هەرێم نیوز
دوای کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران لە 28ی شوباتی 2026 و هەڵگیرسانی جەنگ، بەغدا بووەتە چەق و مەکۆی ئەفسەرانی "فەیلەقی قودس" بۆ بەڕێوەبردنی شەڕ و دروستکردنی ناوەندێکی کۆنتڕۆڵی پشتیوان بۆ سوپای پاسداران، ئەمەش لە ئەگەرێکدا ئەگەر دۆخی تاران بەرەو داڕمانی زیاتر بڕوات.
گەڕانەوەی پەیوەندییەکان و هاتنی ئەفسەرانی ئێرانی
دوای سێ ڕۆژ لە پچڕانی تەواوەتیی پەیوەندییەکان لە سەرەتای جەنگدا، لە سێی ئازارەوە تۆڕی پەیوەندیی نێوان ئەفسەرانی ئێرانی و گرووپە چەکدارە عێراقییەکان کارایە و بە لێشاو ئەفسەرانی ئێرانی بە پاسپۆرتی عێراقی و لوبنانی هاتوونەتە ناو خاکی عێراق. ئامانجی سەرەکییان دروستکردنی پشێوییە لەو ناوچانەی بەرژەوەندیی ئەمریکای تێدایە، لەگەڵ سەپاندنی هەژموونی ڕەهای ئێران بەسەر عێراقدا دوای کۆتاییهاتنی جەنگ.
بەغدا؛ "پایتەختی جێگرەوە"ی سوپای پاسداران
سەرچاوەکان ئاشکرای دەکەن کە ئەفسەرانی ئێرانی ژوورێکی ئۆپەراسیۆنیان لە بەغدا دروست کردووە تا ئەگەر تاران کەوتە ژێر مەترسیی داڕمان، بەغدا ببێتە پایتەختی جێگرەوە بۆ بەڕێوەبردنی ململانێکان. بەڵام ئەم ئەرکە ڕووبەڕووی مەترسی بووەتەوە و هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکانی وەک "جادرێیە" و "کەڕادە" زیانی گیانیی گەورەیان لە ئەفسەرە باڵاکانی ئێران داوە.
جەنگی ڕادارەکان و پەکخستنی سیستەمەکان
یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم جەنگە، پەکخستنی سیستەمی ڕاداری عێراق بووە. گرووپە چەکدارەکان زیاتر لە 15 سیستەمی ڕاداری ئەمریکی و فەرەنسییان تێکشکاندووە کە بەهاکەیان دەگاتە 350 ملیۆن دۆلار، ئەمەش بە ئامانجی کوژاندنەوەی چاوی چاودێریی ئاسمانی و ڕێگەخۆشکردن بۆ مانۆڕی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران ئەنجام دراوە.
جەنگی سیخوڕی لە ناو جەرگەی "کۆشکی حکومەت"دا
بەغدا گۆڕاوە بۆ "یاریگای سیخوڕەکان"؛ جەنگێکی نهێنی لە نێوان چەکدارەکان و دەزگای هەواڵگریی عێراق بەرپابووە. گرووپە چەکدارەکان گومانیان هەیە کە بەشێک لە ئەفسەرانی هەواڵگریی عێراق زانیاری و پڕۆتۆکۆڵی هەستیار دەدەنە ئەمریکا، هەر بۆیە هێرش کراوەتە سەر ناوەندەکانی پەیوەندیی ئەم دەزگایە لە بەغدا.
"جورف ئەلسەخەر" و گۆڕانی هاوکێشەکە
ناوچەی "جورف ئەلسەخەر" کە وەک قەڵایەکی پۆڵایینی ئێران لە باشووری بەغدا دەبینرا، لەم جەنگەدا بووەتە "بارێکی قورس" . بۆردومانە وردەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئەم ناوچەیە و بنکەکانی کۆنتڕۆڵ و فەرماندەیی، وایکردووە ئەم شوێنە لە جیاتی سوود، ببێتە شوێنی ڕاوکردنی سەرکردە باڵاکان.
بەرەو کۆنترۆڵی تەواوەتیی ئەمنی
سەرکردە شیعەکان لەو بڕوایەدان کە سوپای پاسداران دەیەوێت دوای ئەم جەنگە گۆڕانکاریی ڕادیکاڵ لە سیستەمی سیاسی و ئەمنیی عێراقدا بکات؛ بە جۆرێک کە عێراق بە تەواوی لە یاریزانە نێودەوڵەتییەکان پاک بکرێتەوە و هەموو جومگە ئەمنییەکان بکەونە ژێر دەستی گرووپە چەکدارەکان.