دواین هەواڵ

ئەمریکا پێویستی بە ڕێگەی دەربازبوونە بۆ خۆی، نەک 'ڕۆژی یەکلاکردنەوەی ئابووری' بۆ سەر ئێران

‌هەڵۆ حەسەن

1 کاتژمێر پێش ئێستا

تەماشاکردنی زلهێزێک کە ناتوانێت لە ململانێیەکی سەربازیدا سەرکەوێت و وەها پیشان دەدات کە دەتوانێت لە گەمارۆیەکی ئابووریدا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، ئەگەر ئەوەندە تراژیدی نەبووایە، کارێکی کۆمیدی دەبوو،ئەمە هەمان ئەو دیمەنەیە کە ئەم هەفتەیە بینیمان؛ کاتێک وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، سکۆت بێسێنت ڕاگەیاند:"گەورەترین هێرشی دارایی کە تا ئێستا دژی نەیارێک ڕێکخرا بێت" — کە لەم بابەتەدا مەبەست ئێرانە — ئاشكراكرد، بەڵام دواتر دان بەوەدا بنێت کە واشنتۆن لە ڕاستیدا هێشتا ناوی ئەو وڵاتانەی نەهێناوە کە سزا دەدرێن یان سزای لاوەکی بەسەردا نەسپاندوون. بڕیار وایە "ماوەی مۆڵەت/چاکسازی" هەبێت و سزاکان بۆ دواتر دوا بخرێن،واشنتۆن دەیەوێت تاران تێبگەیەنێت کە ڕێکاری توندتر لە ڕێگەن، لە هەمان کاتدا بژاردەکانی خۆی کراوە دەهێڵێتەوە.

بەڵام ئەم "'ڕۆژی یەکلاکردنەوەی ئابووری /دەی-دەی ئابوورییە"ی کە زۆر ڕیکلامی بۆ کرابوو، زیاتر لە کارێکی بێ‌ئاکام و سارد دەچێت،نوێترین هەڵمەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان نزیکەی ٦٠ کەسایەتی، دامەزراوە و کەشتی دەکاتە ئامانج و مەودای سزاکان فراوانتر دەکاتەوە بۆ ناو دارایی دیجیتاڵی، زێڕ، تەکنەلۆژیا، فڕۆکەوانی و کەشتیوانی.

دوای ئەوەی نەیتوانی بە تەواوی هەناردەکردنی نەوتی ئێران پەکبخات، واشنتۆن لە ڕووی تەکنیکییەوە هێرشێکی کراوە دەکاتە سەر ئەو سیستەمە داراییەی لە دەرەوەی هەژموونی دۆلارە، بە مەبەستی پاراستنی باڵادەستیی دۆلاری ئەمریکی،چین — کە یەکێکە لە هاوبەشە بازرگانییە سەرەکییەکانی ئێران — هەڵوێستی خۆی ڕوون کردووەتەوە. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، لین جیان ڕایگەیاند کە سزا و گوشارەکان کێشەکان چارەسەر ناکەن، بەڵکو تەنیا گرژییەکان زیاد دەکەن و زیان بە گەشەی ئابووریی جیهانی و سەقامگیریی دارایی دەگەیەنن.

چین داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات بگەڕێنەوە بۆ چارەسەری سیاسی لە ڕێگەی دیالۆگ و دانوستانەوە،واشنتۆن ناتوانێت هەموو هاوبەشێکی بازرگانی بکاتە هاودەستی ئەمریکا لە قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. چین ئەوەی پێویست بێت دەیکات بۆ پاراستنی ماف و بەرژەوەندییە ڕەواکانی خۆی،تەنزی بابەتەکە لەوەدایە لەکاتێکدا بێسێنت شەڕێکی ئابووری ڕادەگەیاند، فەرماندەی سوپای پاکستان، مارشاڵ عاسیم مونیر، دوای قسەکردن لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ، گەشتی بەرەو تاران دەکرد.

سەرچاوە پاکستانییەکان ڕایانگەیاند کە واشنتۆن داوای لە ئیسلام ئاباد کردووە هەژموونی خۆی بەکاربهێنێت بۆ گەڕاندنەوەی ئێران بۆ سەر مێزی دانوستان،جیهان پێشتریش ئەم نمایشە دوو ڕووەی بینیوە. واشنتۆن چەندین جار ئیدعای زیادەڕۆیانەی لەسەر گەرووی هورمز کردووە؛ لە کاتێکدا ڕایگەیاندبوو کە گەمارۆی ئەمریکا "١٠٠٪ کاریگەر بووە" و "کۆنترۆڵی تەواوی" لەسەر ناوچەکە هەیە، لە کاتێکدا بە ئاشکرا وا نەبوو،بە دیاریکردنی وادەی کاتی بۆ وڵاتانی تر تا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران لە بوارە دیاریکراوەکاندا ببڕن، واشنتۆن بەکردەیی دانی بەوەدا ناوە کە گوشارە ناوخۆییەکان وایان لێکردووە بێهوا بێت لە ڕزگاربوون لەو پشێوییەی کە خۆی دروستی کردووە،تەواوی جیهان، بەتایبەتی ئێران، بە ڕوونی دەبینن کە ئیدارەی ئەمریکا زیاتر و زیاتر لە قەیرانێکدا گیری خواردووە کە دروستکراوی دەستی خۆیەتی.

نرخی بەنزین لە ئەمریکا بۆ سەروو ٤ دۆلار بۆ هەر گالۆنێک بەرزبووەتەوە. هەڵئاوسان و تێچووی ژیان بە ئازارەوە بە بەرزی ماونەتەوە. قەرزی نیشتمانیی ئەمریکا بۆ زیاتر لە ٤٠ تریلیۆن دۆلار بەرزبووەتەوە، لەکاتێکدا ئیدارەی ئەمریکا دەستوەردان لە بازاڕی گەنجینەدا دەکات بۆ پشتیوانیکردنی داواکاری لەسەر سەنەدە حکومییەکان،لە بەرامبەر ئەم پاشخانەدا، ململانێی ئێران دەرفەتێکی سەرنجڕاکێشی سیاسی دەخاتە ڕوو.

ئیدارەیەکی ئەمریکی کە لە ژێر گوشاری ئابووریی ناوخۆدا بێت بەرپێی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول (میدتێرم)، دەتوانێت هەمیشە بە هەڕەشەکردن لە نەیارێکی دەرەکی و فەرماندانی بە بەشەکەی تری جیهان، خۆی بە بەهێزتر نیشان بدات. لە سیاسەتدا، بەڕێوەبردنی چاوەڕوانییەکان دەستکەوتی زۆر زیاترت پێدەبەخشێت بە بەراورد لەوەی بەڵێنەکانت بەجێبهێنیت،ئێران بەدرێژایی چەندین دەیە بەرگەی سزاکانی گرتووە. میکانیزمی تایبەتی داڕشتووە بۆ هەمەجۆرکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی. تاران دەڵێت ئامادەکاریی بۆ ئامادەکردنی پلانێکی دوو ساڵە کردووە بۆ بەرگەگرتنی دواین ڕێکارەکانی ئەمریکا. ئەوەی ئایا ئەو پلانە سەرکەوتوو دەبێت یان نا، پرسیارێکی ترە. بەڵام چاوەڕوانکردنی ئەوەی تەنیا سزای نوێ ئەنجامێک بەدەستبهێنێت کە لە نزیکەی نیو سەدەدا بەدەست نەهاتووە، بە ئاستەم دەکرێت ناوی بنێیت ستراتیژ،هەرچەند ئەم جەنگ و گەمارۆ ئابوورییە زیاتر درێژە بکێشێت، تێچووەکانی زیاتر بڵاو دەبنەوە — بۆ بازاڕەکانی وزەی جیهانی و لە کۆتاییدا بۆ سەر خێزانەکانی ئەمریکا.

ئیدارەی ئەمریکا پێویستی بە ڕۆژی یەکلاکردنەوەی ئابووری تر نییە بۆ ئێران، بەڵکو پێویستی بە ڕێگەیەکی دەربازبوون و دەرچوونە بۆ خۆی،دوای ئەو هەموو شکست و سەرکێشییە سەربازییانەی، دەبوو ئەمریکا تا ئێستا فێر ببێت کە ناتوانیت بە بۆردومانکردن نەتەوەیەک تەسلیم بکەیت، یان بە سزا ناچاری کۆڵدانیان بکەیت، یان بە هەڵخەڵەتاندن لەو زۆنگاوەی خۆت دروستت کردووە ڕزگارت ببێت.

لە خاڵێکدا، تەنانەت زلهێزەکانیش دەبێت لە نێوان شانۆگەریی هێز و کارکردنی سەختی دیپلۆماسیدا یەکێکیان هەڵبژێرن،دوا جار کە ئیدارەی ئەمریکا ڕۆڵی دەستنیشانکاری لیستی بۆ بەشەکەی تری جیهان بینی، کارەساتی گەورەی باجی گومرگی (تەریفە) بوو — نمایشێک کە دواتر بە ناپێویست و نایاسایی هەژمار کرا و بە دەرئەنجامە دۆڕاوەکەی لە یادەکاندا مایەوە. دیسانەوە لێرەین، واشنتۆن دەست دەکاتەوە بە بەکارهێنانی هەمان ڕێسای کۆن، ئەمجارەیان بە ناوی ململانێی ئێرانەوە. ئەستەمە مێژوو بە بەزەیییەوە لەم دووبارەکردنەوەیە بڕوانێت.

و/هەڵۆ حەسەن

چاینا دەیلی:ڕۆژنامەیەکی فەرمیی دەوڵەتی چینە بە زمانی ئینگلیزی کە لە ساڵی ١٩٨١ەوە دەردەچێت و گوزارشت لە هەڵوێست و سیاسەتە فەرمییەکانی حکومەت دەکات،ئامانجی سەرەکیی گەیاندنی تێڕوانین و دیدگای فەرمیی پەکینە سەبارەت بە پرسە ناوخۆیی و جیهانییەکان بۆ خوێنەرانی بیانی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی

US needs an exit ramp for itself, not an 'economic D-Day' for Iran: China Daily editorial
https://www.chinadaily.com.cn/a/202608/25/WS6a8d857ee4b057c97e209ac1.html

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP