هەرێم نیوز
سەرچاوەکانی رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە سووریا ئاشکرایان کرد، کە رێککەوتنێکی بەرایی لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی کاتی سووریا لە ئارادایە.
ئەم ڕێککەوتنە زنجیرەیەک لێکتێگەیشتنی سەربازی، ئەمنی و ئیداری لەخۆدەگرێت کە پەیوەندییان بە داهاتووی ناوچە زۆرینە کوردییەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاوە هەیە.
بەپێی سەرچاوەکان، بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە بریتین لە:
ڕێککەوتنە سەربازییەکان و کشانەوەی هێزەکان:
هێزەکانی سەر بە حکومەتی کاتی لە شاری شەدادی دەکشێنەوە و سوپای سووریا ناچێتە ناو ناوچە کوردییەکان، هاوکات هێزەکان دەگەڕێنەوە بۆ ئەو سەربازگانەی لێی کشابوونەوە.
لە بەرامبەردا، هێزەکانی سووریای دیموکرات دەچنە سەر وەزارەتی بەرگری سووریا لە چوارچێوەی دوو لیوادا کە بە قۆناغ تێکەڵ دەکرێن، بە جۆرێک کە ڕەچاوی تایبەتمەندی و پێکهاتەی ڕێکخراوەیی هەسەدە بکرێت. هەروەها هەسەدە لیستێکی 20 بۆ 25 هەزار شەڕڤانی ئامادە کردووە بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لە سوپا.
ئاسایشی ناوخۆ و دەروازە سنوورییەکان:
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایش) ئەرکی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری ناوخۆی ناوچە کوردییەکانیان پێ دەسپێردرێت. سەبارەت بە دەروازە سنوورییەکان، تا ئێستا ڕێککەوتن لەسەر دەروازەی سێمێلکا کراوە، کە لەگەڵ فڕۆکەخانە و سنوورەکان بە شێوەی هاوبەش لە نێوان هەردوو لادا بەڕێوەدەبرێن.
بەڕێوەبردنی ئیداری و مەدەنی:
بڕیار وایە پارێزگار و چەندین کەسایەتی لە ناو وەزارەتەکاندا لەو ناوانە دیاری بکرێن کە لەلایەن "بەڕێوەبەری خۆسەر"ـەوە پێشنیار کراون. جگە لەوەش، لە شارەکانی سەرێ کانی و عەفرین ئەنجومەنی خۆجێی لە خەڵکی ناوچەکە پێکدەهێنرێت بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری خزمەتگوزاری و ئیداری، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ ڕێکخستنی دۆخی ناوخۆ و بەهێزکردنی بەشداریی کۆمەڵگەیی دەبینرێت.
ئەم ڕێککەوتنە چاوەڕوانکراوە دوای ئەوە دێت کە هێزەکانی حکومەتی کاتی دەستیان بەسەر ڕووبەرێکی فراوانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و چەندین دامەزراوەی گرنگ و زینداندا گرتبوو، ئەمەش ڕێگەی بۆ کردنەوەی کەناڵەکانی وتووێژ لە نێوان هەردوو لادا خۆش کرد.