ویل دورانت دەڵێت مرۆڤی سەرەتایی وەکوو ئاژەڵان ساڵێک جارێک سیکسیان کردووە و مەبەستیش تۆرمات خستنەوە و درێژەی ژیان بووە ، بەڵام بە درێژایی مێژوو ئایدۆلۆژیای سیکس ئەوەندە گەشەی کردووە کە مرۆڤی ئیستە بیست و چوار سەعاتە لە سیکسدا ئەژی و پەسا، پۆرن و پێشەکییەکانی سیکس وەکوو تانوپۆ تێهەڵکێشی تەواوی ژیانی هەمووان بووە. پێشەکییەکانی بەر لە سیکس بریتین ئارایشت و خەمڵاندنی هەمیشەیی بە مەبەستی پەسەند بوون، جلوبەرگ و هەڵسوکەوتی سەرنجراکێش و نائاسایی، ناوەندگەلی لەشجوانی و سەما کردن و،،، کە چینی لاو بە تایبەت کچان ئامادە ئەکات بۆ چوونە ناو دۆزەخێکی نەخوازراو کە نە گەرانەوەی هەیە نە دەربازبوون. میدیایی بوونەوەی سیکس بە پشتیوانی یاسای ئازادییە تاکەکەسی و کۆمەڵاتییەکان، هیچ نەهێنییەکی لە نێوان پێوەندییە هاوسەرگیرییەکان، ئەندامانی نەهێنی لەش و ،،، نەهێشتۆتەوە و لە راستییدا لەش و ئەندامە رەگەزییەکان، وەکوو کاڵایەک، بانگەشە و ریکلامی بۆ دەکرێت. دنیای مۆدێرن هەموو چوارچێوە ئیخلاقی، ئاینی و عورفییەکانی هەڵوەشاندوە و مەیل و حەزی تاکەکەسی بووە بە جێگرەوەی نەریتەکان. لێرەدا جێی خۆیەتی ئاماژە بەوە بکرێت کە بەزاندنی بایەخە ئیخلاقییەکان پێوەندی بە سەردەمی نوێیەوە نیە و بە درێژایی مێژوو دیاردەگەلی وەک کمۆنیزمی سیکسی، حەرەمسەرا و دەستدرێژی نارەوا بەدیکراوە و تەنانەت لە زۆرێک لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی دووردا ئاینەکان وەک سەرچاوەی داهاتی پەرستگەکان رەواییان بە سیکسی دەرەوەی چوارچێوەی هاوسەرگیری داوە و تەنانەت لە وڵاتانی ئیسلامییدا بە تایبەت لە سەردەمی سەفەوییەکاندا گەییوە بە لوتکە.
پرسی سیکس بێجگە لە میدیایی بوون چەواشەکاری لە هەموو بوارەکانی وەک سیکسی بە کۆمەڵ، سیکس لە گەل مەحارەم، سیکس لە گەل ئاژەڵان، سیکس لە گەل منداڵان و ،،، بە خۆوە بینیوە. پەرەسەندنی دیاردە قیزەونەکانی پێوەندیدار بە چەواشەکاری لە بواری سیکسدا بەردەوام لە زیاد بووندایە و بێگوومان دەگات بە ئاستێک کە هیچکەس سەبارەت بەو دیاردەیە پارێزراو نابێت. کاتێک مرۆڤ ئیرادە و کونترۆڵی ناوچە سیکسییەکانی لەشی لە دەست بدات ئیتر هەموو لایەنە دەروونی و دەرەکییەکانی لەش و تەنانەت لایەنە ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە دەست ئەدات و چەک دەکرێت.
ــ ئەگەر تاوانەکانی دورگەی ئیپیستاین هەر لە سەرەتاوە هەتا ئیستە لە لایەن دەزگا سیخوڕییەکانی وەک KGB و موسادەوە بە شێوەی ئامانجدار ئەندازیاری بۆ کرابێت و شایەد بەشێکی کاری زیرەکی دەسکرد بێت ئەوە لە تایەلەند، هیندوستان، چین، روسیا، ئوروپا و ئەمریکا و تەنانەت وڵاتانی ئیسلامییدڵ بە هەزاران دورگەی ئیپستاین و ناوەندی میوانداری ئەستێرەدار هەیە کە هاوتەریب لە گەل کارە یاساییەکانی بواری سیکس، بە شێوەی نەهێنی دەستدرێژی بۆ سەر منداڵانی کەم تەمن ئەنجام ئەدرێت. کاتێک ژنان بە هۆی سیکسی لە رادەبەدەرەوە جوانی، ناسکی و سەرنجراکێشی لە دەست بدەن ئیتر رەگەزی نێر بایەخ بە بۆژەکراوان نادەن و هۆگری بە لای کەسانێکدا پەیدا ئەکەن کە دەستیان بۆ نەبرابێت و نەشمزرابێت کە ئەوانەش منداڵانن. شایانی باسە کە ئاکامی زیادەرەوی سیکسییدا ژنان زیاتر لە پیاوان خەسارمەند ئەبن و تێئەشکێن.
لە بازنەی ئەو ئازادییە هەوسارپچراوانەدا نە وەفا و ئەمەگ لە نێوان رەگەزی نێر و مێدا بەدی ئەکرێت نە پێکهاتەی بنەماڵە وەک پارێزەری کەرامەتی مرۆڤ دەوری ئەمێنێ. رەوت و رێخراوە فمینیستییەکان گەرچی لە یاسادا دژبەری دەستدرێژی بە منداڵانن بەڵام کەڵکئاژۆ و دەوردانەوەی یاساکان لە لایەن رەگەزی چاوبرسی نێرەوە، کونترۆڵ و کۆکردنەوەی دەستدرێژییە غەیرە ئیخلاقییەکانی غەیرە مومکین کردۆتەوە و دەتوانین ئەوەش بڵێین کە ئەوەی دەردەکەوێ و میدیایی دەبێتەوە بەشی هەر بچووکە و بەشی هەرەزۆری دەستدرێژییەکان بە نەهێنی و شاراوەیی بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە.
سەرئەنجام: سیکس کردن وەک خۆراک بۆ هەموو زیندەوەران نیازێکی جەستەیی و رۆحییە بەڵام ئەگەر ئەنجامدانی لە تەمەنی یاساییدا نەبێ و هەروەها فرۆشتن و کرینی لە پشت بێت و وەفا و مەیل و ئیرادەی سەربەخۆی تێدا نەبێت و ئۆرگازم و تام چێژ بۆ ژنان لە ژێر سفردا بێت و،،، بەو ئاکامە دەگەین کە پێوەندی و خۆشەویستییەکان رواڵەتی و فورماڵیتەن و هەر وەک ئۆشۆ دەڵێت لەو بارودۆخەدا نزیکی کردنەکان لایەنی مەعنەوی و رۆحی لە دەست ئەدەن وسیکس دەبێتە تێکەڵی دوو جەستە کە ئاژەڵانیش ئەنجامی دەدەن.