دواین هەواڵ

ئایا هەدەپە پارتێكی كوردییە؟

‌هێژا دڵشاد

01/08/2021

لە ساتەوەختی دروسبونی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)، ناوبەناو پرسیاری ئەوە دەكرێت ئایا هەدەپە پارتێكی كوردییە؟ ئایا ئەم پارتە نوێنەرایەتی هەموو كورد لە توركیا دەكات؟ ئایا تا چەند بەدەم داخوازییەكانی گەلی كوردە لە باكووری كوردستان؟ ئەمانە و زۆر پرسیاریتر دەوروژێت.

ئەگەر بە كورتی پەرسیڤی ئەوە بدەینەوە كە ئایا هەدەپە پارتێكی كوردییە یاخود نا، لەم سۆنگەیەوە دەشبێت ئەوە بپرسین كێ و چ لایەنێك ئيدعاى ئەوە دەكات كە گوایە ھەدەپە پارتێكی كورديى و كورد نیيە! لێدوانێكی نوێی میقداد سەنجەر، هاوسەرۆكی هەدەپە، دیسان ئەم پرسیارەی هێنایەوە بەرباس و رەخنەی زۆری لێگیرا، سەنجەر وتبووی: هەدەپە پارتێكی كوردیی نییە!

ئەنە لەكاتێكدايە كە سێ بەشی دەنگدەری ئەم پارتە كوردە. ئەو لايەنانەى كە پێيان وايە ھەدەپە پارتێكى كورديى نييە و نوێنەرايەتى كورد لە توركيا ناكات ئەمانەن: یەكەم: ئاك پارتی، سەرۆكی پارتەكە و ئەندامانی پارتەكە بەتایبەت بەرپرسە كوردەكانی ئەم پارتە، ھەميشە دەڵێن هەدەپە پارتێكە لە زیانی گەلی كورد و دەسكەوتەكانی سیاسەت دەكات، بۆیە نوێنەرایەتی كورد ناكات. ئامانج لەمە ئەوەیە كە هەق بدەن بە خۆیان وەك كوردێك خزمەت بە حكومەت و دەوڵەتی تورك دەكەن و بەردەوامیش وەك كوردێك ستایشی دەوڵەت دەكەن.

ئەم بۆچونە خزمەت بەو سياسەتە دەكات كە بەردەوام لەھەوڵى بە تيرۆريست ناساندنى ھەدەپەيە، ئەويش خودى دەسەڵاتى ئاك پارتييە. دووەم: پارتییەكانی باكووری كوردستان، زۆرێك لەو كوردانەی باكوور بە تەواوی دژی سیاسەتەكانی پەكەكە و هەدەپە دەوەستنەوە، لە هەردەرفەتێكدا هەدەپە بەو جۆرە وەسفدەكەن كە نوێنەرایەتی كورد لە باكوور ناكات و بگرە هەمیشە باس لەئەزمونی هەرێمی كوردستان و ستایشى پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەن. ئەم بەرەیە پێكهاتوون لە چەند لایەنێك لەشێوەى پارتى سياسى بچوك و گروپێك پێكدێن، ئەمانە چەند تۆڕێكى بڵاون لە توركیا و لە دەرەوەی توركیا دژایەتی هەدەپە دەكەن.

هەرچەندە لە نوسینەكانی پێشترمدا زۆر بە وردی ئەم بابەتەم نوسیوە، بەپێی ئەزمونی خۆم و ئەو سەردانانەی بۆ باكووری كوردستان و توركیا ئەنجاممداوە ئەنالیزم بۆ كردووە، ئەمجارەش زۆر بە كورتی فاكتەكان دەنوسم لەسەر ئەوەی هەدەپە پارتێكی كوردییە یاخود نا. ئەگەر هەدەپە پارتێك نییە بۆ كورد و دۆزی كورد باشە بۆچی تاكە پارتی سیاسییە لە توركیا بە ئەندازەی نیوەی پارلەمانتارەكانی بەدەسیهێناوە دەسگیركراون؟

بۆچی پتر لە ١٥ هەزار چالاكوان و لایەنگرانی ئەم پارتە لە زینداندان؟ بۆچی سیاسییەكانی هەدەپە بە تیرۆریست ناودەبرێن؟ بەردەوام درگای مێدیاكان بە رویاندا داخراوە؟ بۆچی زۆرترین پارتە سیاسییەكانی توركیا دژایەتی هەدەپە دەكەن؟ بۆچی قەیوم و لێسەندنەوەی پارێزبەندی بەتەنها لەسەر ئەم پارتە جێبەجێ دەكرێت؟ راستییەكیتر هەیە ئەویش دەنگی كورد لە باكوور پەرتەوازەیە، دابەشبووە بەسەر زۆربەى پارتە سياسييەكاندا، پێموانيە ھيچ پارتێكى سياسى لە توركيا ھەبێت ئەندام و دەنگدەرى كوردى تيانەبێت، ھۆكارە سەرەكييەكەى ئەمەش بۆ سياسەتى سەد ساڵەى دەوڵەتى تورك دەگەڕێتەوە لەھەمبەر سياسەتى توانەوەو پاكتاوكردنى شوناسى كورد بەھەموو رەھەندەكانييەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا هەدەپە نزیكەی شەش ملیۆن دەنگی هەیە، هیچ پارتێكی سیاسی كورد نەیتوانیوە بە نیوەی ئەو دەنگانە بەدەسبهێنێت. لە باكووری كوردستان چەند پارتێكی سیاسی كورد هەن، لەسەر بنچینەی رێبازی پارتی دیموكراتی كوردستان دامەزراون، ئایا لە ئەگەری نەبونی هەدەپە چ پارتێكی سیاسی كورد هەیە بتوانێت ئەو بۆشاییە پڕبكاتەوە؟ لەكاتێكدا ئەم پارتانە بەھۆى كەمى رێژەى دەنگەكانيانەوە نەيانتوانيوە پارلەمانتارى خۆيان بنێرنە پارلەمان. لە پایزی ساڵی ٢٠١٢ هەدەپە دامەزرا، دروشمەكانی خۆی بەتەنها لە هەرێمەكانی باكووری كوردستان چڕنەكردەوە بەڵكو ویستی بوو پەیامی خۆی بۆ گشت گەلانی توركیا بگەیەنێت.

مەبەست لەم وتەیە ئەوەیە كە بڵێین هەدەپە بە تەنها پارتێكی كوردیی نیە، بگرە پارتێكە بۆ گشت گەلانی توركیا و لایەنە ئازادیخواز و لیبەراڵ و كەمایەتی و ئەتنیكەكانیتری ناو توركیا، دروشمەكانی ئەم پارتە هەمیشە بەو ئاڕاستەیە بووە، وەك چەترێك توانیوێتی دەنگە غەیرە كوردەكانیش لەخۆی كۆبكاتەوە. بە بۆچونی من لەمەدا سەركەوتوو بووە. بەكورتييەكەى ھەر چۆن كوردێك لەناو ئاكەپە و جەھەپە و مەھەپە و پارتەكەى داودئوغڵو و بابەجان سياسەت دەكات، بەھەماشێوە رەوايە توركێك ياخوود غەيرە نەتەوەيەكيتر لەناو ھەدەپەدا سياسەت بكات، وەك ئەوەى لە ئێستادا ھەدەپە تاكە پارتە كە پارلەمانتارى ئەرمەنى و ئێزدى و تەنانەت توركيشى تياھەيە.

هەدەپە لە ساڵی 2014، ئەوكات پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا لەئارادا هەبوو، ستراتیژی (بە توركیایی بون) ی راگەیاند. ئەمە نۆرمێكی نوێی بزوتنەوەی سیاسی كورد بوو لەو وڵاتە توانی بە ئەندازەی سەركەوتنی باش بەدەسبهێنێت.

فاكتێكی حاشاهەڵنەگرە هەدەپە بەو سیاسەتەی توانی بەربەسی سەدا 10 ی هەڵبژاردن ببڕێت و سەدا 13 ی دەنگەكان بەدەسبهێنێت. ئەگەر كۆنسێپتە سەرەكییەكەی هەدەپە مەسەلەی چارەسەری پرسی كورد و داكۆكیكردن بێت لە مافە رەواكانی كورد لەو وڵاتە، ئەوا پرسە گرنگەكانیتری ناوخۆی توركیا بیرنەكردووە وەك پرسی كەمایەتییەكان، پرسی دین و عەلمانییەت، پرسی ژن، پرسی ژینگە و سروشت و هتد...

لەم سۆنگەوە تێكڕا سەیری هەدەپە بكەین دەكرێ بە پارتێكی گشتگیرتر ببینرێت، بەوەی نەڵێین "پارتێكی كوردیی نییە" بەڵكو بڵێین "بە تەنها پارتێكی كوردیی نییە".

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP