هەرێم نیوز
وەزارەتی ناوخی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەو هەواڵانەی باس لەوە دەکەن کە حکومەتی فیدراڵ قەرەبووی ئەو هاووڵاتیانە دەکاتەوە کە بە هۆی سیاسەتەکانی رژێمی بەعس ئاوارەبوون، دوورە لە ڕاستییەوە.
وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، ماوەیەکە دەنگۆی ناڕاست بڵاو دەکرێتەوە کە حکومەتی فیدراڵ/وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران قەرەبووی ئەو هاووڵاتیانە دەکاتەوە کە بە هۆی سیاسەتەکانی رژێمی بەعس بە تایبەت لە دوای ڕێکەوتنامەی شوومی جەزائیر لە ساڵی ١٩٧٥ ئاوارەی وڵاتانی ئێران و تورکیا و سوریا بوون و لە دوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی گەلەکەمان لە ١٩٩١ گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان.
وەزارەتەکە ئاشکرای دەکات: سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان/ وەزارەتی ناوخۆ هەوڵی زۆری داوە بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا، حکومەتی فیدراڵ بەرپرسیارێتیی خۆی بەرامبەر بەو خانەوادە بەڕێزانە جێبەجێ بکات، تا نوسینی ئەم روونکردنەوەیە هیچ وەڵامێکی فەرمی لە لایەن حکومەتی فیدڕاڵی پێمان نەدراوە و کۆی ئەو هەواڵانەی لە ئێستادا بڵاو دەکرێنەوە دوورن لە ڕاستی.
ئاگاداری ئەوەش بە هاوڵاتییان دەددات: نەکەونە بەر لێشاوی پرووپاگەندەی هەڵبژاردن بۆ بەرژەوەندیی چەند کەس و لایەنێک. دڵنیاتان دەکەین کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئەرک و بەرپرسیارەتیی خۆی هەڵدەستێ و تا بەدەستهێنانی مافەکانتان بە تایبەت مافی قەرەبووکردنەوەی ئاوارە گەڕاوەکان بۆ نیشتیمان، بەردەوام دەبێت و هەر زانیاری و هەنگاوێکی فەرمی هەبێت، لە سەرچاوەی فەرمییەوە پێتان رادەگەیەندرێت.