هەرێم نیوز
لەسەر داوای سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق و لایەنە سیاسییەکان، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاری دا هەفتەی داهاتوو بگەڕێتەوە بەغدا و کۆتایی بە بایکۆتی دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق بهێنێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 6ـی 5ـی 2026، سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند، بڕیاری گەڕانەوەی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر داوای ڕاستەوخۆی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق بووە، کە جەختی لەوە کردووەتەوە بوونی پارتی وەک هێزێکی سەرەکی و کاریگەر بۆ سەرخستنی کارنامەی حکومەت و پرۆسەی سیاسیی عێراق گرنگە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، لایەنە سیاسییەکانی دیکەی عێراقیش داوایان لە پارتی کردووە بگەڕێتەوە ناو پەرلەمان و حکومەت.
سەرچاوەکە بڵاویکردەوە، پارتی بەر لە گەڕانەوە بۆ پەرلەمان لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو، جەختی لە جێگیرکردنی داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان لەنێو کارنامەی حکومەتی داهاتوو و گرنگیی تێپەڕاندنی چەند یاسایەک کردووەتەوە.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە، لە (18ـی 4ـی 2026)، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بڵاویکردەوە، بەهۆی پشتگوێخستنی بنەماکانی هاوبەشیی ڕاستەقینە، هاوسەنگی و سازانی نیشتمانی، بڕیاری داوە بە شێوەیەکی کراوە و تا کاتێکی نادیار بایکۆتی سەرجەم کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق بکات.