دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

بۆکان؛ چوار برا دەستگیرکران و چارەنوسیان نادیارە

هەرێم نیوز

ڕێخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، سەرەڕای تێپەڕبوونی چەندین مانگ بەسەر دەستبەسەرکردنی چوار برای خەڵکی شاری بۆکان، تا ئێستا چارەنووسیان بە نادیاری ماوەتەوە و دەزگا دادوەرییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕێگری لە ئازادکردنیان دەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەو چوار برایە بریتین لە (ڕەسووڵ، ناسر تەمەن ٣٨ ساڵ، مووسا تەمەن ٢٦ ساڵ و حەمزە یادیار تەمەن ٢٥ ساڵ). سەرەڕای ئەوەی ماوەی یاساییی دەستبەسەرکردنی کاتییان لە ڕێکەوتی ١٥ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥ کۆتایی پێهاتووە، بەڵام بە فەرمانی ڕاستەوخۆی عەلی زاهیدی، دادوەری گشتیی بۆکان، هێشتا لە زیندان هێڵدراونەتەوە و ڕێگری لە ئازادبوونیان دەکرێت.

سەرچاوە ئاگادارەکان جەخت دەکەنەوە کە قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەم هاووڵاتییانە کۆتایی هاتووە، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکان بە ئەنقەست دۆسێکەیان بە هەڵپەسێردراوی هێشتووەتەوە. ئەم چوار برایە کە هەموویان سەرپەرشتیاری خێزانن، جگە لە دەستبەسەرکردنیان، ڕووبەڕووی جۆرێکی تری فشار بوونەتەوە:

• زەوتکردنی دارایی: هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلە تایبەتەکانی ئەم بنەماڵەیەدا گرتووە.
• بێئاکامیی بەدواداچوونەکان: هەوڵە بەردەوامەکانی بنەماڵەی یادیار بۆ دیاریکردنی چارەنووسی ڕۆڵەکانیان و وەرگرتنەوەی داراییەکانیان تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی نەبووە
دەستبەسەرکردنی ئەم چوار برایە لە دوو کاتی جیاواز و بە شێوەیەکی توندوتیژانە ئەنجامدراوە:

1. ڕەسووڵ یادیار: یەکەم کەسی خێزانەکە بووە کە لە ٢٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ ئورمیە.
2. ناسر، مووسا و حەمزە یادیار: لە ١١ی شوباتی ٢٠٢٦ (٢٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥) لە گوندەکانی "قەرەموساڵی" و "داشبەند" بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و بە پەنابردن بۆ توندوتیژی دەستبەسەر کراون.

تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر ئەو تۆمەتانە نییە کە ئاراستەی ئەم چوار برایە کراوە، ئەمەش نیگەرانییەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی لەسەر سەلامەتیی گیانییان زیاتر کردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP