هەرێم نیوز
ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردۆتەوە، لەگەڵ دەستپێکردنی گفتوگۆ نهێنییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، وردەکاریی مەرجە پێشوەختەکانی هەردوولا دەریدەخەن کە گەیشتن بە ڕێککەوتن پێویستی بە سازشی گەورە هەیە. ئێران دەیەوێت پێگەی خۆی وەک هێزێکی ناوچەیی بپارێزێت، لە کاتێکدا واشنتن دەیەوێت گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە هەڵسوکەوت و تواناکانی تاراندا بکات.
ستراتیژی و مەرجەکانی ئێران
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆیتەرز، تاران گەرووی هورمزی کردووەتە چەقی دانوستانەکان و داوای کۆنترۆڵی فەرمی دەکات، بە شێوەیەک کە تەنها وڵاتانی نادوژمن مافی تێپەڕبوونیان هەبێت. هاوکات، ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەرنامەی مووشەکی بالیستی هێڵی سوورە و هیچ دانوستانێکی لەسەر ناکرێت. داواکارییەکانی تری تاران بریتین لە وەرگرتنی گەرەنتی بۆ ڕانەگرتنی هێرشەکان لە ئاییندەدا و قەرەبووکردنەوەی تەواوی ئەو زیانە داراییانەی بەهۆی جەنگ و سزاکانەوە بە ئابووریی وڵاتەکە گەیشتووە.
پڕۆژە ١٥ خاڵییەکەی ئەمریکا
لە بەرانبەردا، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ نەخشەڕێگەیەکی ١٥ خاڵیی خستووەتە ڕوو کە داوای هەڵوەشاندنەوەی تەواوی توانای ئەتۆمی ئێستای ئێران دەکات، لەوانە ڕاگرتنی پیتاندن و لەناوبردنی دامەزراوەکانی نەتەنز و فۆردۆ. لە ڕووی سەربازییەوە، واشنتن داوای کۆتوبەندکردنی مووشەکی بالیستی و مانەوەی گەرووی هورمز بە کراوەیی دەکات. هەروەها مەرجی سەرەکیی ئەمریکا بریتییە لە وازهێنان لە پاڵپشتیی گروپە چەکدارەکان و بڕینی هاوکارییە دارایی و سەربازییەکان بۆیان.
ئیمتیازەکان و خاڵە هاوبەشەکان
وەک هاندەرێک بۆ ئاشتی، ئەمریکا پێشنیاری کردووە کە لە بەرانبەر جێبەجێکردنی مەرجەکان، سەرجەم سزاکان هەڵبگرێت و میکانیزمی گێڕانەوەی سزا نێودەوڵەتییەکان (Snapback) نەهێڵێت. هەروەها واشنتن ئامادەیی نیشانداوە پاڵپشتیی پڕۆگرامێکی ئەتۆمیی مەدەنی بکات لە بوشەهر. سەرەڕای ئەم ئۆفەرانە، جیاوازیی قووڵ لەسەر "ئاسایشی دەریا" و "مووشەکی بالیستی" وەک گەورەترین ئاستەنگی بەردەم ئەم گەڕە نوێیەی دیپلۆماسی دەمێننەوە.