هەرێم نیوز
وەزیری کارەبا و هاوکات سامانە سروشتیەکان رایگەیاند، هەرێمی کوردستان زیاتر لە پێنج ملیۆن بەرمیل نەوتی رادەستی سۆمۆ کردووە، لەبارەی توانای بەرهەمهێنانی کارەبا وتی، ژێرخانی کارەبای هەرێمی کوردستان توانای بەرهەمهێنانی 8,200 مێگاواتی هەیە.
کەمال محەمەد، وەزیری کارەبا و سامانە سروشتییەکانی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تائێستا زیاتر لە پێنج ملیۆن بەرمیل نەوتیان رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ کردووە.
کەمال محەمەد وتیشی، "ژێرخانی کارەبای هەرێمی کوردستان توانای بەرهەمهێنانی 8,200 مێگاواتی هەیە، بەڵام هەمووی کار ناکات، هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە هەندێک لە وێستگەکان کارۆئاویی وەک وێستگەی دوکان کە تواناکەی 400 مێگاواتە، بەڵام بهردهوام ئەوەندە بەرهەم ناهێنێت".
لەبارەی خواستی کارەبا لە هەرێم ناوبراو روونیکردەوە، "ئێستا خواستی هەرێمی کوردستان لەسەر کارەبا نزیکەی 3,500 مێگاواتە".
کەمال محەمەد لەبارەی کارەبای 24 کاتژمێری وتی، "تاوەکو ئێستا نزیکەی 55%ـی هاوبەشانی کارەبا، کارەبای 24 کاتژمێرییان هەیە".
وتیشی، "لە داهاتوویەکی نزیکدا، ئیدارە سەربەخۆکانی زاخۆ، سۆران و راپەڕینیش کارەبای 24 کاتژمێرییان پێدەگات، کە بە تێکڕایی دەگاتە چوار ملیۆن و 500 هەزار هاوبەش، هاوکات ئامانجی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە تا کۆتایی ساڵی 2026، کارەبای 24 کاتژمێری بۆ سەرانسەری هەرێمی کوردستان دابین بکرێت".