دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەکسیۆس وردەکاریی نێوەندگیریی نێوان ئەمریکا و ئێران ئاشکرا دەکات و هۆکاری ڕاگرتنی هێرشەکان دەردەکەوێت

هەرێم نیوز

ماڵپەڕی ئەکسیۆس ئاشکرای دەکات کە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا تورکیا و میسر و پاکستان پەیامیان لە نێوان واشنتن و تاران ئاڵوگۆڕ کردووە ئەمەش لە کاتێکدایە ترەمپ هێرشەکانی ڕاگرتووە و ئێرانیش بوونی دانوستان ڕەتدەکاتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 23ی ئاداری 2026 ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمریکییەوە ئاشکرای کرد کە سێ وڵاتی گرنگی ناوچەکە نێوەندگیری لە نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەن.

لە زانیارییەکاندا هاتووە کە وەزیرانی دەرەوەی میسر و تورکیا و پاکستان لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا بە جیا گفتوگۆیان لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف نێردەی ئەمریکا و عەبباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران کردووە.

ئاماژە بەوەش کراوە کە نێوەندگیرییەکە لە نێوان واشنتن و تاران بەردەوامە و بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکان.

ئەم پێشهاتانە ڕاستەوخۆ دوای ئەوە دێن کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری دا بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ تەواوی هێرشە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئێران ڕابگرێت.

ترەمپ لە پەیامەکەیدا هۆکاری ئەم بڕیارەی بۆ بوونی گفتوگۆیەکی زۆر باش و بەرهەمدار گەڕاندەوە کە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەکان ئەنجام دراون.

بەڵام لە بەرامبەردا جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بەتەواوی بوونی هەر جۆرە گفتوگۆیەکی ڕاستەوخۆی لە نێوان تاران و واشنتن ڕەتکردەوە و لێدوانەکانی ترەمپی بە هەوڵێک بۆ کاتکڕین و دابەزاندنی نرخی وزە ناوبرد.

بەرپرسە ئێرانییەکە ئەوەشی پشتڕاست کردەوە کە دەستپێشخەرییەک لەلایەن وڵاتانی ناوچەکەوە هەیە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان بەڵام ئەوان جەنگەکەیان دەست پێ نەکردووە و دەبێت داواکارییەکان ئاراستەی ئەمریکا بکرێن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP