هەرێم نیوز
تەماحی واشنتن لە کانزا ستراتیژییەکان؛ چۆن هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ کێڤ گۆڕدران بۆ مامەڵەیەکی گەورەی ئابووری؟
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای گۆڕینی هاوکارییە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بۆ ئۆکراینا کرد بۆ گرێبەستێکی ئابووریی زەبەلاح کە بەهاکەی بگاتە یەک تریلیۆن دۆلار.
ترەمپ ڕایگەیاندووە کە واشنتن بە بەهای زیاتر لە ٣٥٠ ملیار دۆلار هاوکاریی سەربازی و دارایی پێشکەش بە کیێڤ کردووە، کاتی ئەوەش هاتووە ئەمریکا لە بەرامبەردا قەرەبوو بکرێتەوە.
ئەو قەرەبووەی کۆشکی سپی داوای دەکات پارەی کاش نییە، بەڵکو دەستبەسەرداگرتن و وەبەرهێنانە لەو سامانە دەوڵەمەندانەی لە ژێر خاکی ئۆکراینادا شاردراونەتەوە.
ئەم کانزا دەگمەنانە بریتین لە: لیسیۆم، تیتانیۆم و گرافیت؛ کەرەستە و ماددە سەرەکییانەی کە شادەماری پیشەسازیی دروستکردنی فڕۆکە، باتری و ئۆتۆمبێلی کارەبایین لە جیهاندا. گرنگیی ئەم سامانانە بە تایبەت لە ئێستادا دوو هێندە بووەتەوە بەهۆی توندبوونەوەی ململانێ و کێبڕکێی جیهانی لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی کانزا هەستیارەکان.
ترەمپ پێشتر ئاماژەی بە ڕێککەوتنێک لەم بوارەدا دابوو کە بەهاکەی دەگاتە یەک تریلیۆن دۆلار و ڕایگەیاندبوو: «ئێمە ٣٥٠ ملیار دۆلارمان پێشکەش بە ئۆکراینا کرد، لە بەرامبەردا ڕووبەرێکی زۆر گەورە لە زەوی، کانزای دەگمەن و چەندین کەرەستەی دیکەمان بەدەستهێناوە»، ڕێککەوتنەکەشی بە «مامەڵەیەکی زۆر نایاب بۆ بەرژەوەندیی ئەمریکا» وەسف کرد.
لە ساڵی ڕابردوودا، واشنتن و کیێڤ بە فەرمی ڕێککەوتنی کانزاکان و سامانە سروشتییەکانیان واژۆ کرد. بەپێی ڕێککەوتنەکە، سندوقێکی وەبەرهێنانی هاوبەشی ئەمریکی–ئۆکراینی دادەمەزرێت بۆ وەبەرهێنان لە سەرچاوە سروشتییەکان، کانزا ستراتیژییەکان، وزە و کەرتی ژێرخان؛ ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی کە جەنگی ئۆکراینا لە هاوکێشەی پاراستنی سنوورەکانەوە گۆڕاوە بۆ ململانێیەکی ئابووریی قووڵ لەسەر دابەشکردنی سامانە دەگمەنەکانی ئەو وڵاتە.