هەرێم نیوز
کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی، دەستپێکردنەوەی کارەکانی بە شێوەیەکی سنووردار لە کێڵگە نەوتییەکانی تاوکێ و پێشابوور ڕاگەیاند، هاوکات بە مەبەستی پاراستنی کارمەندان و دامەزراوەکانی لە هێرشەکان، دیوارێکی کۆنکرێتی بە درێژایی ٢.٨ کیلۆمەتر دروست کردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ـی 5ـی 2026، وتەبێژی کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی ڕاپۆرتی چارەکی یەکەمی ساڵی 2026ـی بڵاویکردەوە، و تێیدا ئاماژە بە دەستپێکردنەوەی کارەکانیان لە هەردوو کێڵگەی نەوتی تاوکێ و پێشابوور کراوە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لە سەرەتای ئەمساڵدا بەرهەمهێنانێکی باشی نەوتیان لە بلۆکی تاوکێ هەبووە، کە کۆمپانیاکە خۆی سەرپەرشتی دەکات.
وتەبێژی کۆمپانیاکە ڕایگەیاند، لە (9ـی 4ـی 2026)ـەوە، چالاکییە سنووردارەکانی کێڵگەکە دەستیان پێکردووەتەوە، کە بریتییە لە نۆژەنکردنەوەی بیرە کۆنەکان و دووبارە دەستپێکردنەوەی هەڵمەتی هەڵکەندنی هەشت بیری نەوت.
ئەم هەنگاوانەش وەک ئامادەکارییەک وان بۆ زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان لە کاتێکدا کە بارودۆخی ئەمنی و بازاڕ باشتر دەبێت.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە سەرەتای چارەکی یەکەمدا دوو بیری نەوتی نوێیان تەواو کردووە و خستوویانەتە بواری بەرهەمهێنانەوە، بەڵام وەک ڕێکارێکی سەلامەتی بڕیاریان دا بە شێوەیەکی کاتی کارەکان ڕابگرن، ئەمەش دوای دەستپێکردنی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە (28ـی 2ـی 2026).
لەم چوارچێوەیەشدا و بۆ خۆپاراستن لەو هێرشە درۆنییانەی پێشتر ڕوویانداوە، دی ئێن ئۆ دیوارێکی کۆنکرێتی بە درێژایی ٢.٨ کیلۆمەتر بۆ پاراستنی کارمەندان و دامەزراوە هەستیارەکانی دروست کردووە.
لە کۆتاییدا وتەبێژی کۆمپانیاکە بڵاویکردەوە، بەهۆی ڕاگرتنی کارەکان و ناڕوونیی دۆخەکەوە، پێشبینی دەکرێت ئاستی بەرهەمهێنان و وەبەرهێنانەکانی ئەمساڵ کەمتر بێت لەو پلانەی پێشتر داڕێژرابوو.