دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە

هەرێم نیوز

سەرچاوەیەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، دوای بڵاوکردنەوەی هەڵوێست و ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکەیان بەرامبەر بڕیارەکانی عێراق، بەم نزیکانە کۆبوونەوەی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڕێوە دەچێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرچاوەکەی پارتی لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە هەرچەندە تاوەکو ئێستا کاتی کۆبوونەوەکە بە دیاریکراوی دەستنیشان نەکراوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە لەبارەی ئەو دۆخەی پاش ڕاگەیەندراوەکەی گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان دروست بووە، هەردوولا کۆ دەبنەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە دوێنێ سێشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2026، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند کە ڕاگەیەندراوەکەی گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق و پێشهاتەکانی ئەم دواییە بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان چاوەڕواننەکراو بوون.

لە ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکەی هەردوو حزبدا جەخت لەوە کرابووەوە کە پێویستە هەموو لایەک پابەندی دەستوور بن و ئەگەر کێشەیەکیش لە نێوان هەولێر و بەغدا هەبێت دەبێت دەستوور دادوەر بێت، هاوکات دووپاتیان کردبووەوە کە پێشێلکردنی ماف و دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان هێڵی سوورە و بڕیاری تاکلایەنە خزمەت بە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق ناکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP