هەرێم نیوز
دوای ئەو زنجیرە تیرۆرە کتوپڕانەی کە لوتکەی دەسەڵاتی لە ئێران هەژاند، ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان کۆبوونەتەوە.
دوای کوژرانی عەلی لاریجانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی لە هەفتەی ڕابردوودا، پرسیارێکی جەوهەری لە ناوەندە سیاسییەکاندا دروست بووە: "ئێستا کێ ڕێبەرایەتی ڕاستەقینەی ئێران دەکات؟"
لە فەرماندەیی جەنگەوە بۆ لوتکەی بڕیاری سیاسی
قالیباف کە لە ساڵی ١٩٦١ لە مەشهەد لەدایکبووە، تەنها سیاسییەک نییە، بەڵکو یەکێکە لە دیارترین کوڕەکانی ناو جەرگەی سوپای پاسداران.
ئەو کە پێشتر فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپا و شارەوانی تاران بووە، بە شێوازی بەڕێوەبردنی "پراگماتیستی" و توندڕەوی بەرانبەر ڕۆژئاوا دەناسرێتەوە.
دوای تیرۆرکردنی عەلی خامنەیی لە ٢٨ی شوبات و برینداربوونی موجتەبای کوڕی، قالیباف وەک لوتکەی هەرەمی دەسەڵات و "پیاوی بەهێز" دەردەکەوێت کە جڵەوی جەنگ و سیاسەتی گرتووەتە دەست.
دانوستانی ژێرپەردە یان "هەواڵی ساختە"؟
سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی ئیسرائیلی ئاشکرایان کردووە کە ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر، نێردراوانی تایبەتی ترەمپ، لەگەڵ قاڵیباف لە دانوستانی چڕدان، بەڵام ناوبراو بە توندی ئەمە ڕەتدەکاتەوە.
قاڵیباف لە پەیامەکانیدا لە تۆڕی (X)، ئەو دەنگۆیانەی بە "هەواڵی ساختە" ناوبرد و وتی ئامانج لێی یاریپێکردنە بە بازاڕی نەوت و کڕینی کاتە بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل.
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاشکرای کردووە کە واشینگتن داوای کۆبوونەوەی فەرمی لە قالیباف کردووە و تاران هێشتا وەڵامی نەداوەتەوە.
هاوکات زانیارییەکان باس لە ئەگەری کۆبوونەوەیەکی نزیک دەکەن لە شاری "ئیسلامئاباد"ی پاکستان، بە ئامادەبوونی ویتکۆف، کوشنەر و ئەگەری هەیە جەی دی وانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکاش تێیدا بەشدار بێت.
پەیامە ستراتیژییەکانی قالیباف
چاودێران پێیان وایە قالیباف لە ڕێگەی پەیامەکانیەوە، ڕۆڵی خۆی وەک بڕیاردەری یەکەم لە غیابی خامنەییدا دەسەلمێنێت.
ئەو نەک هەر هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمزی کرد، بەڵکو بە توندی گاڵتەشی بە لێدوانەکانی ئەمریکا دەهات سەبارەت بە تێکشکانی توانای مووشەکیی ئێران.
قالیباف بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند: "هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر دوورگەکانی ئێران، کۆتایی بە هەموو دانبەخۆداگرتنێک دەهێنێت و هاوکێشەی چاو بەرانبەر بە چاو جێبەجێ دەکەین."
لە نێوان ئینکارکردنی تاران و جەختکردنەوەی واشینگتن لەسەر بوونی دانوستان، قاڵیباف وەک میحوەرێکی سەرەکی دەردەکەوێت؛ یان وەک ئەندازیاری ڕێککەوتنێکی نوێ بۆ ڕزگارکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران، یان وەک فەرماندەی قۆناغێکی خوێناویتر لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل.