بارودۆخی ئێران ناسەقامگیرە و خوپێشاندانەکان زۆربەی شارەکانی ئێرانیان گرتووەتەوە. ئەوەی جێگەی سەرنجە لەم خوپێشاندانانەدا، ئەوەیە کە خەڵک بە تەواوی دژایەتیکردنی شەخسی خامنەیی دەکەن. بە گشتی، هێشتا زووە باسی ئەوە بکرێت ئایا ئەم خوپێشاندانە دەبن بە سەرەتای رووخانی سیستەمی سیاسی لە ئێران یان نە.
بەڵام، چەند فاکتەرێکی سەرەکی وایان کردووە خەڵک بهێنە سەر شەقامەکان. یەکەم، خرابی بارودۆخی ئابووری خەڵک، دارمانی نرخ و بهای تەمەنی ئێرانی، و گرانبوونی بەهای سووتەمەنی. دووەم، حەز و ویستی خەڵک بۆ گۆڕانکاری و لابردنی ئەم سیستەمەی کە سەروەت و سامانی وڵات لە گروپ و هێزە میلیشیاییەکان سەرفدەکات و دیاردەی گەندەڵی سەرتاپای سیستەمەکە داپۆشیوە. سێیەم، لاوازبوونی ئێران دوای شەڕی دوازدە ڕۆژی لەگەڵ ئیسرائیل و نەمانی ترس کە خەڵک پێشووتر لە سیستەمەکە هەبوو. چوارەم، هێزە ئۆپۆزۆسیۆنەکان لە دەرەوە ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینن لە هاندانی خەڵک؛ بە تایبەت لە ڕێگەی راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە. یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی خوپێشاندانەکانی ئێران لە رابردوودا ئەوە بووە کە سەرکردەیەکی بەهێز نەبووە خەڵک ئاراستە بکات. بەڵام ئەمجارە، ئەوەی دەبێنرێت ئەوەیە کە شاهزادە ڕەزا پەهلەوی ڕۆڵێکی سەرەکی لە هاندانی جەماوەر دەبێنێت و زۆربەی درووشمەکانی خەڵکیش پشتگیری کردنە لە دووبارە گەرانەوەی دەسەڵاتی شاهنشاهی