ڕووداوەکانی سێ ڕۆژی ڕابردوو لە گوندی لاجان، دەریانخست کە پیلانگێڕییەکە زۆر لەوە قوڵتر بوو، ئامانجەکە لێدان بوو لە یەکڕیزیی كۆمەڵایەتی و سیاسی ناوچەکە و دروستکردنی کەلێن لە نێوان چین و توێژەکاندا.
بەڵام هەڵوێستی وەفادارانە و بەکۆمەڵی خەڵکی لاجان بۆ پارتی، پەردەی لەسەر ئەو شانۆگەرییە لابرد.
ئەوان دەیانویست پێگەی کۆمەڵایەتی ئەم عەشیرەتە تێکۆشەرە بۆ مەرامی سیاسی و تێکدەرانە بەکاربهێنن، بەڵام خەڵکەکە بە هەڵوێستەکانیان و هوشیاریان ئەو دەستانەیان لەت و پەت کرد، بەوپێیەی ئاماژە و شێوازی خۆپیشاندانەکان بە تەواوی ئاراستەکەیان ڕوون و ڕەوان بوو کە دەستی لە پشتە و مەرامی دیکەی هەیە، بە تایبەتیش دیمەنی سووتاندنی دامەزراوە فەرمییەکانی حکوومەت بە تەواوی دەرخەری ئەو ڕاستییانە بوون.
ئەنجامەکانی دواین هەڵبژاردنیش، لە گوندی (لاجان)، وەڵامێکی کەمەرشکێن و "نەخێر"ێکی گەورەیە بەڕووی هەموو ئەو پیلانە ئاڵۆزانەی کە بە دەستی دەرەکی و جێبەجێکاری ناوخۆیی داڕێژرابوون. کاتێک حزبێک هەموو دەنگەکانی ناوچەیەک بەدەست دەهێنێت، ئەوە پەیامێکە بەو مانایەی کە خەڵکی ئەو ناوچەیە بە تەواوی وشیارن لەوەی کێ دۆستە و کێ دوژمن و ڕێگە نادەن هیچ کەسێک یاریی بە چارەنووسیانەوە بکات.
دەرەنجامەکان دواین بزمار بوون لە تابووتی پیلانگێڕان دا. ئەو کارتانەی کە ساڵانێک بوو هەوڵیان دەدا نمایشی پێوە بکەن و خۆیان وەک نوێنەری ناڕازییەکان دەربخەن، هەموویان سووتان. سووتانی ئەم کارتانە هێندە کاریگەر بوو کە بۆ لەمەودوا هیچ کەس و لایەنێک "جورئەت"ی ئەوە ناکات جارێکی تر بەناوی هەرکییەکان یان دانیشتوانی دڵسۆزی ناوچەکەوە قسە بکات یان هەوڵی بازرگانیکردن بە چارەنووسیانەوە بدات. ئەوەی ڕوویدا پاککردنەوەی مەیدانەکە بوو لەو دەنگە ساختانەی کە دەیانویست مێژووی پڕ سەروەری ناوچەکە لەکەدار بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، ڕۆڵی ئەو میدیا ئاراستەکراوانەی کە بووبوونە بەشێک لەم پیلانە، جێگەی هەڵوەستە و شەرمەزارییە. هەمان ئەو کەناڵ و پەیجانەی کە پێش سێ مانگ، بە شانازی و خۆشحاڵیەوە دیمەنی ئاگرتێبەردان و سووتاندنی گەنجانی شارەکەیان لە سلێمانی دەگواستەوە و هانی توندوتیژییان دەدا، لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا هەوڵیان دا ژەهری دووبەرەکی بڕێژن و دیمەنەکە شێواو نیشان بدەن. بەڵام وشیاری خەڵک و دەرکەوتنی ڕاستییەکان وایکرد کە ئەوانیش "ڕیسەکەیان ببێتەوە بە خوری". خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی دانیشتوانی لاجان، زۆر لەوە وشیارترن کە بکەونە داوی میدیایەک کە نانی لەسەر خوێن و ئاژاوە بێت.
لە کۆتاییدا، وانەی سەرەکی لەم ڕووداوە ئەوەیە کە هیچ پیلانێکی دەرەکی، هەرچەندە بە وردی داڕێژرابێت و هەرچەندە میدیای چەواشەکار پشتیوانی لێ بکات، ناتوانێت بەرگەی ئیرادەی ڕاستەقینەی جەماوەر بگرێت.
ئەمە کۆتایی یارییەکە بوو بۆ ئەوانەی خەونیان بە لاوازکردنی پێگەی جەماوەریی ناوچەکەوە دەبینی؛ ئێستا ڕوون بووەوە کە ئەوان لە دەرەوەی بازنەی مێژوو و متمانەی خەڵکدان و دەبێت قبوڵی بکەن کە پڕۆژەکەیان بۆ هەتاهەتایە شکستی هێنا.
زۆرجار بێدەنگی سەرسووکی و ئاسایشی بە دواوەیە
ئەڵێن یەکێ لە رازەکانی دەوڵەمەند بوون ئەوەیە کە خەڵکی نە تاکتیکی دەوڵەمەندبوون و نە رادەی سەرمایە و داهاتت بزانن. ئەو وتەیە دەقاودەق دەبێت لە ئاست پێشکەوتنە رێژەییەکانی هەرێمی کوردستان رەچاو بکرێت. ژیئۆپۆلیتیکی باشووری کوردستان لە نێوان وڵاتانی رادیکاڵیزمی ئیسلامی و سێ نەتەوەی فاشی و شووینیستی ناوچەکەدا هەڵکەوتووە کە بە هیچ جۆرێک رەوایی بەو نیمچە دەسەڵاتە نادەن و بەو هۆییەوە کە وەک مەترسییەک بۆ سەر ئاسایشی خۆیانی لێک ئەدەنەوە لە دژی و لاوازکردنیدا درێخی ناکەن. باشووری کوردستان سەرەرای ئەوەیکە دەسەڵاتێکی دووفاکتۆیە بەڵام لە باری سیاسی و دیپلۆماسییەوە لە بەغدا و زۆر وڵاتی دیکە کراوەترە. ترافیکی دیپلۆماتیکی هەولێر زیاتر لە بەغدایە و ئەو هۆکارە، قورسایی و گرنگیی هەرێمی کوردستانی لە ئاستی ناوچەکە و جیهاندا سەلماندووە.
لێرەدا بابەتێک کە مەبەستی سەرەکییە و دەبێت لە لایەن دەسەڵاتی سیاسی و میدیای باشوورەوە رەچاو بکرێت ئەوەیە لانیکەم سەبارەت بە هندێک باس و بابەتی سەرەکی و ستراتیژیک وەک دەسکەوتە سیاسی و ئابوورییەکان بێدەنگی راگرن. کاتێک وڵاتانی ناوچەکە هەر یەک بۆ خۆی کێشەی ئاوی خواردنەوە، کێشەی کارەبا، کێشەی دیپلۆماسییەت و ئاسایش و،،،تاد هەیە ئیتر پێویست ناکا تۆ وەک نیمچە دەسەڵاتێک پێشکەوتن و دەسکەوتەکان لەقاو بدەیت و میدیایی بکەیتەوە. هەر پێشکەوتنێک بۆ باشووری وڵات دەسکەوتە لە حاڵێکدا وڵاتانی ناوچەکە دەیان ساڵ لەوەبەر دەستیان بەو پێشکەوتنانە راگەیشتووە هەر بۆیە خۆدسانسۆری و قروقەپ کردن سەبارەت بە بابەتە کلیدییەکان، دەسکەوت و لە ئاسایشدا بوونە. کاتێک کارەبا بیست و چوار سەعاتە دەبێتەوە و هەموو خەڵکی هەستی پێدەکەن ئیتر پێویست بە جاڕدان و بانگەشە ناکات. وڵاتانی پێشکەوتوو و پیشەسازی، زۆربەی پێشکەوتن و تیکنۆلۆژیاکانیان نە میدیایی دەکەنەوە و نە بە پێویستی دەزانن کە خەڵکی زانیارییان لەو بارەوە هەبێت. رێخراوی ناسا نەوتراوەکانی زیاتر لە وتراوەکانێتی، تیکنۆلۆژی سەربازییان بە تەواوی نەهێنییە و لە مامەڵە چەکەمەنییەکاندا چەکێک دەخەنە دەستی کریار کە بۆ خۆیان چەکی لەوە پێشکەوتووتریان لە دەستدا بێت واتە دواین تیکنۆلۆژییان ناخەنە دەستی ئەویتر. لە کاتی جەنگ و کێشەی سیاسی لە گەل وڵاتانی دیکەدا سانسۆر و نەهێنکاری دەگات بە لوتکە و،،،
دواباس ئەوەیە کە پۆشتەکردنی هەرێمی کوردستان بە چەکی پێشکەوتوو و بەرگریکارانەوە بۆ دابینکردنی ئاسایش هەم تێچووەکان زیاتر دەکات و هەم بە هۆی نەبوونی قوڵایی ستراتیژیک و پرژ و بڵاوی دەزگای سەربازی و،،، هتد شایەد ئەو داوایە بەو زوانە جێبەجێ نەکرێت و تەنانەت کاریگەری نەبێت.