی دیموکراسییە لە رۆژئاوادا، چونکە گەر سیستەمێکی دیموکراسی نەبێت و دامەزراوە دیموکراسییەکان لە پێش هەموویانەوە بوونی دەستوور، سەربەخۆیی دامەزراوە حکومییەکان لەدەستێوەردانی حزبی، بەڵام لە وڵاتە دواکەوتووەکاندا، پۆپۆلیستەکان بە حوکمی ئەوەی هیچ دامەزراوەیەکی دیموکراسی نییە، کاتێک پۆپۆلیستەکان دەسەڵات دەگرنە دەست، ئیتر دەبنە حاکمی دیکتاتۆر و ملهور.
لە ئەمریکا ترەمپ نەیتوانی هەڵبژاردن بباتەوە، نەشیتوانی دەست بەسەر کورسی حوکمڕانیدا بۆ هەتا هەتاییە بگرێت و ببێتە حاکمی دیکتاتۆر، چونکە سیستەمی دیموکراسی لە ئەمریکادا خاوەنی کۆمەڵێک بنەمای پتەوە لەپێش هەموویانەوە بوونی دەستوورێکی دیموکراسی، دامەزراوەی حکومی بەهێز لە پێش هەموویانەوە سووپا، جگە لە بوونی هۆشیارییەکی جەماوەری گەورە.
ترەمپ خۆی زۆرباش دەیزانی کە هیچ کاتێک کۆمەڵێک کەسی ئاژاوەگێڕ ناتوانن سیستەمی دیموکراسی ئەمریکا لەناوبەرن و شکۆی تکاویی بگەڕێنێتەوە، بەڵام ئەمەی کە کردی زیاتر لەبەر دوو هۆکاری سەرەکی بوو. یەکەمیان: کارکردن بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، دووەمیان : تۆڵەسەندنەوە لە نەیارانی.
ترەمپ هەر لە ئێستاوە کار بۆئەوە دەکات کە چوار سالی تر خۆی هەڵبژێرێتەوە، بۆیە کار بۆ بەهێزکردنی هەوادارانی خۆی دەکات لەناو ئەمریکادا. دووەم هۆکاریش، زیاتر گوزراشتی لە دەروونی نەخۆشی ترەمپ و هەوادارانی دەکرد، چونکە نەیاندەتوانی دۆڕاندن قبووڵ بکەن، جگە لەوەش ترەمپ دەیویست تۆڵەیەک لە سەرۆکی کۆنگریش نانسی پیلوسی بکاتەوە، ئەو ژنەی کە بووبوە رێگر و دوژمنی سەرسەختی ترەمپ، هەرچەندە ئەمەش هیچ دەردی نەدەدا، چونکە دواتر پیلوسی تۆڵەی زیاتری لێکردەوەو توانی زۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەران رازیبکات بۆ لێپێچینەوە لە ترەمپ لەسەر ئەو کارەی کە هەوادارانی کردیان.
وانەی گرنگ
وانەی گرنگ لەم روورداوە ئەوە بوو، بۆ هەموو گەلی ئەمریکا ئیسپات بوو کە پێش چوار ساڵ، بڕیارێکی هەڵەیاندا بوو کاتێک دەنگیان بەم پیاوە پۆپۆلیستە دا، چونکە هیچ کاتێک پۆپۆلیستەکان نەک ناتوانن وڵات بە باشی بەرنبەرێوەو چارەسەری کێشەکان بکەن، بەڵکە خۆیان دەبنە کێشەی گەورەو وڵاتیش وێران دەکەن. لەلایەکی تریشەوە ئەم رووداوە ئەوەی بۆ هەموو جیهان سەلماند، پۆپۆلیست هەر پۆپۆلیستە، هیچ کاتێک بۆچوون و سیاسەتیان ناگۆڕن، بەڵکە ئەوە دەورووبەرە کە دەتوانێت ئەوان بگۆڕێت دەنا ئەوان هەموویان لەناخدا یەک شتن جا لە ئەمریکا بن یان لە وڵاتانی دواکەوتوو، هەربۆیە پۆپۆلیزم نەک ناتوانێت کێشەکانی جیهان چارەسەر بکات، بەڵکە خۆی یەکێکە لەکێشە گەورەکانی جیهانی ئەمڕۆمان.
لەهەمووشی گرنگتر ئەوەیە، ترەمپ لەسەرەتادا دروشمی " ئەمریکایەکی بەهێز" ی هەڵبژارد و خۆی بە کەسێکی ناسیۆنالیست دادەنا، بەڵام هیچ سەرکردەیەکی ئەمریکا هێندەی ترمپ، لە جیهاندا ئابڕووی ئەمریکای نەبردووە، بەڵکە ئەم رووداوە وایکرد، دیکتاتۆر و فاشیستێکی وەکو ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا، گاڵتە بە ترەمپ و ئەمریکا بکات.
لەکۆتاییدا دەبێت هەموو جیهان دڵخۆش بێت بە نەمانی ترەمپ لەپێش هەموویانەوە ئێمەی کورد، چونکە چ لە باشوور یان لە رۆژئاوا یان لە باکوور، زەرەر و قووربانی زۆرمانداوە، چونکە ئەوە ترەمپ بوو گڵۆپی سەوزی بۆ فاشیست و خوێنمژێکی وەکو ئەردۆغان هەڵکرد، تاوەکو دەستبکات بە کۆمەڵکوژی کورد تاوەکو دەروونی نەخۆشی خۆیی و فاشیستەکانی تورکیا خۆش بکات. هیوادارین سەرۆکی نوێی ئەمریکا، بتوانێت هەڵەکانی ترەمپ چاکبکاتەوەو دووبارە شکۆ و شانازی بۆ ئەمریکا بگەڕێنێتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP