بەشی 2لە 2
لە بەشی یەکەمدا گوتمان کە سەختییەکە لە یەک ڕەوتی ئایدیۆلۆژیدا نییە بەڵکو لە تێگەیشتنی هەڵەی پێکهاتەیی خودی بیروڕای گشتیدایە. زۆرێک لە گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان، جا لە کوردستان بێت یان لە شوێنێکی تر، وا بیردەکەنەوە کە خولەکانی هەڵبژاردن بەسن بۆ ئاڕاستەکردنی ڕای گشتی. ماندوێتی سیاسی کوتبینانە بە گۆڕینی ئایدیۆلۆژی دەزانن. بەڵام کاتێک گوتارەکەیان لە واقیعدا تاقی دەکەنەوە، بۆیان دەردەکەوێت کە عەقڵی بەکۆمەڵی نەتەوەیەک لاپەڕەیەکی سپی نییە، ئەوەی فراکسێۆنەکان جا ئیسلامی بن یان هیتر بیانەوێت لێی بنوسن.
ڕای گشتی ڕەگ و ڕیشەی هەیە، لە خاکی مێژووی هاوبەش و برینە نەتەوەییەکان و هێماکانی قوربانیداندا گەشە دەکات. ناتوانرێت هەر چوار ساڵ جارێک بنووسرێتەوە.
لە هەرێمی کوردستان لایەنی جۆراوجۆری ئۆپۆزسیۆن چەندین جار نەیانتوانیوە تێبگەن کە هێزی ئەوان لە هێرشکردنە سەر خودی پڕۆژەی نیشتمانییەوە ناتوانێ بێتە ئاراوە، ناشتوانن بزاڤی ڕزگاری خوازی کوردستان لاوازبکەن. ڕەخنە لە حوکمڕانی ڕەوا و تەنانەت پێویستیشە، بەڵام کاتێک ڕەخنە دەگۆڕێت بۆ شەراکەت لەگەڵ ئەو هێزانەی کە مافەکانی کورد ڕەتدەکەنەوە، ئەوا پرسەکە ئۆپۆزسێۆن بوون نییە و دەگۆڕێت بۆ نەیارییەتی. خەڵکی کوردستان جیاوازی لە نێوان ڕیفۆرمخوازی جدی و هەڵیت و پەڵیت دەکەن. یەکەمیان نیشتیمان بە ئاڕاستەیەکی شیاو و داهاتووگەشدا ئاڕاستە دەکات، دووەمیان بەربەست دروست دەکات. بەم شێوەیە ئەوانەی کە لەگەڵ فشارەکانی بەغدا هاوسەنگەرن و فشارەکان دادوەری، نەوت و بودە و مووچە لەسەر هەرێم بۆ خۆیان بەسەرکەوتن دەبینن، ئەوا تەنیا دووری خۆیان لە ڕۆحی گشتی ئاشکرا دەکەن و ڕۆژێک دێت ناچارن بە دووربین تەمشای کوردستان و پێشکەوتنەکانی بکەن.
ئەم مێتۆدە تەنها تایبەت بە کوردستانیش نییە. لە زۆرێک لە وڵاتان کاتێک لایەنە ئۆپۆزسێۆنەکان داڕمان کە تەنها بە مێتۆدی نکۆڵیکردن خۆیان پێناسە کردووە نەک بەشداری نەتەوەیی.
ڕەنگە خەڵک تەحەمولی ناکارامەیی بکەن، بەڵام تەحەمولی خیانەتکردن لە کەرامەتی دەستەجەمعی خۆیان ناکەن. پارتێک کە پێدەچێت هاوکاری فشارە دەرەکییەکان بکات جا لە بەغداوە، تاران یان ئەنقەرەوە بێت، ناتوانێت دڵەکان بەدەستبهێنێت. هەر لەبەر ئەوەشە، تەنانەت کاتێک مووچە دوادەکەوێت و خزمەتگوزارییەکان لاواز دەبن، هێشتا زۆرێک لە هاووڵاتیان جیاوازی دەکەن لە نێوان کەموکوڕی ناوخۆیی و دەستی دەرەکیدا. شکستی ئۆپۆزسیۆن لە بێتواناییدایە لە جیاکردنەوەی ڕەخنەی ڕەوا لە گوتاری وێرانکەر.
وانەی گەورەتر ئەوەیە کە هۆشیاری نەتەوەیی سیستەمی بەرگری خۆی هەیە. ئەو بیرۆکانە ڕەتدەکاتەوە کە دژایەتی جەوهەرەکەی دەکەن، هەروەک چۆن جەستەیەکی زیندوو ئەندامێکی نامۆ ڕەتدەکاتەوە. ئەو گرووپە سیاسییانەی کە ڕێز لەم بەردەوامییە ئۆرگانییە ناگرن، لە کۆتاییدا شکستی خۆیان بەرهەم دەهێنن. هونەری سیاسەت بەرەنگاربوونەوەی یادەوەری گەل نییە بەڵکو دڵسۆزانە لێکدانەوەیەتی، هەوڵدانە دوور لە وێرانکردن.