دواین هەواڵ

جیهان‌

 11 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزیری بەرگری و سوپاسالاری ئێران کوژران؛

هەرێم نیوز

میدیاکانی ئێران کوژرانی وەزیری بەرگری، سوپاسالار و سەرۆکی هەواڵگریی پۆلیسی وڵاتەکەیان لە هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیلدا پشتڕاست دەکەنەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 1ی ئاداری 2026، میدیا فەرمییەکانی ناوخۆی ئێران هەواڵی کوژرانی چەندین گەورە بەرپرسی باڵای سەربازی و ئەمنییان ڕاگەیاند.

ئاژانسی هەواڵی "فارس" بڵاوی کردەوە کە غوڵامڕەزا ڕەزائیان، سەرۆکی ڕێکخراوی هەواڵگریی فەرماندەیی پۆلیسی ئێران (فەراجا) لە هێرشەکاندا کوژراوە.

لە لایەکی دیکەوە، تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران پشتڕاستی کردەوە کە عەزیز ناسرزادە، وەزیری بەرگری و عەبدولڕەحیم مووسەوی، سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکان (سوپاسالار) کوژراون.

تەلەڤیزیۆنەکە ئاشکرای کرد کە ئەو فەرماندە باڵایانە لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی بەرگریدا بوون، کە ڕاستەوخۆ کراونەتە ئامانجی هێرشێکی ئاسمانی.

هاوکات سوپای ئیسرائیل چەندین دیمەنی ڤیدیۆیی هێرشەکانی بڵاوکردەوە کە تێیدا خاپوورکردنی چەندین ئامانجی هەستیار لە ناوخۆی ئێران پیشان دەدات.

لە ڤیدیۆکاندا بە ڕوونی دەردەکەوێت کە بارەگایەکی فەرماندەییی ڕژێم لە جەرگەی تاران و هەروەها گۆڕەپانی سوپای پاسداران بەتەواوی خاپوور کراون.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP