دوێنێ لە بازاڕی ئینگلیزییەکە، لە شارەکەمان، لە ڕیزی نان کڕیندا بووم، ئاورم دایەوە، میهۆڵ مارتن، سەرۆک وەزیرانی ئایرلەنداش لە ڕیزەکەدا بوو. کەس هیچ شتێکی نائاسایی نەدەکرد. تەنها پۆلیسێک لە دوورەوە بە شاراوەیی چاودێری دەکرد.
پاشان لە گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، تەماشای ڤیدیو دزە پێکراوەکانی ئەسەد و لۆنا شبلم، کرد. ڤیدیوکان کانێکی پڕ لە ئازار و مانا و داتان. چۆن دیکتاتۆرەکان نەخۆشن، چۆن بە سوک سەیری ئەو خەڵکانە دەکەن کە دەیانتۆقێنن. چۆن بەبێ هیچ هەستێکی مرۆیی بە وێرانەکاندا دەڕۆن. پەیوەندی ئەسەد و لۆنا، هێندە لە ڕوی ئەوەوە جێگای سەرنجە کە ئەسەد بە شێوەیەک سەرنجڕاکێش دەکرێتەوە هێندە لایەنە سێکسییەکەی جێگای سەرنج نیە.
ئەسەد مرۆڤێکی تەنیایە. وەک هەموو ئەوانەی کە دڕندەن، تیونێتییەکیان هەیە بۆ ئاسایی بوون. بۆ ووردە قسە و گاڵتە و جنێو. بەڵام بۆ ئەسەد ئاسایی نیە، چونکە دەرخەریی زۆرێک لە دڕندەیی بێسنورن.
ئەسەد دەبێت پەیوەندییەکی شەڕانیی هەبێت، دەبێت تەنها وەک نامرۆڤ تەماشای سورییەکان بکات ئەگینا ناتوانێت لە سەر دیکتاتۆریەتەکەی بەردەوام بێت. لێرەدا دۆخێکی ئاڵۆز دروست دەبێت، کە دیکتاتۆر دەبێت ئەوانیتر لە مرۆڤ بخات هەتا ڕەوایی بەخۆی بدات کە ئەوەی دەیکات ڕەوایە. بەڵام ئەمە تەنها شانۆگەرییەکە.
ماوەیەک لەمەوپێش گوێبیستی ئەفسەرێکی ئەمنی سیاسی سوری سەردەمی ئەسەد بووم، لە دیدارێکی پۆدکاستدا. ئەو لەو دیدارەدا دەڵێت، دەوڵەت، کە لێرەدا مەبەستی دەوڵەتی بنەماڵەیی ئەسەدە، لە خەیاڵی خۆی دەترسا. ئەم دێرە هێندە پڕە لە مانا، لەو ڕۆژەوە بیری لێدەکەمەوە. گەر هانا ئارێنت باس لە تۆتالیتاریزمی سۆشیالیزم و نازیزیم دەکات، دەسەڵاتی بنەماڵەیی، بە میکانیزمی ئاڵۆز، تۆتالیتارە.
کاتێک دەسەڵات لە خەیاڵی خۆی دەترسێت، ئەوا لە خەیاڵی خەیاڵکراوی هەموو تاکێک دەترسێت لە کۆمەڵگادا. بۆیە گەر دوو کەس پێکەوە بوستن، دەبێت حوکەت چاودێری بکات و گەر ببن بە سێ تێکی بدات.
ئێستا سوریا وڵاتێکی زێدە هەژارە. گەرچی دەرکەوتە زۆرەکانی شەرع وێنایەکی وەهای داوە کە گوایە وڵاتە. بەڵام لە ناوەوە، کوێخاکانی جەنگ و سەرۆک خێڵەکان و هێزە جیاوازەکان حوکمی دەکەن. وەک کەسێک کە سەردانی کردبوو، دەیگوت، لە جادەی قیر لادەدەیت حکومەت نامێنێت.
ئەم ڕۆژانە بۆ کارێک قسەم لە گەڵ فەرماندەیەک کرد لە ڕەقە، ئەوەی جێگای دڵخۆشی بوو بۆ کورد ئەوەیە کە لە وەتەی دانوستانەکانی باکور دەستی پێکردوە، هێرشە درۆنییەکان وەستاون و سوپای تورکی چالاکی نیە. بۆیە وەک فەرماندەیەکیتر پێگوتم، ئەگەر لە ئاسمانەوە هێرش نەکرێتە سەرمان لە سەر زەویی لە سوریادا کەس هێندەی ئێمە بەهێزنیە.
سوریا بە ئاراستەیەکی باشدا ناڕوات. وەک لە بەراوردەکەی ئەسەد و سەرۆک وەزیرانی ئایرلەندا دەیبینیت، سیستەمی سەقەت مرۆڤی سەقەت بەرهەم دەهێنێت و سیستەمی تەندروست، مرۆڤی سەقامگیر بەرهەم دەهێنێت.
شەرع لە دڵەوە دەخوازێت حوکمی سوننە بچەسپێنێت. لە پشتیەوە دەریایەک لە توڕەیی و تۆڵەکردنەوە شەپۆل دەدات. وەک خۆی دوێنێ لە دەوحە گوتی، هەموو خەڵکی سوریا هەست بە زوڵملێکراویی دەکەن.
هاوڕام لە گەڵ ڕۆشنبیری سوریی یاسین حاجی ساڵەح، کە شەرع ئەسەدێکی نەرمە. بەڵام نەرمییەکەی ڕەنگە تەنها پرسی کات و لاوازیی بێت. ئەو کە ڕقی لە دیموکراسییە، کەواتە ڕقی لە مرۆڤەکانە. چونکە دیموکراسی یانی بەشداری و دانپیانان و ڕێزی ئەوانیتر.
سوریا پێویستی بە بونیادنانەوەیە. ڕەنگە ئەم کارە تەنها بە چین بکرێت. پەیوەندی چین و سوریا بەرەو ئاساییبونەوە دەچێت. ساڵی داهاتوو چینییەکان باڵوێزخانەکەیان لە بەیروتەوە دەهێننەوە بۆ دیمەشق. بەڵام مۆدێلی چینی بۆ کەمینەکان و جیاوازەکان و خواستی لامەرکەزیی و دیموکراسی مەترسییە.
بە هیوای سوریایەکی سەقامگیر و پڕ کەرامەت بۆ هەموان.