هەرێم نیوز
چوار هەفتە بەسەر جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران تێدەپەڕێت؛ جەنگێک کە تەنها بارووت نییە، بەڵکو کێشانەوەی نەخشەی نوێی ئابووری و وزەی جیهانە. لە کاتێکدا فڕۆکەکانی ئەمریکا بە ئازادی بەسەر ئاسمانی تاراندا دەفڕن، گەورەترین کۆمپانیا داراییەکانی جیهان هۆشداریی "داڕمانێکی توند" دەدەن.
لاری فینک، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای بلاک ڕۆک، هۆشداری دەدات کە ئەگەر جەنگەکە درێژە بکێشێت، نرخی نەوت دەگاتە ١٥٠ دۆلار. ئەمەش جیهان بەرەو قەیرانێکی توند دەبات کە باجەکەی تەنها هەژاران دەیدەن. فینک پێی وایە ئەمە جەنگی مان و نەمانە بۆ هەژموونی تەکنەلۆژیا و وزە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت، تەنها جەنگی تاران نییە، بەڵکو ئەمریکا دەیەوێت لە ڕێگەی وشککردنی سەرچاوەکانی وزەی ئێران، "ڕێگای ئاوریشمی نوێ"ی چین پەک بخات. پەکین ئێستا لە کێبڕکێیەکی تونددایە و پێویستی بە وزەیەکی هەرزان هەیە کە واشنتۆن دەیەوێت کلیلی ئەو وزەیە بخاتە گیرفانی خۆیەوە.
لە کاتێکدا ترەمپ باس لە دانوستان دەکات، ئیسرائیل "لیستی مەرگ"ی بۆ تیرۆرکردنی سەرکردە باڵاکانی وەک عەلی لاریجانی و ئیسماعیل خەتیب چالاک کردووە. ئەمەش تاران دەخاتە بەردەم بۆشایییەکی گەورەی بڕیاردان و بازاڕی نەوتیش بۆ ساڵانێکی زۆر ڕووبەڕووی گرانییەکی بێوێنە دەبێتەوە.
هاوکات ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمریکا ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆنی "Epic Rage" دەکات. نیشانەکانی وەک پێشکەشکردنی ژەمی خواردنی شاهانە بە سەربازان و جووڵەی فیرقەی ٨٢ی ئاسمانی و یەکەی ٣١ی دەریایی لە ژاپۆنەوە، ئاماژەن بۆ هێرشێکی زەمینی خێرا بۆ سەر دوورگەی "خارگ" کە شادەمارە سەرەکییەکەی نەوتی ئێرانە.
جەنگەکە کارەساتی مرۆیی گەورەی لێکەوتووەتەوە و پتر لە ٤٢٠٠ کەس لە ئێران و لوبنان کوژراون. وڵاتانی وەک میسر، پاکستان و سریلانکا لە لێواری ئیفلاسکردندان و تەنانەت ئابووریی ئەڵمانیا و ژاپۆنیش بەهۆی پشتبەستن بە نەوتی ناوچەکە، بەرەو پاشەکشەیەکی مەترسیدار دەچن.
لە کۆتاییدا، ئەم ٥ ڕۆژە مۆڵەتەی ترەمپ، کاتێکی زێڕینە بۆ ئەوەی جیهان بڕیار بدات؛ ئایا تاران تەسلیم دەبێت و نرخەکان دادەبەزن، یان جەنگەکە بەرەو ١٥٠ دۆلار دەڕوات و نەخشەی ئابووری جیهان بە خوێن و بارووت لە قازانجی ئەمریکا و دژی چین سەرلەنوێ دەنووسرێتەوە.