هەرێم نیوز
⠀
سەرۆکی لیستی عەرەبیی یەکگرتوو ڕایدەگەیەنێت، کە دەنگدەرانی عەرەب لە هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیلدا دەتوانن ببنە هۆی ڕووخانی حکومەتەکەی بێنیامین نەتانیاهوو.
⠀
ئەمڕۆ سێشەممە، 27ـی 10ـی 2026، مەنسوور عەباس، سەرۆکی لیستی عەرەبیی یەکگرتوو رایگەیاند، کە داوا لە هاووڵاتییانی عەرەب دەکات بە مەبەستی ڕووخاندنی حکومەتی ئێستا بەشدارییەکی فراوان لە هەڵبژاردنەکانی کنێستدا بکەن.
⠀
ناوبراو لە کاتی دەنگدانیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لیستەکەیان پێویستی بە لانی کەم هەشت کورسییە بۆ ئەوەی زامنی ڕووخانی حکومەتە ڕاستڕەوەکەی نەتانیاهوو بکات.
⠀
هەروەها داوای لە دەنگدەرانی عەرەب کردووە بەشداری لە پێکهێنانی حکومەتێکی نوێدا بکەن کە توانایەکی زیاتری هەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
⠀
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی، ئەم هەڵبژاردنە دەرفەتێکی مێژووییە بۆ کۆتاییهێنان بە چوار ساڵی سەخت و بێبەرهەم کە پڕ بووە لە نادادپەروەری و جیاوازی و پشتگوێخستن.
⠀
مەنسوور عەباس هۆشداریی ئەوەشی داوە، کە مانەوەی ئەم حکومەتە بە واتای بەردەوامبوونی هەمان ئەو سیاسەتە توندڕەوانە دێت بۆ چوار ساڵی دیکە.
⠀
سەرۆکی لیستی عەرەبیی یەکگرتوو ئامانجی خۆی بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی بەشداریکردن بۆ لە سەدا ٧٠ تاوەکو ٨٠ دیاری کردووە، کە هاوشێوەی ڕێژەی بەشداریکردنە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنە ناوخۆییەکاندا.
⠀
لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە، کە بەشداریکردنی زیاتری عەرەبەکان توانای کۆمەڵگەکە بۆ دروستکردنی کاریگەری لەسەر حکومەت و کنێست زیاد دەکات.
⠀
پرسی بەشداریکردنی عەرەبەکانی ناوخۆی ئیسرائیل لە هەڵبژاردنەکاندا هەمیشە یەکێک بووە لە پرسە یەکلاکەرەوەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت و دیاریکردنی ئاراستەی سیاسیی ئەو وڵاتە، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە ململانێیەکی توند لە نێوان بەرەی ڕاستڕەو و نەیارەکانیاندا هەیە.