هەرێم نیوز
⠀
نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا (ئێف بی ئای) لێکۆڵینەوە لە ئەگەری هاککردنی تۆڕەکانی دەکات دوای ئەوەی گرووپێکی هاککەر بانگەشەی دزینی زانیاریی کەسیی هەزاران کارمەندی ئاژانسەکەی کرد.
⠀
ئەمڕۆ شەممە، 21ـی 11ـی 2026، تۆڕی هەواڵیی سی ئێن ئێن لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، ئێف بی ئای لە بەیاننامەیەکدا پشتڕاستی کردووەتەوە کە ئاگاداری بانگەشەکانە سەبارەت بە بوونی چالاکیی بێمۆڵەت لەسەر ماڵپەڕی دامەزراندنی ئاژانسەکە و لە ئێستادا لێکۆڵینەوە دەکەن.
⠀
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەش کردووە، پۆرتاڵی پێشکەشکردنی داواکاریی دامەزراندن لەسەر ماڵپەڕی ئێف بی ئای لەکار کەوتووە و لە ئاگادارییەکدا نووسراوە کە پۆرتاڵەکە لە ئێستادا بەردەست نییە.
⠀
بەیاننامەکەی ئێف بی ئای چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە گرووپی هاککەری ناسراو بە شاینی هەنتەرز لە ماڵپەڕی خۆی لە دارک وێب ناوی ئێف بی ئای وەک قوربانی بڵاوکردەوە و بانگەشەی کرد لە ئێوارەی دووشەممەوە دەستی بەسەر داتاکاندا گرتووە.
⠀
گرووپە هاککەرەکە ڕایگەیاندووە، لەبەر ئەوە ئەو کارەیان کردووە کە هەستیان بە بێزاربوون کردووە بەهۆی بڵاوکردنەوەی هۆشدارییەکی گشتیی ئێف بی ئای لە مانگی ئایاردا کە شێوازەکانی گرووپەکەی بۆ سەرانەسەندن لە کۆمپانیاکان شیکردبووەوە.
⠀
هاککەران داوایان لە ئێف بی ئای کردووە ڕاپۆرتە ئۆنلاینەکەی لاببات یان هەمواری بکاتەوە و بانگەشەی ئەوەشیان کردووە کە لەم دۆسیەیەدا پاڵنەری داراییان نییە.
⠀
ئێف بی ئای پێشتر هۆشداریی دابوو کە گرووپی شاینی هەنتەرز کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆژیا و دارایی و کەرتی تەندروستی دەکاتە ئامانج و زۆرجار ملیۆنان تۆماری بەکارهێنەران بە یەکجار دەدزێت.
⠀
ئەم ڕووداوە نوێترین نموونەی بەئامانجگرتنی دەزگا ئەمنییەکانی ئەمریکایە لەلایەن گرووپە هاککەرەکانەوە دوای ئەوەی لە مانگی ڕابردوودا باندێکی هاککەری ڕووسی چەندین دۆسیەی هەستیاری نووسینگەی کهول و تووتن و چەکی وەزارەتی دادی ئەمریکای دزە پێ کرد.