هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ گۆڤاری "ئاتلانتیک" ڕایگەیاند، کە ڕێبەرایەتیی نوێی ئێران خواستی خۆی بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ دەربڕیوە و ئەویش ڕەزامەندیی نیشانداوە کە لەگەڵیان دانیشێت و دانوستان بکات.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئێرانییەکان دەیانەوێت گفتوگۆ بکەن و ئەویش هاوڕایە لەسەر ئەو بابەتە، بەڵام جەختی کردەوە کە هێشتا کاتێکی دیاریکراو بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکان لەبەر دەستدا نییە.
سەرۆکی ئەمریکا هۆکاری نادیاریی کاتی گفتوگۆکانی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە ژمارەیەک لەو بەرپرسە ئێرانییانەی لە هەفتەکانی ڕابردوودا ڕۆڵیان لە پرۆسەی دانوستانەکاندا هەبووە، لە ئەنجامی هێرشەکاندا گیانیان لەدەستداوە. ئەمەش وای کردووە کە لایەنی ئێرانی پێویستی بە کات بێت بۆ ڕێکخستنەوەی تیمە دیپلۆماسییەکانی.