دواین هەواڵ

کوردستان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

ئۆجەلان: دەبێت دیاردەی كورد لە یاساكانی توركیادا جێگیر بكرێت

هەرێم نیوز

عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان رێبه‌ری زیندانیكراوی په‌كه‌كه‌ رایدەگەیەنێت، ده‌بێت ده‌رباره‌ی كورد له‌ هه‌موو ڕویه‌كه‌وه‌ تێكه‌ڵی به‌ یاساییبونی كۆمار بكرێت و بۆئه‌مه‌ش ده‌بێت پرۆسه‌یه‌كی ڕاگوزه‌ری به‌هێز به‌ بنه‌ما بگیرێت و ده‌شڵێت، "گواستنه‌وه‌ بۆ یاسایی، وه‌ك دیارده‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه‌ ده‌بێته‌ هۆی پته‌وكردنی بناغه‌ یاساییه‌كانی كۆماری دیموكراتیك".

ڕۆژی ڕابردوو شاندی ئیمراڵی پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان (دەم پارتی) لە دوورگەی ئیمراڵی دیدارێكی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان ئەنجام دا، شاندەكە پێكهاتبوون لە "پەروین بوڵدان، مەدحەت سانجار و فایەق ئۆزگور ئەرۆل".

لە راگەیەنراوەكەیاندا هاتووە: "دوێنێ سێی تشرینی دووەم لە ئیمراڵی، دیدارێكی یەكجار ئەرێنیمان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان كرد كە نزیكەی سێ سەعاتی خایاند. تەندروستی و ورەی زۆر بەرز بوو."

بەگوێرەی راگەیەنراوەكە، ئۆجەلان بە شاندەكەی راگەیاندووە: "بۆ پێشخستنی ئەو قۆناغەی تێیداین، پێویستە زیاتر مێژوو و كۆمەڵناسی بە هەند وەربگرین. گرنگە ئەوە دەستنیشان بكرێت كە پێوەندیی كورد و تورك وەك دوو كۆڵەكەی هەزار ساڵە گەیشتووەتە ئەمڕۆ.

باسی لەوەش كردووە، پێویستە بە بینین، تێگەیشتن و نۆژەنكردنەوەی ئەم كۆڵەكانە، پێكەوەژیان بەهێز بكرێت. پێویستە بە دروستكردنی ئاسۆیەكی وا كە كێشە هەنووكەییەكانیشمان لەخۆ بگرێت بجووڵێینەوە.".

دەم پارتی ئاماژەی بە بەشێكی تری قسەی ئۆجەلان كردووە كە گوتوویەتی: ئێمە لە هەلومەرجێكی كورت و سنوورداردا، بۆ بابەتێكی مێژوویی لەناو هەوڵێكی رژداین، هەوڵ دەدەین ئاستێكی ئەرێنی دروست بكەین، نەك ئاستێكی نەرێنی و وێرانكەر. دیاردەی كورد دەبێت بە هەموو شێوەیەك لە یاساكانی كۆماردا جێگیر بكرێت، بۆ ئەمەش پرۆسەیەكی ڕاگوزەری بەهێز دابنرێت. گواستنەوە لەناو یاساییبووندا وەك دیاردەیەكی گشتگیر، دەبێتە هۆی پتەوكردنی بناغە یاساییەكانی كۆماری دیموكرات.

ئۆجەلان گوتوویەتی، دەرفەتەكانی ئەنتیگراسیۆنی دیموكراتیك كە ئەمڕۆ لە ڕووی سەردەمەوە لە بەردەمماندایە، هەم هەرێمییە و هەم جیهانییە. بۆ ئەوەی بتوانین بەرەو ئاستێكی ئەرێنی هەنگاو بنێین، زۆر گرنگە هەمووان لەم پرۆسەیەدا بە هەستیاری و رژدی تێگەیشتنێكی بەرپرسیارانەوە مامەڵە بكەن.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP