هەرێم نیوز
وەزارەتى خوێندنى باڵای حكومهتی ههرێمی كوردستان ئەنجامى وەرگرتنى دەرچوانى قوتابخانە نێودەوڵەتییەکانی بڵاوكردهوه و 344 دەرچوى قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆکانى کوردستان وەرگیران.
وەزارەتى خوێندنى باڵای حكومهتی ههرێمی كوردستان له ڕاگهیهندراوێكدا باسی لهوهكردوه، ئەمڕۆ یەکشەممە ئەنجامى وەرگرتنى دەرچوانى قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان بۆ ساڵى خوێندنى (2025-2026) کە ژمارەیان (344) دەرچوە لە زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستانە بڵاوكردهوه و 344 دەرچوى قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆکانى کوردستان وەرگیران.
بۆ وەرگرتنەوەی ئەنجامەکان دەرچوانى قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان لە ئێستاوە دەتوانن بە یوزەرنەیم و پاسۆردەکانیان لە ڕێگەى وێبسایتى (regayzanko.com) ئەنجامى وەرگرتنیان لە زانکۆکانى کوردستان وەربگرنەوە.
14ی ئهم مانگه، وهزارهتی خوێندنی باڵا ئەنجامى وەرگرتنى قوتابیان و خوێندکارانى لە زانکۆ و پەیمانگە حکومیەکان ئاشکرا کرد، لەو چوارچێوەیەدا، د.ئارام محەمەد وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگهیاند، هاوشێوەى شەش ساڵى ڕابردو؛ ئەمساڵیش سەرجەم دەرچوانى پۆلى دوانزە لە زانکۆ و پەیمانگە حکومیەکان وەرگیران.
د.خەتاب ئەحمەد، بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلان و بەدواداچون لە وەزارەتى خوێندنى باڵا ڕایگهیاند، "پلانى گشتى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ ساڵى خوێندنى (2025-2026) بریتى بو لە (65476)، هاوکات کۆى گشتى ژمارەى دەرچوانى پۆلى دوانزەى ئامادەیی بریتى بو لە (57980) دەرچو، لەو ژمارەیەدا (54278)دەرچویان فۆرمى زانکۆلاینیان پڕکردەوە، هاوکات (45717) پێشکەشکار لە دەرچووانی ساڵی (2025) فۆرمیان پڕکردەوە، لەگەڵ (8561) پێشکەشکار لەدەرچووانی ساڵانی ڕابردو".
ئاماژهی بهوهشكرد، کۆى پێشکەشکاران ژمارەیان گەیشتە (54278) قوتابى و خوێندکار، لە ئەنجامدا (51726)یان وەرگیران، بەشێوەیەک وەرگیراوی دەرچوانی ئەمساڵ بریتى لە (45043) و، وەرگیراوانی ساڵانی ڕابردوش بریتیە لە (6682) پێشکەشکار، بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلان و بەدواداچون ئەوەشى ڕاگەیاند لە ئێستادا (14731) کورسى خوێندن بە بەتاڵى ماوەتەوە.