دواین هەواڵ

کشانەوەی ئيماڕات لە ئۆپيک

‌رەنج نەوزاد

9 کاتژمێر پێش ئێستا

لە ١٩٦٧ کە جارێ ئيمارات وەک دەوڵەت دانەمەزراوە، لە ڕێگەی میرنشینی ئەبو زەبی-یەوە دەبێتە ئەندامی ئۆپيک، پاشان لە یەکەم ساڵی دامەزراندنی دەوڵەتەکە لە ١٩٧١، وەک ئيمارات دەبێتە ئەندام. لەو کاتەوە یەکێکە لە ئەندام و بەرهەمهێنەرە سەرەکييەکانی ئۆپيک و پاشان لە ٢٠١٦ەوە لە ئۆپيک و ئۆپيک پڵەس. کشانەوە ئيمارات لەو ئۆپيک چەند هۆکارێکی سياسی و ستراتيژی و ئابووری هەیە:

١. تێڕوانينی مەحەمەد زايد: لە ٢٠٠٤ەوە یەکێکە لە بڕياربەدەستە سەرەکييەکانی ئيماڕات، لە ٢٠١١ لەگەڵ سەرهەڵدانی ئەوەی پێی دەوترا بەهاری عەرەبی، ڕۆڵی زیاتر دەبێت. لە ٢٠١٤ەوە، پاش ئەوەی خەليفە زايدی برای تووشی نەخۆشی دەبێت و دووردەکەوێتەوە لە سياسەت، مەحەمەد زايد وەک ديفاکتۆ دەبێتە دەسەڵاتداری یەکەمی ئيماڕات و لە ٢٠٢٢ بە فەرمی دەبێتە سەرۆکی ئيماڕات. لەو کاتەوە تێڕوانينەکانی خۆی بە بەردەوامی جێبەجێ دەکات. مەحەمەد زايد پێی وابوو دەرەفەتەکان و تواناکانی وڵاتەکەی لەوە زیاترە کە تەنيا دەوڵەتێکی خۆشگوزەران و ناوەندێکی بازرگانی و گەشتياری بێت، واتە ئيماڕات دەبێت گەورەتر بێت لە دوبەی. هاوکات، پێیوایە، بایەخنەدان بە هەڕەشەکانی ناوچەکە و هەڵوێستی بێ لایەنی بەرانبەر بە هەموو ڕووداوەکان، وا دەکات ئەو هەڕەشانە بگەنە ناو ئيماڕات، جگە لەوەی هەلی هەژموونێکی ناوچەیی لەدەست دەدات.

لە ٢٠١٤ەوە تا ئەمڕۆ ئيماڕات چالاکانە بەشدارە لە زۆربەی ڕووداوەکان، ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە شکست پێهێنانی ئيخوانەکان، بەرەی تورکيا و قەتەر، بۆ گەيشتن بە دەسەڵات لە ناوچەکە. بە تايبەت لە ميسر، پاشان لە تونس و ليبيا و یەمەن. لە زۆرێک لەو هاوکێشە و ململانێيانە لەگەڵ سعوودييە هاوپەيمان بوو. پاش بەهاری عەرەبی، ڕۆڵی گەورەی هەبوو لە پرسی سوودان و بابەتی سەربەخۆیی سۆماڵيلاند، بابەتی ڕێککەوتنی ئيبراهيمی. ئەم سياسەتە پێويستی بەوەیە ئيماڕات لە ڕووی بڕياری سياسييەوە تا ڕادەیەکی زۆر سەربەخۆ بێت، ئەوەش پێويستی بە سەربەخۆیی زیاترە لە ڕووی ئابووریيەوە.  کشانەوە لە ئۆپيک ئازادييەکی زیاتر بە ئيماڕات دەدات. 

٢. مامەڵەکردن لەگەڵ سعوودييە، لە سەرەتای بەهاری عەرەبی تا چەند ساڵێک، پەيوەندی مەحەمەد زايد و مەحەمەد سەلمان تۆکمە و بەهێز بوو. مەحەمەد زايد ڕۆڵی گەورەی هەبوو لە هێنانە پێشەوە و ناساندنی مەحەمەد سەلمان. سەرەتا  پەيوەندی ئەو دووانە وەک پەيوەندی مامۆستا و خوێندکار بوو، چونکە مەحەمەد سەلمان گەنج بوو. پاش هەڵکشانی تەمەنی و بەدەستهێنانی متمانە و دەسەڵاتی زیاتر، گەڕایەوە بۆ سياسەتە هەميشەییەکەی سعوودييە کە دەبێت برا گەورەی کەنداو بێت و ئەوانی تر بە گوێی بکەن. ئەمە هۆکارێکە بۆ درووستبوونی ئەو ململانێ شاراوە و ساردەی نێوان هەردوو دەوڵەت لەم چەند ساڵەی دوایی. مەحەمەد زايد پڕۆژە و خەون و تواناکانی زۆر لەوە زیاترە تەنيا لە ژێر چەتری سعوودييە سياسەت بکات. 

هۆکارێکی تر بريتييە لە پرسی ئيخوان و ئێران. لای مەحەمەد سەلمان ئێران هەڕەشەی یەکەمە و پاشان ئيخوان. لای مەحەمەد زايد، ئيخوان هەڕەشەی سەرەکييە و پاشان ئێران. ئەم جياوازييە لە هەڵسەنگاندن، بووە هۆکاری ناکۆکييەکی ئاشکرا لە نێوان هەردوو دەوڵەت لە یەمەن. مەحەمەد سەلمان لە دژی حووسی و ئێران بەلایەوە ئاسایی بوو ئيخوانەکانی یەمەن بەکاربهێنێت، مەحەمەد زايد ئەوەی ڕەتکردەوە. وردە وردە ناکۆکيەکان گەيشتنە ئەوەی سعوودييە هێزی سەربازی دژ بە بەرەی ئيمارات لە یەمەن بەکاربهێنێت و بەياننامەی فەرمی دژی بڵاوکردەوە. تێڕوانينی ئيمارات بۆ ئيسرائيل و پرسی سوودان و سۆماڵيلاند، هۆکاری ترن بۆ ناکۆکی نیوان هەردوو دەوڵەت. شەڕەکەی ئەمريکا و ئيسرائيل و ئێران تا ڕادەیەک ئەو ناکۆکيانەی نێوان هەردوو دەوڵەتی سڕ کرد. بەڵام هاوکات، لە ڕوویەکی ترەوە ناکۆکييەکی تری درووستکرد. ئيماڕات بە توندتر و ئاشکراتر دژی ئێران مامەڵەی کرد، چ لەسەر ئاستی بەياننامە و دبلۆماسی، چ لەسەر ئاستی سەربازی، ڕاپۆرت و هەواڵی نا فەرمی هەن کە دەڵێن تەنانەت ئيماڕات چەند جارێک هێرشی سەربازيشی کردووەتە سەر ئێران لە ماوەی شەڕەکە. سعوودييە هەڵوێستی بەو شێوەیە ڕەق نەبوو. لە تێڕوانينی مەحەمەد زايدەوە، سعوودييە وەک گەورەترين و بەهێزترين دەوڵەتی کەنداو، کەمتەرخەم و لاواز بوو لەو جەنگە، ئەمەش هانی ئێرانی دا هێرشی زیاتر بکاتە سەر کەنداو. لە تێڕوانينی مەحەمەد سەلمانەوە ئيماڕات توند و ئاشکرا دژایەتی ئێرانی کردووە و ئەمە وا دەکات کەنداو ببێتە بەشێک لە جەنگەکە. 

ئەم ناکۆکييە فرە ڕەهەند و بەردەوامانە دوو هەنگاوی لێ کەوتەوە لە لایەن ئيماڕات و سعوودييەوە: ناڕاستەوخۆ دژایەتی یەکتر بکەن لە هاوکێشەکانی ناوچەکە، بە تايبەت لە سوودان و یەمەن. هاوکات، سعوودييە هەوڵدەدات ئيماڕات دەستەمۆ بکات، لەبەرانبەردا ئيماڕات هەوڵدەدات زیاتر سەربەخۆ بێت لە هەژموونی سعوودييە. کشانەوە لە ئۆيک پەيوەندەييەکی ڕاستەوخۆی بەم خاڵەوە هەیە. ئۆپيک تا ڕادەیەکی زۆر لە ژێر هەژموونی سعووديەیە، ئۆپيک پڵەس لە ژێر هەژموونی سعووديە و ڕووسيایە، واتە ناڕاستەوخۆ، سعوودييە لە ڕێگەی ئۆپيکەوە هەژموونێکی ئابووری و وزەی گەورەی هەبوو بەسەر ئيماڕاتدا. کشانەوەی ئيماڕات لەو رێکخراوەیە، ئەو هەژموونەی سعوودييە ناهێڵێت، هاوکات دەتوانێت هەژموونی سعوودييە بەسەر وزەی جيهانی و کەنداو کەمتر بکاتەوە. 

٣. ئيماڕات داهاتێکی زۆری خەرج کردووە لە وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت، توانای بەرهەمهێنان و فڕۆشتنی نەوتی زۆر لەوە زیاترە کە هەیە. بەڵام لەبەر ئەو سنوورانەی کە ئۆپيک بۆی دانابوو، نەيدەتوانی ئازادنە نەوت بەرهەمبهێنێت و بفڕۆشێت. بۆ نموونە زۆربەی کات ئيمارات ٢ مليۆن بەرميل ڕۆژانەی کەمتر لە توانای خۆی فڕۆشتووە بە هۆی ئۆپيک-ەوە،کە ئەمە لە سوودی سعوودييە بە پلەی یەک، پاشان لە سوودی ڕووسيا بوو، هاوکات ئيماڕاتی بێ بەش دەکرد لە قازانجێکی زیاتر. پاش کشانەوەکە ئيماڕات دەتوانێت دوو مليۆن بەرميل نەوت زیاتر بفڕۆشێت، لە ڕووی نرخيشەوە ئازادتر دەبێت. هاوکات، دەتوانێت وەک کارتێک بەرانبەر بە بەهێزترين چەکی سعوودييە کە نەوتە، بەکاربهێنێت. سعوودييە پێويستی بەوەیە نرخی نەوت گران بێت، ئيمارات بە نرخی هەرزانتريش هەر قازانج دەکات. 

٤. یەکێک لە هۆکارە سەرەکييەکان پەيوەندی هەیە بە (ستراتیژی وزەی ئیمارات 2050), بە پێی ئەم ستراتيژە ئيماڕات تا ٢٠٥٠ دەيەوێت ببێتە دەوڵەتێک کە تا ئەندازەیەکی زۆر پشت بە وزەی پاک ببەستێت، نەک نەوت. بۆ نموونە، گەورەترين ويسگەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر لە جيهاندا، وێسگەی (الظفرة)یە لە ئەبو زەبی. چەندين پڕۆژە و ستراتيژی هاوشێوەی (الأجندة الوطنية الخضراء- 2030 ) و(استراتيجية الإمارات للحياد المناخي 2050) کە ئيماڕات ساڵانێکە بەوپەڕی تواناوە کاری لەسەر دەکات ئامانجی ئەوەیە تا ڕادەیەکی زۆر دەستبەرداری نەوت ببێت. بۆ نموونە ئێستا ٧٠٪ی GDPی ئيماڕات لە کەرتەکانی وەک بازرگانی و گەشتياری و بانک و پيشەسازييەوە دێت، نەک نەوت. دەيەوێت لە بواری بەرهەمهێنانی کارەبا و پێداويستيەکانی تريش نەوت بە هەمان شێوە کەم بایەخ بکات. ئيماڕات لە سياسەتی ژينگەپارێزی و سەوز تەنانەت لە پێش زۆرێک لە دەوڵەتە ئەوروپيەکانەوەیە، ئەمە بۆ دەوڵەتێکی نەوتی، داهێنان و ئەزموونێکی دەگمەنە. 

لە تێڕوانينی ئيماڕاتەوە ئايندەی نەوت لەبەردەم دوو ئەگەرە: یان لە جيهاندا گرنگی کەم دەبێتەوە و بڕەکەی تەواو دەبێت؛ ئەگەر ئەوەش ڕوونەدات، ئيماڕات خۆی دەيەوێت تا ڕادەیەکی زۆر دەستبەرداری بێت. پرسيار ئەوەیە، کەواتە ئەو هەموو نەوتەی کە ئیستا لە ئيماڕات هەیە چی لێ بکرێت؟ بە فيرۆ بدرێت و بەکارنەهێنرێت؟ وەڵامەکەی لای ئيماڕات ئاسانە، بە ماوەیەکی کورت زۆربەی دەربهێنرێت و بفڕۆشرێت، داهاتێکی گەورە بەدەست بێت و خەرج بکرێت بۆ کەرت و بوارەکانی تر. یەکەم هەنگاو بۆ ئەم پلانە، دەبێت ئيماڕات ئازادانە نەوتەکەی دەربهێنێت و بە بڕێکی زۆر بيفڕۆشێت، بێ ئەوەی لایەنێکی تر ناچاری بکات کە ٢ مليۆن بەرميل بفڕۆشێت ڕۆژانە لە بری ٥ مليۆن کە توانای خۆیەتی، بۆ ئەمە یەکەم هەنگاو دەبێت لە ئۆپيک بکشێتەوە. 

٥. ئيماڕات ساڵانێکە لە بواری ژيریی دەستکرد یەکێکە لە پێشەنگەکانی جيهان، پێیوایە ئايندەی هێز و ئابووری لە ژيریی دەستکردە، نەک نەوت. یەکەم دەوڵەتی جيهانە کە (وەزارەتی ژيریی دەستکرد)ی دامەزراند. لەم بوارە چەندين پڕۆژە و ستراتيژی گەورەی هەیە وەک (تحويل الخدمات الحكومية إلى ذكاء اصطناعي الاصطناعي، مبادرة 'AI+' (دبي الرقمية)، مشروع "عيّن الذكي، منصة "صنع في الإمارات، Stargate UAE). ئيمارات پێی وایە دەوڵەتێک پشت بە نەوت ببەستێت، ناتوانێت ببێتە پێشەنگ لەم بوارانە، بۆیە دەيەوێت لە ماوەیەکی کورت زۆربەی نەوتەکەی بفڕۆشێت و داهاتەکەی بۆ ئەو پڕۆژانە خەرج بکات. 

٦. ئيماڕات نەوت وەک کارتێکی بەهێزی رکابەر و نەيارەکانی دەبينێت، بۆ نموونە داخستنی هورمز لە لایەن ئێرانەوە، هەژموونی سعوودييە کە پشت بە نەوت دەبەستێت. ئيماڕات تا ڕادەیەکی زۆر ئەو کارتەی لاواز کردووە، دەيەوێت لاوازتری بکات. کشانەوە لە ئۆپيک بە دوو ڕێگا ئەم پلانە جێبەجێ دەکات: ئيتر ئيمارات خۆشی دەتوانێت یاری بە نرخی نەوت بکات لە ڕێگەی فڕۆشتنی زیاتر و دابەزاندنی نرخ، واتە خۆشی دەتوانێت وەک کارتی سياسی و فشار بەکاری بهێنێت. هاوکات بە هەموو توانای خۆیەوە نەوتەکەی دەفڕۆشێت و دەيکاتە داهات بۆ بەهێزکردنی کەرت و بوارە نا نەوتييەکان، بۆ ئەوەی ئيتر کارتی نەوت کاريگەری نەمێنێت لەسەری.  

٧. سعوودييە بە پلەی یەک و پاشان ڕووسيا نيگەرانن بەم هەنگاوەی ئيماڕات. عيراق و ئێرانيش وەک دوو بەرهەمهێنەری گەورەی نەوت و ئۆپيک نيگەرانن. ئەمريکا کە خۆی ئەندامی ئۆپيک نييە، دڵخۆشە بەم هەنگاوەی ئيماڕات. نيگەرانی سعوودييە زیاتر سياسييە دەزانێت ئيتر ئيماڕات سەربەخۆتر دەبێت و کارتی زیاتری دەبێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP