بەدرێژایی مێژووى دروستکردنى عێراق دوور لە ویستى نەتەوە و پێکهاتەکانى نێویدا لە سەر دەستى زڵهێزانى جیهان تا بە ئێستاش جگە لە نەهامەتى و ماڵوێرانى و تاڵانکارى و کوشتن و ململانێی سەختى تایفى ومەزهەبى و بێ متمانەى هیچى ترى لێ بەرهەم نەهاتووە ؛ لەگەڵ ئەوەشدا گەلى کورد بەدرێژایی خەباتى چەکدارى و ئێستاى شارستانى هەمیشە هەوڵى داوە ڕێڕەوى دیکتاتۆرى و خۆسەپێنەرى بەئاڕاستەى دیموکراسى و پێکەوەژیانى هەموو نەتەوە و پێکهاتە جیاوازە بگۆڕێت .
بەتایبەت لەماوەى 22 ساڵى رابردوو و دواى ڕووخانى دڕندەترین ڕژێمى دیکتاتۆرى بەعس، لەگەڵ ئەوەى گەلى کورد و هەموو ئازادیخوازن و دیموکراسیخوازان چاویان لە بونیاتنانى عێراقێکى نوێ لە سەر بنەماى هاوسەنگى وسازان و هاوبەشى و سڕینەوەى هەموو ئاسەوارى تاوانکارى و دیکتاتۆرى و وێرانکارییەکانى ڕژێمى پێشوو و ئەوانەى رابردوو بوو، بەڵام ئەوەى لەماوەى چەند ساڵى حکوومڕانى عێراق نوێی فیدڕاڵى بینراو ودیمەتێکى جیاواز بوو ، بەتایبەت ئەگەر جاران یەک دیکتاتۆر و سوپایەکى تاوانکار هەبوو ئێستا بەدەیان گروپى میلیشیایی وتیرۆریستى لە یاسا دەرچوو دروستکراوە کە هەموو جومگەکانى دەسەڵاتى بەغدایان قۆرغکردووە ، عێراق بووەتە سەرچاوەى دروستکردنى قەیران و پشوێى و تاریکى و بێ ئومێدى باڵى بەسەر دا کێشاوە و شتێک بەناوى سەروەرى یاسا و دەوڵەتدارى بوونى نەماوە
لەگەڵ ئەوەى لە رابردووش چەند گروپێکى میلیشیایی وچەکدارى شەڕى هێزەکانى ئەمەریکا وهاوپەیمانیان دەکرد و بەدەیان کەس لەو هێزانەیان کوشت و بریندار کرد ؛ بەڵام لە دواى ساڵى 2014 و بەپاساوى شەڕى تیرۆریستانى داعش و بە پشتیوانى وڵاتانى دراوسێى عێراق بەتایبەتى ئێران ، دەیان گروپى میلیشیایی بە ناوى جۆراجۆر دروستکران ؛ ئەم گروپانە وێراى تەواو بوونى کارەکانیان ، ئەوەى لە کردەوەکانیان دەبینرێت هەموو جومگەکانى دەسەڵاتى سیاسى و سەربازى عێراقیان خستۆتە ژێر هەژموونى خۆیانەوە ، ئێستا هەرکامیان دەستیان بە سەر چەند بیرى نەوت وخاڵى گومرکى و سەرچاوەى داهاتەکاندا گڕتووەو لە نێو حکوومەتیش خۆیان لەسەروى یاساوە دەبینەوە و باوەریان بە دەستوورو یاسا و پەرلەمان نەبووە ، جگە لە فەرمانى وەلائیی ئاغاکانیان لە دەرەوەى سنوورەکان نەبێ
هەروەها دەستیان بەسەر سەرچاوە ئابوورى و نەوت و کانزاکان دا گرتووە ، وونبوونى بە دەیان ملیارد دۆلارو سەروەت و سامانى گشتى و دابەشکردنى و تەخشان وپەخشانکردنى بەسەر ئەو گروپە میلیشیانە و بەڵگەى حاشاهەڵەگریش ، دواکەوتوویی و نەبوونى خزمەتگوزارى و ئینجا نەناردنى پارە و شایستەکانى 7ملیۆن کوردستانى و وێرانبوونى ژێرخانى ئابوورى عێراق و نەبوونى سەرەتایترین خزمەتگوزارییەکان لە شارەکانى باشوورى و ناوەڕاستى عێراق ئاماژەیەکى روونى ئەو راستییانەن، نەبوونى ئاوى خواردنەوە و کارەبا و سەقامگیرى و ئارامى لە کاتێکدا عێراق سەر و بنى بە سەروەتێکى بێ وێنەیە ؛ سیمایەکى ناشرین و مەترسیدار و بێ متمانەى بە عێراق داوە
لەماوەى 22 ساڵ حکوومڕانى شیعەکان وەک زۆرینە ، نەک هەر نەیانتوانى سەرکەوتوو بن لە پرۆسەى حکوومڕانى ، بەڵکو ڕووبەڕووى شکستى گەورە بوونەوە ، چونکە بەردەوام لە ژێر هەژموون و کاریگەرى وڵاتانى دراوسێ دابوونە ,ئەوەش وایکردووە کە نەتوانن خاوەن بڕیار و سەروەرى خۆیان بن و عێراق ببێتە شوێنکى گەورەى مافیایی و چەکدارى و میلیشیایی وبازرگانى ماددەى هۆشبەرى و ململانێ قورس لەنێوان وڵاتانى ناوچەکە و جیهانى
هەموو ئەم هۆکارانە و نەمانى سەروەرى و یاسا لە عێراق بەهۆى بوونى سەدان گروپى میلیشیایی و دەستبەسەرداگرتنى جومگە هەستیارەکان و بەتایبەت دەستبەسەردا گرتنى چەگ و دارایی و نەبوونى خزمەتگوزارى و بڕیاردانى سیاسى وایانکردووە، هیچ ئومێد و متمانەیەک بە دەسەڵاتى ئێستاى عێراق نەمێنێت و کاریگەرى خراپیش لە سەر سەقامگیرى و ئاسایش بەدواى خۆیدا جێبهڵێت و رۆژ بە رۆژیش ئاستى ناڕەزاییەتیەکان و رۆژ بە رۆژیش لەبنبەست نزیکتر دەبنەوە ، هەموو ئەمانە وایکردووە کاریگەرى لەسەر پەیوەندییەکانى هەولێر وبەغداش هەبێت و بوونى ئەو بۆشاییە ئەمنى و نەبوونى سەرەوەرى و دەیان گروپى میلیشیایی ئەمڕوى هێرش و پەڵاماردانى تیرۆریستى بۆ سەر هەرێمى کوردستان و دامەزراوە ئابوورییەکانى لێکەوتۆتەوە ، چونکە هەرێمى کوردستان بەهەموو شێوەیەک جیاوازى هەیە وێراى هەموو فشارەکانى عێراق لە ڕووى ئابوورى و سیاسی و هێرشى میلیشیاکان بەڵام رۆژ بەرۆژ لە پێشکەوتن و گەشەسەندنى بەردەوام دایە ، ئەوەش وادەکات نەک هەر عێراق بەرەو تونێڵێکى تاریکتر بەڵکو درزى نێوان کوردستان و عێراقى لێبکەوێتەوە ، هۆکارەکەشى لاوازى حکوومەتى بەغدا و دەستوەردانى دەرەکییە لەکاروبارەکانى دەسەڵاتى عێراقە