ئێمە هەموو یاریکەرە دەوڵەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستمان بەباشی ناسی، بەڵام هەموو کوردمان نەدەناسی. پێمانوابوو مادام کە کوردن، کوردستانی بیر دەکەنەوە. مەخابن تورکیایی، سووریایی، عێراقی و ئێرانی دەژیان و تێدەفکرن.
هێشتا دەرفەت هەیە پێش بە ئەو پلانە بگیردرێت کە دەیەوێت باشووری کوردستان دەورپێچ بکات و هەموو لوتکە بەرزەکانی تەسلیمی داگیرکەران بکات. هێشتا مەجال هەیە پێش بە ڕوودانی کارەسات لە ڕۆژهەڵات بگیردرێت. ڤیدیۆکانتان بینی چۆن درۆنی تورکی ساتی ڕادەستکردنی بەرزاییەکانی دەڤەری ئامێدی تۆمار دەکرد؟ دەزانن بە دەیان پێگەی ستراتیژی کورد لە باشوور، لەسەر سینی زێڕین تەسلیمی سوپای عوسمانی کرا، نەک پێشمەرگە! تۆ کە بەرزاییەکانی ئامێدی پێشکەشی تورکیا دەکەی، من چۆن چاوەڕوانیم هەبێت ڕێگە بدەی هێڵی پێوەندی ئەمنی و سەربازیی لە نێوان حکومەتی هەرێم و شەنگال دروست بێت. چۆن چاوەڕوانیم نەبێت بەرزاییەکانی سنووری ڕۆژهەڵات و باشوور پێشکەشی عێراق و ئێران نەکەی؟
ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٦٧وە هەموو هەوڵی خۆی داوە بۆ ئەوەی بەرزاییەکانی شاخی هێرمۆن «جبل الشیخ» لە سووریا کۆنترۆڵ بکات. لەوکاتەوە بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕا. ساڵی ٢٠٢٤ لە یەکەم ڕۆژی دوای کەوتنی بەشار ئەسەد، هێزی کۆماندۆی بردە ئەوێ و وتی هەموو دونیا بپاڕێتەوە و تکا بکات ئەم لووتکەیە چۆڵ ناکەم، چونکە لێرە دەتوانم ئاسایشی نەتەوەیی خۆم بەباشی بپارێزم.
لووتکە واتە کۆنترۆڵکردنی ڕێگا ستراتیژییەکان. واتە چاودێریکردنی بچووکترین جموجۆڵەکان. واتە بینین و ناسینی وردترین مەترسییەکان و واتە باشترین و گونجاوترین شوێن بۆ داڕشتنی پلانی بەرگری و هێرش کردن.
باشووری کوردستان خەریکە لوتکەکانی لێدەستێنرێت و کەس باسی ناکات. ڕەنگە تێڕوانینی بەرتەسکی حیزبی هۆکار بێت، بەڵام هیچ گومانێکتان نەبێت، لە هەرکوێ شوێن پێییان دەرکەوتبێت، عێراق و تورکیا و ئێران دەچنە ئەوێ. لە داهاتووشدا لە ڕۆژهەڵات هەمان بەزم دەبێت.
ئینگراسیۆن و «پرۆسەی ئاشتی» بیانوون، مەبەست قوڵبەستکردنی کوردە. هەتا ئێستا ئەوەی لەژێر ناوی ئینتگراسیۆن ڕوویداوە، لە دەرەوەی سنوورەکانی تورکیا بووە، بۆیە ئەگەر ئێستا پێش بەم کارەساتە ئاسایشییە نەگیردرێت، چیتر کورد قەت ناتوانێت بڵێت «هیچ دۆستێکم نییە بێجگا لە چیاکان»، چونکە چیاکان دەبنە مۆڵگەی دوژمنانی کورد!