دواین هەواڵ

هەرێمی کوردستان لە قۆناغە هەستیارەکاندا، هاوسەنگی و تێوەنەگلان لە ململانێی زلهێزەکان

‌بڵند دلێر شاوەیس

2 کاتژمێر پێش ئێستا

هەرێمی کوردستان ناسکترین ئەڵقەیە لە ناو زنجیرە ململانێکانی ناوچەکە، لاوازترین لایەنی ناو هاوکێشە سیاسییەکانە، بێگومان لە جەنگێکی وا سەختدا کە تازەترین تەکنەلۆجیای پێشکەوتوی سەربازی تێدا تاقی دەکرێتەوە پڕیشکیشمان بەردەکەوێت، سەرەڕای ئەو زیانە گیانی و ماڵییانەی بەرمان دەکەوێت، پێویستە دان بەخۆماندا بگرین و هەڵوێست و پەرچەکردارەکانمان هاوسەنگ و بەرپرسانە بن، گرنگە هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت لەسەر سیاسەتی بێلایەنی و خۆ پاراستن لە تێوەگلان لەم جەنگە و زیان و لێکەوتەکانی.

بیرمەند و سیاسەتمەداری کوەیتی (د.عبدالله النفيسي) لەسەر جەنگی (ئەمریکا، ئیسرائیل _ ئێران) دەڵێت :
" ئاگاداری هەمو وڵاتانی کەنداو دەکەمەوە لە (کوەیت) هەتا (سەڵتەنەی عومان) و هۆشدارییان پێ دەدەم کە هەوڵێکی جدی هەیە لەم جەنگەدا تێوەبگلێین وەک هاوپەیمان یان هاوبەشێکی بچوک (الشریک الصغير)، هاوبەشی بچوک مەترسیدارترین ڕۆڵە لە مێژودا، هەمیشە هاوبەشی بچوک دەرئەنجامەکان لە ئەستۆ دەگرێت و باجەکەی دەدات ".
بۆ بیرهێنانەوە دەڵێت : " لە کاتی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان (عێراق _ ئێران) ئێمە (کوەیت) هاوبەشی بچوکی عێراق بوین، هەربۆیە دەرئەنجامی جەنگەکەمان لە ئەستۆ گرت، باجەکەیماندا و دوچاری داگیرکردن بوین ".

لە بەشێکی قسەکانیدا دەڵێت : 
" ڕاستە ئێران هەڵەی کرد لە بە ئامانجگرتنی وڵاتانی کەنداو و زیانی گیانی و مادیمان بەرکەوتوە، بەڵام نابێت ئەم کارە بەرچاومان لێڵ بکات کە ڕاستییەکان وەک خۆی نەبینین ".

لە کۆتاییدا داوا لە سەرکردەکانی وڵاتانی کەنداو دەکات و دەڵێت:
"داواکارم لە سەرکردەکانی وڵاتانی کەنداو درک بەو تەڵە گەورەیە بکەن، هەروەها ئەم جەنگە ئەوەی ڕونکردەوە کە گروپێکی بچوک لە (سوپای پاسداران) دەتوانێت وڵاتانی کەنداو بۆردومان بکات لە (کوەیت) هەتا (سەڵتەنەی عومان) و شپرزەمان بکات، بۆیە کاتی ئەوە هاتوە بیر لە یەکگرتن و یەک هەڵوێستی بکەینەوە، ئەم جەنگە چانسێکی گەورەیە و هاندەرە بۆ ئەوەی وڵاتانی کەنداو بیر لە سیاسەتێکی هاوبەش بکەنەوە لە ڕوی (بەرگری و پەیوەندییەکانی دەرەوە و نەوت) و یەکگرتنی وڵاتانی کەنداو لە چوارچێوەی کۆنفیدڕاڵییەکدا ".

گەر بەراوردێک بکەین لەنێوان دۆخی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی کەنداو لەبەر ڕۆشنایی لێدوانەکانی (د.عبدالله النفيسي)، دەبینین هەرێمی کوردستان بە وریاییەوە مامەڵەی کرد لەگەڵ ئەو هەوڵانەی کە هەبو بۆ تێوەگلانی لەم جەنگەدا، هەڵبژاردنی بێلایەنی سیاسەتێکی دروست و عەقڵانی بو، هەرچەندە هاوشێوەی وڵاتانی کەنداو و ناوچەکە هەرێمی کوردستان ڕوبەڕوی هێرش و بۆردومان بۆتەوە بەڵام بەردەوامبون لەسەر سیاسەتی بێلایەنی و تێوەنەگلان وەک هاوبەشێکی بچوک لە جەنگەکەدا باشترین بژاردە دەبێت.

ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە گەر وڵاتانی کەنداو توانای بەرپەرچدانەوەی بۆردومانی سوپای پاسدارانی ئێرانیان نەبێت و بۆ پارێزگاریکردن لە قەوارەکانیان پێویستیان بە یەکگرتویی و  یەک هەڵوێستی بێت، ئەوە هەرێمی کوردستان لە هەمو لایەک و کاتێک زیاتر پێویستی بە یەکگرتویی و یەک هەڵوێستی و شەرعییەتی دامەزراوەکانییەتی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەم قۆناغە هەستیارە، کە خۆی دەبینێتەوە لە کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP