هەرێم نیوز
سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا بە توندی ئیدانەی ئەو هێرش و دەستدرێژییانەی کرد کە کرانە سەر بارەگاکانی هێزە ئەمنییەکان لە چەند پارێزگایەکی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان، کە بەهۆیانەوە ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەو هێزانە شەهید و بریندار بوون.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە بە ئامانجگرتنی هێزە ئەمنییەکان بە هەموو پێکهاتە جیاوازەکانیانەوە کارێکی ڕەتکراوەیە و پێویستی بە هەڵوێستێکی نیشتمانیی یەکگرتوو هەیە، ئەمەش بۆ بەهێزکردنی پاراستنی دامەزراوە ئەمنییەکان و پاراستنی یەکڕیزی لە بەرامبەر ئاستەنگەکاندا.
سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران جەختی لەسەر پێویستیی دوورخستنەوەی عێراق لە لێکەوتەکانی ململانێ هەرێمییەکان کردەوە و ڕایگەیاند کە نابێت وڵات پەلکێشی ناو هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەک بکرێت کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ناکات.
هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا داوا کراوە کە هەمووان کار بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بکەن و وڵات لە هەر جۆرە پەرەسەندن و گرژییەکی زیاتر بەدوور بگرن.