هەرێم نیوز
دادگای بەرایی ڕەسافە لە بەغدا، بڕیارەکەی دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراقی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی تاکلایەنەی ڕێککەوتنی دارایی نێوان دەستەکە و کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆمی پووچەڵ کردەوە و بڕیاری دا دەستبەجێ کار بە گرێبەستەکەی نێوانیان بکرێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 28ـی 9ـی 2026، کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە ڕاگەیەندراوێکدا بە ناونیشانی "دادپەروەری سەردەکەوێ" بڵاوی کردەوە، دوابەدوای ئەوەی لە رێکەوتی ٢ـی حوزەیرانی ٢٠٢٤دا دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق بە شێوەیەکی تاکلایەنە گرێبەستی یەکلاکردنەوەی دارایی (التسویة المالیة)ـی نێوانیانی هەڵوەشاندەوە، کۆمپانیاکە پەنای بردە بەر دەسەڵاتی دادوەری و سکاڵای یاسایی تۆمار کرد.
بەپێی بڕیارەکەی دادگای بەرایی ڕەسافە، بڕیارەکەی دەستەی ڕاگەیاندن بە تەواوەتی پووچەڵ کراوەتەوە و بڕیاریش دراوە دەستبەجێ کار بە گرێبەستی یەکلاکردنەوەی دارایی نێوان هەردوولا بکرێتەوە، کە لە ٢٣ـی ئەیلوولی ٢٠٢٣دا واژوو کرابوو.
کۆڕەک تیلیکۆم وێڕای پێشوازیکردن لە بڕیارەکەی دادگا، ڕایگەیاندووە کە پەنابردنیان بۆ دادگا لەسەر بنەمای باوەڕبوون بووە بە سەروەریی یاسا، هاوکات سوپاسی خۆڕاگریی بەشداربووانی کردووە بەرامبەر ئەو گوشارانەی لە ماوەی ڕابردوودا دروست ببوون و دووپاتی کردەوە کە بەردەوام دەبێت لە پاراستنی مافەکانیان.
لە کۆتاییی ڕاگەیەندراوەکەدا، کۆمپانیاکە داوای لە دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن کردووە لاپەڕەیەکی نوێی دوور لە ناکۆکی و کۆسپ دروستکردن بکاتەوە، تاوەکو لە چوارچێوەی یاسا و ڕێزگرتن لە بڕیارەکانی دادگا، پێکەوە کار بۆ گەشەپێدانی کەرتی پەیوەندییەکان لە وڵاتدا بکەن.