هەرێم نیوز
کابووسی ئەتۆمی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ "تەندروستیی جیهانی" لە لێواری کارەساتێکی ژینگەیی
جنێف – ئاژانسەکان
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) هۆشدارییەکی بەپەلە و توند دەدات و ڕایدەگەیەنێت کە شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیشتووەتە "قۆناغێکی ئێجگار مەترسیدار".
ئەم هۆشدارییە دوای ئەوە دێت کە بنکە ئەتۆمییەکانی هەریەکە لە ئێران و ئیسرائیل کرانە ئامانجی هێرشە موشەکییەکان، ئەمەش مەترسیی دەرچوونی تیشکە ئەتۆمییەکان و کارەساتی تەندروستیی گشتیی هێناوەتە ئاراوە.
دیمۆنا و نەتەنز؛ یاریکردن بە ئاگر
گرژییەکان شەوی شەممە کاتێک گەیشتنە لوتکە کە موشەکێکی بالیستیکی ئێرانی ئاراستەی شاری "دیمۆنا" لە باشووری ئیسرائیل کرا، کە بە ناوەندی جبەخانە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە دادەنرێت. تاران ڕایگەیاند کە ئەم هێرشە وەڵامێک بووە بۆ بەئامانجگرتنی بنکەی ئەتۆمی "نەتەنز" لە لایەن ئیسرائیلەوە، کە ناوەندی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێرانە.
تێدرۆس ئەدهانۆم: مەترسییەکە بۆ سەر هەمووانە
تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لە پەیامێکی بەپەلەدا جەختی کردەوە:
"هێرشکردنە سەر شوێنە ئەتۆمییەکان هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر تەندروستیی گشتی و سەلامەتیی ژینگە. داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەم دان بە خۆیاندا بگرن و دوور بکەونەوە لە هەر هەنگاوێک کە ببێتە هۆی کارەساتی ئەتۆمی."
ئەدهانۆم ئاماژەی بەوەش کرد کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی چاودێریی دۆخەکە دەکات و تا ئێستا هیچ نیشانەیەکی نائاسایی لە بەرزبوونەوەی ئاستی تیشکدانەوە (Radiation) لە دەرەوەی ئەو دوو بنکەیە تۆمار نەکراوە.
ئامادەکاری بۆ سیناریۆ ڕەشەکان
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاشکرای کرد کە لە دوای هەڵگیرسانی جەنگ لە ٢٨ی شوباتەوە، دەستی کردووە بە مەشقپێکردنی کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ١٣ وڵاتی ناوچەکەدا، تا چۆن ڕووبەڕووی هەر هەڕەشەیەکی تەندروستی ببنەوە ئەگەر کارەساتێکی ئەتۆمی ڕوو بدات.
ئەم پەرەسەندنە نوێیانە، جیهانی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، چونکە هەر هەڵەیەک لەم ململانێیەدا تەنها زیانی سەربازی نابێت، بەڵکو دەبێتە هۆی کارەساتێکی ژینگەیی و تەندروستی کە بۆ چەندین نەوە کاریگەرییەکەی دەمێنێتەوە.