هەرێم نیوز
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران وەڵامی تۆمەتەکانی ئیسرائیلی لەبارەی پەرەپێدان و شاردنەوەی چەکی کیمیایی لە کارگەکانی دەرمانسازیدا دایەوە و ڕایگەیاند، کە ئامانجی ئیسرائیل لەو تۆمەتانە هەڵخەڵەتاندنی ئەمریکایە تاوەکو بچێتە ناو جەنگێکی دیکەوە لە جیاتی ئەو.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2026، عەباس عێراقچی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا کە ئیسرائیل ڕەتی کردووەتەوە بچێتە ناو هیچ پەیماننامەیەکی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی، کیمیایی یان بایۆلۆژییەوە، و بە گوتەی ناوبراو خاوەنی سەدان کڵاوەی ئەتۆمییە، هێرشی کردووەتە سەر حەوت وڵاتی ناوچەکە، خاکی سێ وڵاتیشی داگیر کردووە و تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا ئەمریکای ڕاکێشاوەتە ناو دوو جەنگی شکستخواردووەوە دژی ئێران.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئیسرائیلی بە جەنگخواز ناو برد و ڕوونی کردەوە کە تاران واژۆکاری پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT) و ئەندامی ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیاییە (OPCW)، و خۆیشی قوربانیی ئەو چەکە کیمیاییانە بووە کە ئەڵمانیای ڕۆژئاوا بە ڕژێمی سەددام حوسێنی دابوو.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا، عێراقچی دووپاتی کردەوە کە ئامانجەکە بێپەردە و بوێرانەیە و بریتییە لە هەڵخەڵەتاندنی ئەمریکا بۆ ئەوەی جەنگێکی دیکە لە جیاتی ئیسرائیل بکات، لە کاتێکدا نەخۆشانی ئێرانی دەکرێنە ئامانج.