دواین هەواڵ

عێراق‌

 18 کاتژمێر پێش ئێستا

بە تۆمەتی گەندەڵی، بەرپرسێکی باڵا لە نەجەف ڕاپێچی دادگا دەکرێت

هەرێم نیوز
دەستەی دەسپاکی عێراق دەستگیرکردنی بەرپرسێکی لە دامەزراوەی زیندانیانی سیاسیی نەجەف ڕاگەیاند، بە تۆمەتی گەندەڵی و دابەشکردنی ٧٤ پارچە زەوی بە شێوەیەکی نایاسایی.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٢ـی ٤ـی ٢٠٢٦، دەستەی دەسپاکی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کە تیمی لێکۆڵینەوەی نووسینگەی نەجەف دوای وردبینییەکی ورد لە لقی دامەزراوەکە و بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارکردنی خانووبەرە، توانیویانە ئەو بەرپرسە دەستگیر بکەن.

 ئاماژە بەوەش کراوە، کە هۆکاری دەستگیرکردنەکە بوونی گومانە لە دەستکاریکردنی ئەو زەوییانەی کە بۆ توێژی زیندانیانی سیاسی تەرخان کراون.

بەپێی زانیارییەکانی هۆبەی وردبینیی دەرەکی، دەرکەوتووە کە ٧٤ پارچە زەوی بە نایاسایی بۆ کەسانی "نایاسایی و ناشایستە" تەرخان کراون.
 وتەبێژی لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕایگەیاند، ئەم پڕۆسەی دەستگیرکردنە بە فەرمانی دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی نەجەف جێبەجێ کراوە.

لە ئێستادا تۆمەتبارەکە بەپێی ماددەی ٣٤٠ لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوەی زیاتری لەگەڵدا دەکرێت بۆ ئاشکراکردنی هەموو ئەو کەسانەی تێوەگلاون لەو دۆسیەیەدا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP