دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

زانکۆلاین بۆ ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى هەرێم کارا کرا

هەرێم نیوز

وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم، بڵاویکردوەتەوە، لە کاتژمێر 12ی نوەرۆی ئەمرۆوە زانکۆلاین بۆ دەرچوانی  ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى هەرێم (کەرکوک، خانەقین، شەنگال) کارا دەکرێت و  دەتوانن خۆیان تۆمار بکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی رایگەیاند؛ دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان (کەرکوک - شەنگال - خانەقین)   لە کاتژمێر 12ی نیوەڕۆوە، دەتوانن لە هەمان سایتی زانکۆلاین (regayzanko.com) داواکارییەکانیان بۆ وەرگرتن لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان پێشکەش بکەن.

عەباس ئەکرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئاماژەی بەوەکردوە؛ سەرجەم دەرچوانی خوێندنگە کوردییەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان ئەوانەی ناویان لە نوسینگەی کەرکوکی وەزارەتەکەیان تۆمارکردوە، لە کاتژمێر 12ی ئەمرۆوە هاوشێوەی دەرچوانی هەرێمی کوردستان دەتوانن داواکاری لەڕێگەی زانکۆلاین بۆ وەرگرتنیان لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان پێشکەش بکەن.

بۆ هەر کێشەو گرفتێک سەبارەت بە پرۆسەکە دەرچوان دەتوانن سەردانی نوسینگەی کەرکوکی وەزارەتەکەیان بکەن و ئاسانکاری و رێنوێنیان پێشکەش دەکرێ، ئەمە قسەی  وتەبێژەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمە.

ناوبراو ئەوەشی خستوەتەڕوو؛ ساڵانە لەگەڵ دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی هەرێمی کوردستان، دەرچوانی خوێندنگە کوردییەکانی ناوچە کوردستانییەکان دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش بەهەمان مەرج و پێوەرەکانی وەرگرتنی خوێندکارانی کوردستان لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP