دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

لە "خوانی ماڵئاوایی"یەوە بۆ دڵە لێدەرەکەی ئێران؛ ئەمریکا بۆ هێرشی زەمینی ئامادەیە

هەرێم نیوز

ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان کە پشت بە چاودێریکردنی جووڵە مەیدانییەکانی سوپای ئەمریکا دەبەستن، ئاماژە بەوە دەکەن کە واشنتۆن قۆناغی "هەڕەشەی زارەکی" تێپەڕاندووە و کەوتووەتە ناو ئامادەکاریی کردەیی بۆ ئۆپەراسیۆنێکی زەمینیی خێرا و هێرشی جۆری لە ناو خاکی ئێراندا.

نیشانە لۆجستییەکان و بڵاوەپێکردنی یەکە تایبەتەکان گەیشتوونەتە ئاستێکی بێپێشینە کە بۆنی جەنگی لێ دێت.

کۆدی "خوانی شاهانە" و ئامادەباشیی یەکەکان

 
یەکێک لە هەرە جدیترین ئاماژەکان کە لە ناو بنکە سەربازییەکانی ئەمریکاوە دزەی کردووە، پێشکەشکردنی "خواردنی شاهانە و فاخر"ە بە سەربازان. ئەمە لە نەریتی سوپای ئەمریکادا بە "خوانی ماڵئاوایی" ناسراوە؛ هێمایەکی مێژووییە کە نیشانی دەدات فەرمانی دەرچوون بەرەو سەنگەرەکانی جەنگ تەنیا هەنگاوێکی ماوە.

هاوکات، فیرقەی 82ی ئاسمانی خراوەتە حاڵەتی ئامادەباشی تەواوەوە و یەکەی 31ی هەواڵگریی دەریایی بە کەشتییە جەنگییە هێرشبەرەکانیانەوە، لە ژاپۆنەوە بەرەو ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەنگەریان هەڵگرتووە.

ئۆپەراسیۆنی "نەشتەرگەری"؛ ئامانج دوورگەی خارگ-ە

شیکەرەوە سەربازییەکان جەخت دەکەنەوە کە ئەمریکا پلانی بۆ "داگیرکاریی گشتگیر" نییە کە پێویستی بە سەدان هەزار سەرباز بێت، بەڵکو ستراتیژییەتەکە بریتییە لە ئۆپەراسیۆنی "نەشتەرگەریی" خێرا.

ئامانجی سەرەکی لەم قۆناغەدا، دەستبەسەرداگرتنی دوورگەی "خارگ"ـە؛ ئەم دوورگەیە شادەماری ئابووریی ئێرانە و زۆربەی نەوتی ئەو وڵاتەی لێوە هەناردە دەکرێت. کۆنترۆڵکردنی ئەم خاڵە وەک "مات"کردنی تاران دەبینرێت بۆ ناچارکردنی بە پاشەکشە و کۆتاییهێنان بە ململانێکە.

تووڕەیی داستانئاسا

ئەم ئۆپەراسیۆنە کە بە ناوی "Epic Rage" ناسراوە، ئامانجی پووچەڵکردنەوەی تەواوەتی تواناکانی موشەکیی ئێران و بنبڕکردنی هەر جۆرە هەوڵێکی ئەتۆمییە. هاوتەریب لەگەڵ ئەمەشدا، بەریتانیا و فەڕەنسا خەریکی پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی دەریایی نێودەوڵەتین؛ ئەوان کەشتییە تێکشکێنەرە پێشکەوتووەکانی جۆری "45" بەکار دەهێنن بۆ پاراستنی ڕێڕەوە بازرگانییەکانی گەرووی هورمز.

هەرچەندە هێشتا کاتژمێری سفر بە فەرمی لێ نەدراوە، بەڵام تەواوبوونی تابلۆ مەیدانییەکە ــ لە فڕینی چڕی فڕۆکە بارهەڵگرەکانەوە تا بڵاوەپێکردنی کەشتییە هێرشبەرەکان ــ وێنەیەکی ڕوون دەکێشن؛ ناوچەکە لەبەردەم وەرچەرخانێکی گەورەی هاوسەنگیی هێزدایە و ژینگەی سەربازی لە هەڕەشەوە گۆڕاوە بۆ ئامادەباشیی کردەیی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP