دواین هەواڵ

عێراق‌

 18 کاتژمێر پێش ئێستا

هۆشداری لە قەیرانی مووچە؛ داهاتی نەوت بۆ کەمترین ئاست لە مێژوودا دابەزی

هەرێم نیوز
داهاتی مانگانەی عێراق بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکە و دابەزینی ئاستی هەناردەی نەوت، لە ٧ ملیار دۆلارەوە بۆ ٧٥٠ ملیۆن دۆلار کەمی کردووە، ئەمەش حکومەتی ناچار کردووە بۆ دابینکردنی مووچە پەنا بۆ پارەی یەدەگی بانکی ناوەندی ببات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٢ـی ٤ـی ٢٠٢٦، سیروان مستەفا، پسپۆڕی بواری نەوت و بەرپرسی ئەندازیارانی جیۆلۆجی لە کۆمپانیای نەوتی باکوور ڕایگەیاند، کە عێراق پێش جەنگ ڕۆژانە سێ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی دەفرۆشت، بەڵام ئێستا بەرهەمهێنان بۆ یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار بەرمیل کەمبووەتەوە و تەنیا ٢٥٠ هەزار بەرمیلی لێ هەناردە دەکرێت.
 ئاماژەی بەوەش کرد، کە داهاتی ئێستا تەنیا بەشی کەمتر لە ١٠٪ـی خەرجییەکان دەکات.

ئەم پسپۆڕە هۆشداری دەدات کە لە مانگی ٥ و ٦ـی ئەمساڵەوە قەیرانی مووچە و بودجە بە ڕوونی دەردەکەوێت، چونکە عێراق ٩٠٪ـی پشتی بە نەوت بەستووە.
 وتەبێژی ئەم کەرتە ئابوورییە ڕایدەگەیەنێت، حکومەت تەنیا دەتوانێت بۆ ماوەی ٥ بۆ ٦ مانگی دیکە لە ڕێگەی بەکارهێنانی ٩٧ ملیار دۆلارەکەی یەدەگی بانکی ناوەندییەوە مووچە دابین بکات.
سەبارەت بە بژاردەی قەرزکردن، سیروان مستەفا باسی لەوە کرد کە قەرزکردن لە بانکی نێودەوڵەتی ڕێگەچارەیەکی قورسە، چونکە مەرجەکانی وەک بڕینی پاڵپشتیی حکومەت لە کەرتەکانی تەندروستی و کارەبا، زیانی گەورە بە هاوڵاتییان دەگەیەنێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP